نوێترین

recent

25/10/2016

پاسەوانە تایبەتەکەی قوسەی لەکەرکوک دەستگیرکرا


لەسنوری پارێزگای کەرکوک سێ تیرۆریستی داعش دەستگیرکران کە یەکێکیان سەرکردەیەکی باڵای ئەو گروپە تیرۆریستیەیەو پێشتریش پاسەوانی تایبەتی یەکێک لەکوڕەکانی سەدام حسێن بوە، بەرپرسێکی ئەمنیش زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە ئاشکرادەکات.

عەقید کاوە غەریب بەڕێوەبەری پۆلیسی داقوق لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ ٢٥ تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ لەسەر زانیاری وردو دوای بەدواداچون، لەگەڕەکی نەسری قەزای داقوق، گەورە سەرکردەیەکی داعش و دوو چەکداری دیکە دەستگیرکراون کە بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیشیان پێبوە".

وتیشی:"ئەو گەورە سەرکردەیەی داعش ناوی (ن. ح. ع)ەو کۆلێژی سەربازیی تەواوکردوەو لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا ئەفسەرو پاسەوانی تایبەتی قوسەی سەدام حسێن بوەو لەدەزگای ئاسایشی تایبەتی ڕژێمیش ڕوخاوی بەعسیش کاربەدەستبوە".

عەقید کاوە غەریب زیاتر لەبارەی ئەو سەرکردەیەی داعش کە دەستگیرکراوە وتی:"ھاوسەری ئەو تیرۆریستە خزمی نزیکی سەدام حسێنە".

بەرپرسەکەی پۆلیس ئەوەشی ڕونکردەوە، "لەناو خێزانی ئەو گەورە تیرۆریستەی دەستگیرکراون نۆ برا ھەیە، پێشتریش لەڕیزی ڕێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە چەکیان ھەڵگرتوەو دواتر چونەتە ڕیزی گروپی تیرۆریستی داعش و سەرجەمیان بەرپرسیارێتی گەورەیان لەناوچەکانی حەویجەو ڕیازو ڕەشاد ھەیە".

ئەفسەرەکەی پۆلیس باسی لەوەشکرد، "ئەوکەسەی دەستگیرکراوە بۆخۆیشی ئامۆزای سەدام حاجی حسێنە کە خەڵکی داقوقەو کەسێکی مەترسیداری داعشەو دەستی لەڕژانی خوێنی دەیان ئەفسەرو کارمەندی دەزگا ئەمنییەکاندا ھەبوە".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085