نوێترین

recent

28/10/2016

"مەلا بەختیار شایانی وەڵامدانەوە نییە"



پەرلەمانتارێكی گۆڕان داوا لەبزووتنەوەكەی دەكات، وەڵامی مەلا بەختیار كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان نەداتەوە و لێدوانی ناوبراو لە بارەی پەرلەمان و سەرۆكی پەرلەمان بە ئاست نزم ناودەبات.

هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان نوسیویەتی: "مەلا بەختیار شایانی وەڵامدانەوە نییە، ئەو لەئەساسدا بۆ ئەوە بەم لۆجیكە هەزەلییە دەدوێت، تاوەڵام بدرێتەوە، كەسێك ڕۆشنبیری سیاسی ئەوەندە نزمبێت‌و پێییوابێت هەموو حیزبە پێشكەوتووەكانی دنیا مەكتەبی سیاسیان هەیەو ئەوانیش لەپەرلەمان ژوریان هەیەو تا ئەوان بڕیارنەدەن پەرلەمانتار ناتوانێت بڕیار بدات، كەی شایستەی ئەوەیە لەگەڵیدا بكەویتە بەرخورد؟".

ئەم داواكارییە لەكاتێكدایە، دوای ئەوەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەمیانی دیداری میری رەخنەی لەسیاسەتی حیزبەكان‌و سەرۆكی پەرلەمان گرت، بەوەی دۆخی هەرێمیان بەمڕۆ گەیاندووە، بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند "بەم نزیكانە وەڵامی قسە بێبنەماكانی مەلا بەختیار دەدەنەوە".

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان هەروەها دەڵێت: "ئەوانەی لەغیابی نەوشیروان مستەفادا گۆڕان بەڕێوەدەبەن، لەبری وەڵامی ئەو دەنگانەی، كە خەریكی تەمەلوقن بۆ بارزانی‌و پارتی، حەقە وەڵامی هەڵسوڕاوەكانیان بدەنەوە لەسەر هەڵوێستی بزووتنەوەكە لەسەر دۆخی هەرێم بەگشتی‌و سلێمانی بەتایبەتی ، وەڵامی ئەوە بدەنەوە میدیای گۆڕان تاكەی ئاوا ئاراستە دەكرێت؟ وەڵامی ئەوەی گۆڕان كەی دەبێتەوە بەخۆی‌و لەم سڕبوونە دەردەچێت‌و دێتە دەنگ‌و دەبێتەوە هێزە كاریگەرەكەی جاران".

هۆشیار عەبدوڵڵا جەختیشیكردووەتەوە، "شتێك شایستەی وەڵامبێت نیگەرانی هەڵسوڕاو و دەنگدەرانی گۆڕانە لەهەڵوێستی بزووتنەوەكەیان نەك ئەو دەنگە نەشازانەی، كە لەئەساسدا بەهۆی بێدەنگی گۆڕانەوە جورئەتی ئەوەیان تێدا دروستبووەتەوە هەر ڕۆژەو لەئاوازێك بخوێنن".

مەلا بەختیار لەوتارەكەیدا رایگەیاند "یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان لەپشكی گۆڕان بەگوێی حیزبەكانی نەكردووە، بۆیە پەرلەمان پەكخراوە".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085