
سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە بۆئەوەدەکات لە هەموو سەردانەكانی بۆ دەرەوە، پرسی سەربەخۆیی گرنگترین خاڵی دیدارەكان و لە هەموو كۆبوونەوەكانیشدا تەوەری سەرەكی بووە.
مەسعود بارزانی ، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە میدیاکانی حیزبەکەی ڕاگەیاندوە"ئەگەر دڵنیانەبم لەوەی پرۆسەكە سەردەگرێت، ئەوا من موجازەفە ناكەم".
مەسعود بارزانی ئەوەشی نەشاردۆتەوە كە هەڵوێستی بەغدا لە جاران باشترە لە بارەی ئەوەی ببن بە دوو دراوسێی باش ، ئەمەش دوای سەردانێكی وەفدی یەكێتی دێت بۆ شاری بەغداد دێت کەپاش گەڕانەوەیان لە بەغداد مەلابەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێریی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەییدا ئاشكرایكرد كە عەبادی وتویەتی ئەگەر سەربەخۆییتاندەوێت فەرمون وەرنە بەغداد و پشتیوانیتان دەكەین .
بارزانی، لە بارەی دژایەتیكردنی دەوڵەتی كوردی رایگەیاندوە كە"تا ئێستا هیچ وڵاتێك دژی سەربەخۆیی كوردستان نییە،.، بەڵام پیشتر مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێریی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوەشی ئاشكراكرد كە 28 دەوڵەت دژیی سەربەخۆیی كوردن و یەكێتیش بەڵگەكەی لایە.
باس نەكردنی پرسی سەربەخۆیی لەم سەردانەی بارزانی بۆ پاریس لە كاتێكدایە كە پێشتر لە ئۆرگانێكی باڵای پارتییەوە داوا لە كەناڵەكانی پارتی و نزیك لە پارتی كرا كە لە ڕووماڵی سەردانەكەی بارزانیدا بۆ پاریس باسی پرسی دەوڵەتی كوردی نەكەن.
سەرچاوەیەكی ئاگادار ئەوەی راشكراكردبوو كە"كەناڵەكانی پارتی و نزیك لە پارتی ئاگەدار كراونەتەوە كە بارزانی لە كاتی سەردانەكەیدا بۆ پاریس بە هیچ شێوەیەك باسی پرسی دەوڵەتی كوردی ناكات و بەشێك نابێت لە تەوەرەی باسەكانی لەگەڵ بەرپرسانی فەرەنسادا، بۆیە نابێت كەناڵەكان لە كاتی ڕووماڵی سەردانەكەی بارزانیدا بۆ پاریس باسی پرسی دەوڵەتی كوردی بكەن، بۆ ئەوەی هیچ ئیحراجییەك درووست نەبێت".