

ن/ عومەر کەریم
برایەکی ئازیز بەسەرهاتێکی بۆ گێڕامەوە و ووتی
( لە سەرده مێک دا هاوڕێيه کمان هەبوو لەگەڵ دڵسۆزی دا بەڵام کەمێک شلۆق بوو، هەمیشە دەیوت من بە منداڵی لە سەربان بەربومەتەوە و هیچیشم لێ نەهاتوە )
کاتێک لە پانتایی سیاسی کوردستان دەڕوانیت کە سێ شارین و ئەتوانین بڵێین فه وزامان هەیە نەک سیاسەت و کەس لەگەڵ کەس تەبانیيە.
کە لە ڕاگەیاندنەکان ورد دەبیتەوە جگە لە جۆش دان و فری و دان و گێلاندن و چاندنی ڕق شتێکی تر ناچنیتەوە .
کە سەیری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دەکەیت زۆرینەمان پێویستمان بە جلی سەربازیيە.
کە لە ژیانی کۆمەڵایەتی دەڕوانیت لە هیچ شوێنيک حەز بەیاسا ناکەین
هیچ گرنگی بە ژینگە نادەین
زۆرین ئەوانەی چاومان بەیەک هەڵنایەت
خاک بە خاکی خۆمان نازانین
زۆربەمان ئامراز و پێداویستی شەڕمان پێیە
وێستگەی پاسەکان دەشکێنین دار و گوڵی سەر شەقامەکان دەشکێنین
ژمارەی کۆڵان و گەڕەکەکان لێ دەکەینەوە
لە بەردەم مەکتەبی کچان ئەوەستین یان بە ماشێنەوە فڕە لێ ئه دەین
لە فەیسبوک کوڕ خۆی دەکات بە کچ ، کچ
خۆی دەکات بە کوڕ
ووشەی باشە بە زارماندا نایەت
ڕێنمایی هاتووچۆ قێزەون ترین شتە لامان
لە سەر شۆستەکان دەخۆینەوە و شوشەکان هەر لەویا ورد و خاش دەکەین و دواتر بە سەر گەرمی دەست دەکەین بە کێ بڕکێی ئۆتۆمبێل.
زۆرینەی ڕەهامان قەرزداری کامێرەی هاتووچۆین
تەلەفۆنە گشتیەکان دەشکێنین
برغوو زەمبەلەکی کورسی پارکەکان لى دەکەینەوە
هێمای هاتووچۆ و تابلۆی گەڕەکەکان دەشێوێنین یان دەیان گۆڕین
ئۆڤەری پەیوەندیەکانمان لە۱۲ی شەو بۆ ۸ ی بەیانی بێ بەرامبەرە
نە مافی مرۆڤ بە هایەکی هەیە و نە مافی ئاژەڵ لە لامان
کۆکتێلێکمان دروست کردوە لە دین و دونیا بێ وێنە و بێ هاوتاین،
زۆر شتی تر و زیاتر لەمانەش.
دەبێت ئێمەش زۆربەمان بە منداڵی لە سەربان بەرنەبووبێتینەوە و هیچمان لێ نەهاتبێت؟!