

تۆڕی میدیایی ڕووداوی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی ھەواڵێکی کۆبوونەوەی نێوان بارزانی و ئۆلاند پۆزش دەھێنێتەوە و دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا باسی سەربەخۆیی کوردستان نەکراوە.
شەوی ڕابردوو تۆڕی میدیایی ڕووداوی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان، لەکاتی ڕووماڵکردنی ھەواڵی کۆبوونەوەکانی بارزانی لە فەرەنسا ڕایگەیاندبوو، لە کۆبوونەوەی نێوان بارزانی فرانسوا ئۆلاندی سەرۆکی فەرەنسا، باس لە کاتی سەربەخۆیی کوردستان کراوە و ئۆلاند وتوویەتی، ئێمە پشتگیری سەربەخۆیی کوردستانین و ئێوە کاتەکەێ دیاری بکەن، ئێمە پشتگیریتان دەکەین.
بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ تۆڕی میدیایی ڕووداو سەبارەت بەو ھەواڵە پۆزشی ھێنایەوە و دەڵێت: "ئەو بابەتە لە ئەنجامی ھەڵە گواستنەوەی ھەواڵەکە لە لایەن پەیامنێرەکەیانەوە دروست بووە و لە کۆبوونەوەی نێوان بارزانی و ھۆلاند باس لەو بابەتە نەکراوە. بۆیە داوای لێبوردن لە بینەران و بیسەران و خوێنەرانی رووداو دەکەین."
ئەوەی جێگای سەرنجە، رووداو پۆزشەکەی تەنھا لە بەشی ئینگلیزیی ماڵپەڕەکەی داناوە لە کاتێکدا ھەواڵەکەی بەھەر سێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بڵاوکردبۆوە.
