
بەپێی نووسراوێكی ئاگاداركردنەوە كە لەلایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی كوردستانەوە دەركراوە، هەر فەرمانبەرێكی سنووری پارێزگای هەولێر، تا ٢٧ـی ئەم مانگە هەژماری بانكیی لە پرۆژەی (هەژماری من) نەكردبێتەوە، لە دوای ئەو ڕێكەوتە ناتوانێت مووچە وەربگرێت. وەزیرى دارایى ئەو فەرمانبەرانى کە بەشدارییان لە هەژمارى من نەکردووە، بە "کەمتەرخەم" ناو دەبات.
نووسراوەكە كە وێنەیەكی دەست پەرەگراف كەوتووە، ڕۆژی ٢٨-٠٤-٢٠٢٥ بە ژمارە ١٦٢ لە نووسینگەی وەزیری داراییەوە بە واژووی ئاوات شێخ جەناب، ئاراستەی سەرجەم یەكە ژمێریارییەكانی سەر بە پارێزگای هەولێر كراوە، سەرجەم فەرمانبەرانى شارستانى و دامودەزگاکانى حکومەت ئاگادار دەکاتەوە کە "ڕۆژى ٢٧-٠٥-٢٠٢٥ دوایین وادەیە بۆ دابەشکردنى مووچە بە شێوەى نەختینە".
دوو خاڵ وەکوو هۆشدارى لە نووسراوەکەدا هاتووە کە لە خاڵی یەكەمدا دەڵێت "ئەو فەرمانبەرانەی تا ئێستا فۆڕمی (هەژماری من)یان پڕ نەكردووەتەوە، زانیاری و بەڵگەنامەی پێویستیان پێشكەش نەكردووە بۆ ئەوەی هەژماری بانكییان بۆ بكرێتەوە، لە دوای ئەو بەروارە ناتوانن مووچە وەربگرن".
خاڵی دووەمی نووسراوەكە دەڵێت "هەموو ئەو فەرمانبەرانەی هەژماری بانكییان كردووەتەوە، بەڵام كارتی بانكییەكانیان وەرنەگرتووەتەوە، كە ئەمەش وای كردووە نەتوانرێت مووچەكانیان بە دیجیتاڵی وەربگرن، پێویستە تا ٢٧-٠٥-٢٠٢٥ كارتەكانیان وەربگرنەوە".
وەزیرى دارایى ئەم ڕێکارانەى بە "بەشێک لە هەوڵەکانى حکومەتى هەرێم و وەزارەتى دارایى بۆ هاوکاریکردن لە گواستنەوەى هەرێمى کوردستان بۆ سیستەمى مووچەدانى دیجیتاڵى" ناو دەبات. دەشڵێت "ئەمە دوایین ئاگادارکردنەوەیە بۆ ئەو فەرمانبەرانەى کە تا ئێستا کەمتەرخەم بوون لە بەشداریکردن لە پرۆژەى هەژمارى من، بە پێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیار دەبن".
بەپێى نووسراوەکەى ئاوات شێخ جەناب، لە سنوورى پارێزگاى هەولێر نزیکەى ١٦٣ هەزار فەرمانبەر خاوەنى هەژمارى بانکین و بە شێوەى دیجیتاڵى مووچە وەردەگرن، تەنیا ٤٥٠٠ فەرمانبەر کە دەکاتە ٣%ـى کۆى گشتیى فەرمانبەران، مووچەکانیان بە دیجیتاڵى نەکراوە، لەو ژمارەیەش ٢١٠٠ فەرمانبەریان خۆیان لە هەژمارى من تۆمار کردووە، بەڵام کارتى بانکییان وەرنەگرتووەتەوە، ٢٤٠٠ فەرمانبەرەکەى دیکە فۆڕمى هەژمارى منیان پڕ نەکردووەتەوە.