

بڕیار بوو ئەمڕۆ خۆپێشاندانێكی فراوان لەشاری هەولێر بەڕێوەبچێت، لەلایەن 300 رێكخراوی كۆمەڵگای مەدەنی ، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەولێر، رێگە بەم خۆپێشاندانە نەدرا و هێزی زۆر بڵاوەی پێكرا.
سامان حسێن، ئەندامی گروپی ئاشتەوایی سیاسی، بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ رۆژی ئاشتی جیهانیەو ئەوانیش پەیامێكی ئاشتەواییان پێ بووە بۆ لایەنە سیاسییەكان ، پەیامەكەش بەنیازبوون لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان رایبگەیەنن، بەڵام رێگە بەخۆپێشاندانەكەمان نەدرا.
لای خۆشیەوە شوان قەڵادزێی سەرۆكی فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەوان چاوەڕوانی هاتنی نوێنەری ئەو 300 رێكخراوە بوون، چونكە سەرۆكی فراكسیۆنەكانیشیان بانگهێشت كردبوو، بەڵام لەلایەن بازگەی هەولێر لەنزیك پردێ رێگە بەهاتنی نوێنەرانی ئەو رێكخراوانە نەدرا.
وتیشی، نوێنەرانی ئەو رێكخراوانە 21 كەس بوون لەسنوری سلێمانی هاتبوون، ئەوان دەیانەویست جوڵەیەك بكەن بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكان بچنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، بۆیە بەهۆی رێگری هێزە ئەمنییەكانەوە خۆپێشاندانەكە ئەنجام نادرێ.
هەر ئەمڕۆ چوار شەممە پارتی دیموكراتی كوردستان هێزێكی زۆری ئاسایشی لە بازگەی سماقۆڵی كۆكردووەتەوە.
سەرچاوەیەك لە بازگەی سماقۆڵی بە (خەڵك)ی راگەیاند، هێزێكی زۆری ئاسایش بە چەك و چۆڵی سووك و ناوەندەوە لە بازگەی سماقۆڵی كۆكراونەتەوە.
وتیشی :"ئۆتۆمبێلەكانی ئاسایش بە چەكی بی كەی سی-یەوە هەردوو ئاڕاستەی بازگەكەیان گرتووە و 20 بۆ 25 كارمەندی ئاسایش تەنها لە ناو بازگەكەدا بوون".
راشیگەیاند، هێزەكانی ئاسایش لەم بازگەیە رێوشوێنی توندوتۆڵیان گرتووەتە بەر لەگەڵ ئەو كەسانەی لە سنووری دەڤەری سەوزەوە دەیانهەوێت بچنە سنووری زەرد.
دەستەی بەرەی ناڕەزایەتی خەڵك ئامادەكاری بۆ خۆپیشاندانی بەرفراوان دەكات لە شارەكانی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 27ی ئەم مانگە.
هاوكات بەڕێوەبەری قوتابخانەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی بڕیاریان داوە، كە رۆژی 27ی ئەیلوول دەرگای قوتابخانەكان نەكەنەوە.
لەلایەكی دیكەوە شەوی رابردوو لە هەڵەبجە كۆمەڵێك گەنج خۆپیشاندانیان كرد و لەگەڵ هێزەكانی ئاسایش تێكهەڵچوون، ئاسایش بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران تەقەی كرد.
هەر شەوی رابردوو 5 چالاكی مەدەنی و ئەندامی بەرەی خەڵك لەلایەن ئاسایشی پێنجوێنەوە دەستگیركران، بەڵام پاش دروستبوونی فشاری جەماوەری ئازاد كران.