

دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ به‌هۆی خۆپیشاندانێكه‌وه بۆ ماوه‌ی دوو كاتژمێر رێگای سه‌ره‌كی دوکان-رانیە داخرا، له‌به‌رامبه‌ر به‌ڵێنی قایمقامی دوكان خۆپیشانده‌ران كۆتاییان به‌خۆپیشاندانه‌كه هێنا.
به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 21ی ته‌مموزی 2016 بەهۆی نەبونی کارەبای نیشتیمانی، هاوڵاتیانی ناحیەی خەلەکان رژانە سەرشەقام و رێگای سه‌ره‌كی دوكان-رانیه‌یان داخست، دوای گەیاندنی داواکاریەکانیان بە ئیدارەی ناحیەکە و قایمقامیەتی قەزای دوکان کۆتایی بەخۆپیشاندان هات.
ئاسۆ به‌کر، قایمقامی قەزای دوکان بۆ دواڕۆژ وتی "هاوڵاتیانی ناحیەی خەلەکان بەهۆی نەبونی کارەبای نیشتمانی و مۆلیده، بۆ ماوەیەک رێگای دوکان-رانیەیان داخست، بۆیه دەستبەجێ لەگەڵ پارێزگار و کۆنتڕۆڵی کارەبای سلێمانی قسەمان کردوە بۆ ئەوەی کوژانەوەی کارەبا بەشێوەیەک بێت گونجاوبێت بۆ هاوڵاتیانی ناحیه‌كه".
وتیشی "پاش ئه‌وه‌ی قسه‌مان له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران كرد، كۆتاییان به‌خۆپیشاندانه‌كه هێنا و ئاستەنگی هاتوچۆش کۆتایی هات".