نوێترین

recent

22/07/2025

سبەبارەت بەڕێکەوتنی هەرێم بەغدا سەرۆك وەزیرانی داوایەك ئاراستەی هەرێم دەکات.





 




سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، گرنگە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بێت، بۆ ئەوەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی عێراق لە جێبەجێکردنی ئەرکە داراییەکانی بەردەوام بێت.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دا ئاماژەی بە جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە (550)ی ئەنجوومەنی وەزیران کرد، کە لە کۆبوونەوەی نائاسایی رۆژی 17ـی تەممووزی 2025 دەرچووە و تایبەتە بە چارەسەرکردنی دۆسیە دارایی و ئیدارییەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان. هاوکات ستایشی ئەو هەوڵانەی کرد کە بوونە هۆی دەرچوونی بڕیارەکە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی "جەختی لە گرنگیی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە بە جێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکانی بەگوێرەی یاسا و دەستوور، بۆ ئەوەی وەزارەتی دارایی فیدراڵیش لەلایەن خۆیەوە بتوانێت بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی ئەرکە داراییەکانی".
 
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەستی بە خەرجکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگی ئایاری 2025 کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان پابەند بوو بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی ئێستای بە کۆمپانیای سۆمۆ.
 
بەگوێرەی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا کە 17ـی تەممووز ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندی کرد، هەرێمی کوردستان تەواوی نەوتی بەرهەمهێنراوی ئێستا رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات کە بە 230 هەزار بەرمیلی رۆژانە مەزەندە کراوە؛ 50 هەزار بەرمیلی دیکەشی بۆ پێویستیی نێوخۆ و بەرهەمە نەوتییەکان بەکاردەهێنێت.
 
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''کاتێک مووچەی مانگی پێنج خەرجکرا، واتە مووچەی مانگەکانی داهاتووش (6 و 7) خەرج دەکرێت''.
 
دوایین جار کە هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتیی بۆ بەغدا ناردووە، لە مانگی نیسان بوو و بڕەکەی 50 ملیار دینار بوو.
 
وەزارەتی دارایی ئەمڕۆ رایگەیاند، ''داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار، کە بڕەکەی 120 ملیار دینارە، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵی''.

 

Picsart-24-02-23-21-31-09-085