نوێترین

recent

26/07/2016

یەکێتی لە یادداشتێکدا بۆ پارتی: رێککەوتننامە ستراتیژییەکە تەواو



یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوای 9 ساڵ لە واژۆکردنی، هەواڵی کۆتایی هاتنی رێککەوتننامەی ستراتیژی دایە پارتی، ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی ئاشکرای دەکات، یاداشتێکیان داوەتە پارتی و بۆیان نووسیون ئیدی رێککەوتننامە ستراتیژییەکە تەواو.

ئەو یادداشتەی یەکێتی لەکاتێکدا بوو، لەلایەکی دیکەوە و بە بێ ئەوەی بهێڵێ پارتی بزانێ، لەگەڵ گۆڕان لە کەین و بەینی واژۆکردنی رێککەوتنێکی سیاسیدا بوو، کە ئەنجامەکەی دوورخستنەوەی بوو لە پارتی.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو یادداشتەی دراوەتە پارتی سێکتەرێکی تێدایە کە باس لەوە دەکات کە پەیوەندییەکانمان دوای رێککەوتننامەی ستراتیژی، کە لەوێدا وشەی دوای بەکارهێنراوە و ئەوەی یەکەمجارە باس لەوە بکرێت، ئاماژەیەکی ناراستەوخۆی تێدایە کە ئێمە رێککەوتننامەی ستراتیژی لەنێوانماندا هەبوو بەڵام ئێستا لە قۆناخێکداین دوای ئەو هاوپەیمانییە، پاش ئەوە دەستەواژەیەکی روونتر هاتووەتە و باس کراوە کە رێککەوتننامەی ستراتیژی گەیشتووەتە دوا قۆناخی کۆتایی".

پارتی قسەیەکی دیکەی بۆ رێککەوتننامەی ستراتیژی هەیە، لای پارتی هێشتا رێککەوتنەکە بەرکارە و نایانەوێ رێککەوتنی یەکێتی لەگەڵ لایەنی دیکە، کار لە پەیوەندییەکانی ئەوان و یەکێتی بکات. 

هێمن هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە رەسمی بە پارتی نەگوتووە کە یەکێتی بڕیاریداوە کۆتایی بە رێککەوتننامەی ستراتیژی لە نێوانماندا بێنێت".

سەرەتای هەڵوەشانەوەی رێککەوتننامەی ستراتیژی ئەوکاتە دەرکەوت، کە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ساڵی 2013 ، یەکێتی بڕیاری دا بە لیستێکی جیاواز لە پارتی بەشداریی هەڵبژاردن بکا، دوای ئەوەش لە هەڵبژاردنی هەندێک سەندیکا و رێکخراو، پارتی و یەکێتی بوونە دوو لیست، ئیدی خاڵ لە دوای خاڵی رێککەوتنەکە لەکارکەوتن، تا کار گەیشتە ئەوەی یەکێتی بە پارتی بڵێ ئیدی رێککەوتننامەی ستراتیژی بووە مێژوو.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085