نوێترین

recent

13/06/2016

جەمیل بایک : دەستبەرداری چەک نابین




هاوسه‌رۆكی‌ كۆما جڤاكێن كوردستان كەجەكە رایگەیاند، پەكەكە دەستبەرداری چەك نابێت، تا كێشەی كورد چارەسەر نەبێت.

جه‌میل بایك له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ پێگەی رۆژ نیوزرایگه‌یاندووە"ئامانجی پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی (ئاكه‌په‌) دیموكراسی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد نییه‌، به‌ڵكو هه‌وڵیانداوه‌ چه‌ك به‌ په‌كه‌كه‌ دابنێن و وایانده‌زانی كه‌ ئه‌گه‌ر چه‌ك دابنێت ئه‌وا ته‌واو ده‌بێت، به‌ڵام چه‌كی ده‌ستی په‌كه‌كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد و دیموكراسیكردنی توركیایه‌، بۆیه‌ تا كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر نه‌بێت، په‌كه‌كه‌ش ده‌ستبه‌رداری چه‌ك نابێت".

وتیشی‌ "ئێمه‌ هیواخوازبووین كێشه‌ی كورد له‌ توركیا له‌ چوارچێوه‌ی خۆبه‌رێوه‌به‌ری دیموكراتی له‌ ئه‌نقه‌ره‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام ئه‌ردۆغان هه‌موو رێگاكانی چاره‌سه‌ری له‌به‌رده‌مماندا داخست و شه‌ڕ‌ێكی گه‌وره‌ی‌ دژ به‌ گه‌لی كورد ده‌ست پێكرد".

لەهاوینی رابردووەوە شەڕی نێوان پەكەكەو توركیا دوای دوو ساڵ ئاگربەست دەستیپێكردەوەو تائێستاش بەردەوامە.

فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا لەو كاتەوە بەبەردەوامی بۆردومانی ئاسمانی ناوچە سنورییەكانی هەرێم دەكەن بە پاساوی بوونی بارەگاكانی پەكەكە، هەروەها سوپا لەشارەكانی باكوری كوردستان ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدات و چەندین ناوچە بەهۆی بەردەوامی شەڕەوە خاپوربوون و دانیشتوانەكەشی ئاوارە بوون.

جه‌میل بایك دەڵێت "له‌ ناو گه‌لی كورد شتێك نه‌ماوه‌ به‌ناوی باوه‌ڕبوون به‌ ده‌وڵه‌تی توركیا، تا توركیا مافه‌كانی گه‌لی كورد قبوڵنه‌كات كورد ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ی‌ قبوڵ نییه‌، به‌ڵام باوه‌ڕی كورد به‌ گه‌لی توركیا هه‌میشه‌ بوونی‌ هه‌یه‌".

لەبارەی دۆخی سوریاوە، هاوسه‌رۆكی‌ كۆما جڤاكین كوردستان جەختیكردووەتەوە، چیتر سوریا وه‌ك پێشوو نیه‌ و له‌لایه‌ن یه‌ك حزبه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ببردرێت و ئێستا سوریایه‌كی نوێ دروستبووه‌ كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای دیموكراتی پێشده‌كه‌وێت و ته‌نها ئه‌وه‌ش ده‌توانێت یه‌كێتی سوریا بپارێزێت له‌ پێناو ئه‌وه‌ی‌ سوریا پارچه‌ پارچه‌ نه‌بێت.

راشیگه‌یاندووه‌ "فیدراسیۆنی دیموكراتی له‌ باكووری سوریا و خۆرئاوایی كوردستان پێشده‌كه‌وێت ده‌توانێت ببێته‌ مۆدێلی چاره‌سه‌ری بۆ ته‌واوی كێشه‌كانی سوریا".
:
Picsart-24-02-23-21-31-09-085