

لەسەر وەرگرتنی زەوی بە ناوی كەسوكاری شەهیدانەوە، لە شاری دهۆك سێ كەس لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركراون، بەرپرسێكی حكومەتیش ئاماژە بۆئەوەدەکات مەزەندە دەكرێت ئەو زەوییانەی بە فرتوفێڵ وەریانگرتون، 60 پارچە زەوی بن.
بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان"كچێك لەگەل ئەو سێ كەسە دەستی هەبووە و تائێستا 10 پارچە زەوی وەرگرتوە، دووانیان بەناوی خۆی و سێ دانەیان لەسەر ناوی دایكی و پێنجیش لەسەر ناوی داپیری وەریگرتوە، هەموو ئەوەش تەنیا لەبەرئەوە بووە، كە كچی شەهیدە".
زانیارییەکان ئاماژە بۆئەوەدەکەن"هەر ئەو سێ كەسە كە یەكێكیان بەرپرسی بەشە لە بەڕێوەبەرایەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، پارچە زەوییەكیان لەسەر ناوی ژنێك وەرگرتووە كە تەمەنی 91 ساڵە و گوایە دایكی شەهیدە، كەچی دەركەوتووە دایكی شەهید نییە".
لەوبارەیەوە عومەر ئیبراهیم بەڕێوەبەری تۆماركردنی خانوبەرەی سێمێل، كە زەوییەكان لە فەرمانگەكەی ئەو تۆماركراون، دەڵێت"پێشتر لیژنەیەكی سێ لایەنی هەبوو بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراواندا، بەڵام وەك رێزگرتن و كارئاسانی ئەو لیژنەیە نەما، تەنیا ناوەكان لە بەڕێوەبەرایەتی شەهیدانەوە دراونەتە پارێزگاو ئەوانیش زەوییەكانیان دیاری كردووە".