

پارێزگاری سلێمانی لەسەر بڕیارەی بەناوکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و زەوی بۆ ھاووڵاتیانی عەرەب و بیانی سوورە، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووش دەڵێ:" ئەمە تەعریبێکی دیکەیە".
رۆژی سێشەممە 14-6-2016 سەبارەت بە کاردانەوەکانی بڕیاری بەناوکردنی زەوی و خانوو بە سەر ھاووڵاتیانی عەرەبی عێراقی، ئاسۆ فەرەیدوون، پارێزگاری سلێمانی و ئەبوبەکر ھەڵەدنی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە.
ئەبوبەکر ھەڵەدنی، فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:" نیگەرانی و مەترسی خۆمان لەو کۆبوونەوەیە بە پارێزگاری سلێمانی راگەیاند بەتایبەت لەڕووی دیموگرافیا و لەڕووی نەتەوەیی ھەروەھا لەڕووی ئەمنیشەوە چونکە بە قەناعەتی ئێمە بەناوکردنی زەوی و خانوو بە سەر ھاووڵاتیانی عەرەب دەرگا لە بەردەم تەعریبێکی دیکە دەکاتەوە بە بڕوای ئێمە ئەم بڕیارە ئاسایشی نیشتمانی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە".
ئەبوبەکر ھەڵەدنی گوتی: "پارێزگاری سلێمانی لە سەر بڕیارەکەی سوورە، پاساو و روونکردنەوەی خۆی ھەبوو کە ئەم بڕیارە لە بەرژەوەندی خەڵک و جمووجۆڵ خستنە بازاڕەو ھەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرنەبەر بۆ ئەوەی مەترسی لە سەر دیمۆگرافیای سلێمانی و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دروستنەکات".
رۆژی 6-6-2016 ئاسۆ فەرەیدوون، پارێزگاری سلێمانی بڕیارێکی ئیداری بە ژمارە 6448 دەرکردو تێیدا بڕیاردراوە زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ناوی ھەموو ھاووڵاتیانی عێراقی و بیانی بکرێت بەڵام بە مەرجێک رەزامەندی ئاسایشی لەگەڵ دابێت.
ئەم بڕیارەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە ھەندێک بەمەترسی بۆ سەر دیمۆگرافیای سلێمانی دەیزانن بەشێکی دیکەش بە کارێکی یاسایی و رێگەخۆشکەر بۆ بووژانەوەی بازاڕ و کەرتی خانووبەرەو زەوی دایدەنێن.