

پەرلەمانتارێكی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، بڕیار دراوە دوای وەزارەتی پێشمەرگە، مووچەی وەزارەتی ناوخۆ دابەش بكرێ، داوای رێكخستنەوەی مووچەی ئەو وەزارەتەمان كردووە، چونكە ئێستا سێ جۆر مووچەی تێدایە.
قادر رەزگەیی پەرلەمانتاری یەكێتیو بڕیاردەری لیژنەی كاروباری ناوخۆو ئاسایش لەپەرلەمانی كوردستان بەتۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاند، بڕیار دراوە، دوای وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی ناوخۆ مووچە وەربگرێت لەدیدارێكیشیان لەگەڵ كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ، جەختیان لەسەر ئەو شێوازە بۆ لیستی دابەشكردنی مووچە كردۆتەوە.
سەبارەت بەشێوازی دابەشكردنی مووچەی هێزەكانی ناوخۆش، قادر رەزگەیی ئاشكرایكرد، سێ جۆر مووچە لەوەزارەتی ناوخۆ هەیەو هەریەكەیان بەگوێرەی سیستمێك دابەش دەكرێن، بەتایبەت مووچەی هێزەكانی زێرەڤانی و پۆلیسی فریاكەوتن، پۆلیسی پاسەوانیی و هێزەكانی ناوخۆ، بۆیە داوامانكردووە سیستمی مووچەی وەزارەتی ناوخۆ یەكبخرێت و بكرێنە دوو جۆر، ئەوانەی لەبەرەكانی شەڕن (وەك فریاكەوتن و زێرەڤانی)، پاشەكەوت لەمووچەكانیان نەكرێت و سەرجەم هێزەكانی تری ناوخۆ بەپۆلیسی پاسەوانیشەوە، بەڕێژەی ٣٠% پاشەكەوت لەموچەكانیان بكرێت.