عەزیز ڕەئووف
هاوڕێم، ئەوەی دیشلەمەخۆر بێت بڕیاری جدی بۆ نادرێت. هاوڕێم یەك خۆپیشاندانم پێ بڵێ ئەم هێزە ئەنجامی دابێت، لە حەڤدەی شوبات وتی ئەمانە گێرە شێوێنن و دواتر خۆیان مایكەكەیان داگیركرد و هاواریان كرد: (ئێرە شاری گۆڕانە، شاری كاك نەوشیروانە)، بەڕاستی سەركەوتووبوون لە شارچێتی و بەلۆكاڵیكردنەوەی كۆی ناڕەزاییەكان.
هاوڕێم ئەم هێزە لە میدیاكەیەوە دەڵێ بارزانی دیكتاتۆرە بەڵام ئەگەر منداڵێك بەرد بگرێتە بارەگای پارتی دەڵێ من نەبووم. هاوڕێم من لە تۆ دەپرسم: خەڵك بۆ ئامادەیە لە ئاوی دیجلەدا بخنكێت بەڵام ئامادە نیە بێتە سەرجادە؟ وڵامەكەی ڕوونە، ئەوەی قسە دەكات بە كردەوە ئامادە نیە بێتە سەر جادە، ئامادە نیە چونكە ئایندەی دەسەڵات ڕوون نیە و سبەی هەر دیشلەمەخۆرەكان دەچنەوە سەر كورسی.
هاوڕێم بەس لە تۆ دەپرسم گۆڕان چەند هەزار دەنگدەری هەیە لە هەولێر؟ تخوا توانی بەقەد كادرێكی شیوعی ئازا بێت و بێتە سەر جادە؟ بەقەد كچانی داخلی توانی دەنگ هەڵبڕێت لە هەولێر؟
هاوڕێم تۆ عاقڵی، مێژووی شۆڕشەكانی دنیا بخوێنەوە، هەمیشە دیشلەمەخۆرەكان بەرهەمی شۆڕشیان خواردووە. حەوت ساڵ شەری ناوخۆ بارزانی و تاڵەبانی وتیان ئێمە بێتاوانترین كەسین. ترسم هەیە سبەی سەركردەی ئەم دوو بەرەیەی ئێستای كوردستان دابنیشن و بڵێن ئێمە هیچ قسەمان نەكردووە و ئەوە خەڵكە وا دەكات. بەڕاستیش وابووە، خوا هەڵناگرێ ئەوان هیچیان نەوتووە تا ئێستا.
یاسین گیان، یەك سەركردەم پێ بڵێ ڕووی كردبێـتە یەك نەخۆشخانەی هەرێم. تاڵەبانی بۆ ئەڵمانیا، بارزانیەكان بۆ نەمسا و نەوشیروانیش بۆ نەخۆشخانەكانی لەندەن. هاوڕێم لە گەورەوە بۆ بچوك ناوی یەك كوڕە بەرپرسم پێ بڵێ لە زانكۆكانی هەرێم خوێندبێتیان بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە. شۆڕشەكان هەروا بوون هاوڕێم.
یاسین یەك شتت بۆ بگێڕمەوە. هەڵسوڕاوێكی گۆڕان هەبوو دەهات بۆ ماڵمان دەیوت چی بكەین؟ منیش كەر كەر دەمبردە كتێبخانەكەم و بە خاڵ بۆم دەنوسی واو وا بكەن. چەند ڕۆژێك پێش ئێستا لەناو بازاڕ بینیم بە وەنەوشەیەكەوە، ماڵی ئاوا بێت سەلامێكی لێ كردم، تخوا خاكی نیە؟ بەڕاستی خاكییە.
هاوڕێم دیشلەمەخۆر عاقڵە بۆخۆی.
