
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، داوا لە حزبەکەی دەکات، لە کۆمیتەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و حکومەت بکشێتەوە و راشیدەگەیەنێت: کەی ڕەوایە یەکەم حزبی مەدەنی لە باشووری کوردستاندا بە دیار شکاندنی شکۆی پەرلەمان و پێشێل کردنی یاساوە کات بە فیڕۆ بدات.
ئەبوبەکر ھەڵدەنی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان، لە نوسێنێکدا کە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەووەتەوە، رایگەیاندووە پێویستە یەکگرتوو لە کۆمیتەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و حکومەت بکشێتەوە.
ناوبراو کە ئەندامی سەرکردایەتی حزبەکەیەتی، نوسیویەتی: بەشداریمان لەسەرەتای کۆبوونەوەکانی کۆمیتەکەو سەردانی لایەنەکان، ئەگەر پاساوی ھەبووبێت تا قسەی خۆمان و شەقام بگەیەنین و ھەوڵێکی دڵسۆزانە بێت بۆ ئاشتەوایی ناوماڵی کوردی و کۆتایی ھێنان بە دۆخی پڕ قەیراناوی ھەرێم، بەڵام بەردەوامبوون لەناو کۆمیتەیەک تەنھا کۆبوونەوەی بێ بەرھەم ئەنجام بدات، ھیچ پاساوێکی لۆژیکی نییە.
لەبارەی ھەوڵەکانیش بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، ئەبوبکر ھەڵەدنی پێی وایە کارەکە ئەم ھەموو کۆبوونەوەو سەردان و لیژنەیەی ناوێت، بەڵکو بڕیارێکی بوێرانەی بەرپرسیارانەی دەوێت، چونکە ھیچ بەربەستێکی یاسایی نییە بۆ بەگەڕخستنەوەی پەرلەمان لەبەرئەوەی بەڕێکارێکی سیاسی نا دیموکراسی کارەکانی پەکخراوە.
دەشڵێت: کەممان کێشە نەبوو، بۆشایی یاسایی ھاتەسەر!!! چونکە پەرلەمان کۆنابێتەوە، لیژنەکان دانانیشن، چاودێری حکومەت ناکرێت و کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێمیش چارەسەرنەکراوە.
بەوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو، ڕۆژانە ھاوڵاتیان باجی بڕیارە چەوتەکانی حکومەت دەدەن، مووچەی خەڵک نادرێت و دوا دەکەوێت، بۆیە لەبارێکی وادا حەق نییە یەکگرتوو خۆی بە کۆبوونەوەی بێ ھودەوە سەرقاڵ بکات، کاتێک کە گوێی لێناگیرێت و دڵسۆزی و پەرۆشییەکەی نانرخێنرێت و سیاسەتی کات کوشتن پیادە دەکرێت، بەمەش فشاری ڕاستەقینە دروست دەبێت.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکگرتوو تکا لە حزبەکەی دەکات لەم کۆمیتەیە بکشێنەوە، "کەی ڕەوایە یەکەم حزبی مەدەنی لە باشووری کوردستاندا، بە دیار شکاندنی شکۆی پەرلەمان و پێشێلکردنی یاساوە کات بە فیڕۆ بدات".