نوێترین

recent

07/12/2015

خێرى نەوتەکەى ئاشتى هەورامى و چێژى کەڵە شێرەکەى پادشا

شوان سەید عەلى
ڕۆژێک  پیرە پیاوێکى هەژار پەناى بردە بەر کۆشکى پادشاو سکاڵاى ئەوەى لاى پادشا کرد, کە لەبەر هەژارى منداڵەکانى ماوەى دووساڵە گۆشتیان نەبینیوە و بۆنى گۆشتیان بۆ نەهاتوە. پادشا وتى ئەمە چۆن دەبێ لە مەملەکەتى قەڵەم ڕەوى مندا شتى وا هەبێت؟  پادشا بە پیرە پیاوەکەى وت بچۆ هەموو  مناڵەکانت بێنە بۆ کۆشک و  بانگى بەردەستەکانیىشى کرد تا چێشتخانە ڕابسپێرن کەڵەشێرێک سەر ببڕن و جوان سورى کەنەوەو ئامادەیبکەن بۆ خواردن.
تا پیاوە هەژەرەکە لەگەڵ مناڵەکانى گەراوە کۆشک کەڵێشێرەکە ئامادەکرابوو پاک و تەمیز سورکرابووەوە, پادشا خۆى هەڵسا کەڵەشێرەکەى بە سورکراوەى بەرزکردەوەو یەک یەک  نیشانى پیرە پیاو هەموو مناڵەکانى داو پێى وتن  بۆنى بکەن  و ئەمە گۆشتە ئەمە ئەو شتەیە کە ئێوە لەبەر هەژارى دوو ساڵە نەتان بینیوە, بۆیە سوپاس گوزارمبن,  کە چاکەیەکى وام لەگەڵ کردن و  دوواى دوو ساڵ گۆشتان بینى و بۆنتانکرد, ئەگەر من نەبووبام ئەوەشتان نابینى بۆیە  ئێستاش بفەرمو ن  بگەڕێنەوە ماڵتان ئێوە تەنها بۆ بۆنکردن وبینینى گۆشتى کەڵەشێر بانگێشتکراون نەوەک خواردنى. ئیتر  پادشاو شازادەکانى پادشا کەڵەشێرەکەیان کردە ژەمى نیوەڕۆ و پیرە پیاو مناڵەکانییش بە کۆڵێک  خەفەتەوە گەڕانەوە ماڵیان.
بە ملیاردێربوونى کار بەدەستەکانى هەرێم و داهاتى  ژمارە  قەبەو گەورەکانى نەوت و گاز, کە لە دەمى ئەوانەوە بەردەوام بە گوێمان دەچپێندرێت  وەهامان لێدەکات بڵێین: ئێمە ڕەحیەت و مناڵى پیاوە هەژارەکەین  و ئەوانیش پادشان.
- هەرێمى کوردستان بە ناوچە کانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم خاوەنى نزیکەى سەت ملیارد بەرمیل  نەوتى یەدەگەو  لەگەل (٨.٣) ترلیۆن مەتر سێجا یەدەگى گازى سروشتیە,  ئەمەش وەهاى کردووە هەرێمى کوردستان لە سەر ئاستى جیهان  ببێتە یەکێک لە دە وڵاتە دەوڵەمەندەکەى جیهان.
-  لە ساڵى ٢٠١٤ سەرۆکى ئەوکاتى هەرێمى کوردستان وتى( داهاتى هەر تاکێکى هەرێمى کوردستان لە کەرتى گشتیدا پێنج هەزار دۆلارە).
- ڕۆژانەش بە بەردەوام لە دەمى سەرۆک وەزیران و  وەزیرى سامانە سروشتیەکان و کاربەدەستەکانیترى  هەرێم  باس لە بەرزبوونەوەى ڕێژەى هەناردەى نەوت دەکرێت و بە گوێرەى دووا ئامارى فەرمیش ڕۆژانە نزیکەى حەفتسەت هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت" ئامارە نافەرمیەکانیش بە ملیۆنێک و سەتو پەنجا هەزار بەرمیل دەى خەملێنن.
جگە لە ڕسومات و گومرگ و داهاتى ناوەخۆ دوواى کرێى دەرهێنان و گواستنەوەى کۆمپانیاکان ئەگەر بەرمیلێک نەوت بە سى دۆلار حسابکرێت و وا دابندرێت بە نەوتى کەرکوکیشەوە حەفتسەت هەزار بەرمیل بۆ دەرەوە هەناردە بکرێت و دووسەت هەزاریش لە ناوەخۆ بەکار بخرێت داهاتەکەى دەکاتە نۆسەت ملیۆن دۆلار.

- - كۆی موچەخۆری هەرێم بریتیە لە (1387957) یەك ملیۆن و سێ سەدو هەشتاو حەوت هەزارو نۆسەدو پەنجاو حەوت كەس، مانگانە پێویستمان بە 878 ملیار دینار هەیە بۆ دابینكردنی موچە، واتا مانگانە پێویستمان بە (٧١٣٨٢١١٣٢) حەفتسەت و بیستو یەک ملیۆن و هەشتسەت و بیست ویەک هەزار و سەتو سى و دوو دۆلار دەبێت.  تەنها داهاتى نەوتیشمان نۆسەت ملیۆن دۆلارە بەو حسابەش دوواى دانى موچە مانگانە ١٨٢ملیۆن دۆلار دەمێنێتەوە.
لەپاڵ ئەو هەموو داهاتە زۆرە لایەنى دەسەڵاتدارى هەرێم موچەى چوار مانگى  موچەخۆرانى نەداوەو و پێشینەو پڕۆژەکانى وەستاندووەو  بازارى سست کردووەو بێکاریەکى زۆرى بڵاو کردوەتەوەو  هەوڵى ڕواندنى بێ هیواى و ڕەشبینى لەنێو گەلدا دەدات, بانگەشەى ئەوەشدەکات کە حکومەت نزیکەى بیست ملیارد دۆلار قەرزدارە!!
لە دوواى بڕینى ١٧% بودجەى هەرێم وەک ئاشکرایە حکومەت موچەى چوار مانگى نەداوەو هیچ پڕۆژەیەکیشى ئەنجام نەداوەو بەردەوام نەوتیشى فرۆشتوە ئەى بەچى ئەو هەمووپارەیە  قەرزاربووە؟ لە کاتێکدا بەس ئەو پارەیەى   قەرزى  کردووە  موچەى هەوو ئەو مانگانەى پێدەدرێ, کە لەوەتەى بەغدا بودجەى بریوە! ئەى پارەى نەوت چی لێهاتوەو داهاتى ناوەخۆ بۆ کوێ چوە؟
بەگوێرەى یاسى نێو دەوڵەتى حکومەتێک ئەگەر قەرزى لەسەر بوو دوواى ڕوخانیشى حکومەتى میراتگر ناچارە بەدانەوەى قەرزەکانى, ئەو قەرزەى حکومەتى هەرێمیش  جێى گومانەو مەترسیەکى گەورەیە لەسەر داهاتوى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان.

ڕۆژانە هاولاتیان بەردەوام سەرقاڵى هەژماردنى ئەو تانکەرە نەوتیانەن, کە ڕێگاو بانەکایان تەنیوەو بەرو سنورەکان ئاودیو دەبن  و حسابى ئەو داهاتە دە کەن  کە دەسەڵاتداران  خۆیان پێمان دەڵێن کە چۆنەو چەندەیە. تانکەر و بۆڕى و بیرى نەوتى  نوێ پیشانمان دەدەن هەرێمى کوردستان چۆن بۆتە بەهەشتێک بۆ چینێکى دیارى کراو دۆزەخێک بۆ زۆرینەیەکى پەراوێزخراو. قەرزە حکومەت و  خراپى ژیان وگوزەرانى هاوڵاتیان دەرخەرى ئەوەیە کە  هاوڵاتیان  تەنها بینەرى گۆشتى کەڵە شێرەکەن  و سەیارەى مۆدێل نوێو تاوەر و ڤێلا بەرزەکانى بەر پرسە پاوان خوازەکانى چینە دیاریکراوەکەش ئەوە نیشان دەدەن کە ئەوان گەلیان تەنها بۆ بینین و  بۆنکردنى  گۆشتى کەڵەشێر بانگێشتکردووە نەوەک خواردنى گۆشتەکە.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085