
ئاری جاف
ئەوەی کەماوەتەوە بۆ هاوڵاتی هەرێم تەنها قەیران بەدوای قەیران وچارەسەرکردنی هەڵەی سیاسیە دەسەڵاتدارەکانە بەهەڵەیەکی گەورەتر.پێویستە چیتر ڕاشکاوانە بەرامبەر سەرۆک وسەرکردە سیاسی وسەربازیەکان بوەستین وپرسیاریان لێبکەین کەئەگەر توانای بەڕێوەبردنی حکومەت و ووڵاتان نییە بۆ دەست هەڵناگرن لە بەرپرسیارێتی ؟؟ ئایا نازانن میللەت ووشیارەو نایەوێت ناو و پێگەی کورد بلەقێت هەتاکوو هەڵبژاردنی داهاتوو چاوی لەسەرتانە وچاوەڕوانی بەجێگەیاندنی بەڵێنەکانتان لێئەکات.
ئەگەر ناتوانن دەوڵەتداری بکەن بۆچی تاوان ئەنجام ئەدەن ،ئەگەر ناتوانن دادپەروەربن بۆچی داوای دەسەڵات ئەکەن و بەئاشکرا گەندەڵی ئەکەن ؟؟؟ ئایا نازانن باجی تاوان وگەندەڵیکردن گرانە و میللەت لێتان خۆشنابێت ؟؟ ئایا بیستووتانە کە پێشینان ئەڵێن (( ئەوەی سنگ بخوات ئەبێت سنگیش بکوتێت))...ئایا کار لەسەر چ ستراتیجێک ئەکەن
ئەگەر هەتا دوێنێ گوێ بیستی شیرینی نەوت بووین، ئەوا ئەمڕۆ ووشەیەکی نوێمان پێویستە کەدایبتاشین بۆ ئەو دەسکەوتە ماددیەی کە هەندێ لەوئەندامی سەرکردایەتی ومەکتەب سیاسیانەی خۆیان هەڵواسیوە بەسەرۆکەکانەوە و بەناوی حیزبەکانیانەوە لێدوان و ووتەی نابەرپرسیارانە ئەدەن کە دوورە لەهەموو مۆڕاڵیکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە شاشە نەوتاوی و ڕاگەیاندنە پڕدرۆکانیانەوە بڵاوی دەکەنەوە،بێ ئەوەی بیر لەئاکام وئاڵۆزیەکان بکەنەوە،یان ئەوەتا بەرژەوەندیان لەشەڕ و ئاڵۆزیدایە یان بەرژەوەندیان لەکورسیەکەی سەرۆکدایە. لەپاڵ شیرینی نەوت ئەو ووشەیە ناوی ئەنێین (( شیرینی کورسی سەرۆک))
لێرەوە هۆکاری ئەو هەموو قەیران وگرفتەئاڵۆزانەی ڕووی لەتاکی کوردکردوە بەهۆکاری شیرینی کورسی سەرۆک دەگەڕێنمەوە بۆ سێ خاڵ؛
یەکەمیان ؛ ئەوئەندامانەی مەکتەبی سیاسی وسەرکردایەتی حیزبەکانە کەهەمیشە چاویان لە شیرینی کورسی سەرۆکە،خۆیان کەسانێکن کەتەنها بەشوێن بەرژەوەندی ماددی وخۆدەوڵەمەندکردنەوە خەریکن وهەمیشە بەریگریکەری یەکەمن لەسەرۆکەکان نەک لە حیزب وپەیڕەو پرۆگرامەکەی.چەواشەکاری ئەم بەرژەوەندیخوازانە هێندە مەترسیدارە لەسەرژیان و ئاسایشی ووڵات و ئابوری وداب ونەریتی کۆمەڵایەتی کەزۆرجار بووتەهۆکاری شەڕی گەورەی براکوژی و خوێن ڕشتنی درێژخایەن، تەنانەت مێژوو سەلماندویەتی ئەم جۆرە سیاسیانە زیاتر بە بازرگانی جەنگ ناوزەندکراون نەک دڵسۆزی میللەت وخاک و بەرنامەی پارتەکانیان.بەڵام لەبەر ئەوەی لەووتە و لێدوانەکانیان هەمیشە خەریکی پیرۆزکردن و بەرگری کردنن لەسەرۆک،توانیویانە بەردەوامبن لە مانەوەیان لەپۆست وپێگەی حیزبیان بەبێ هیچ گوێدانە مۆڕاڵێکی کۆمەڵایەتی وکەسێتی یان سیاسی.
ئێمە ئەگەر ووڵات وخاکمان غەرقی خوێن بێت کورسی سەرۆک چ ئومێدێکمان پێئەبەخشێت؟؟!! کاتێک سەرۆک تەنها گوێگری کەسانی چواردەوری خۆی بێت وشەقام فەرامۆش بکات،کار وبەرنامەی تەنها بۆ خۆشگوزەرانی دەوروبەربێت،یاسا گۆشەگیرکات وخۆی لە هەموو کەس پێڕاستتربێت ئیتر ئومێد لەسەرچی هەڵبەستین. نەهامەتی و سەرگەردانی میللەت لەوڕۆژەوە سەرهەڵئەدات کە دەسەڵاتدار وسیاسیەکان پیرۆزدەکەن،بێ ئاگا لەوەی کە دنیا وڕۆژگار بەبێ ئەوانیش هەر بەردەوام ئەبێت
خاڵی دووەم ؛
خۆشەویستی سەرۆکەکانە بۆ کورسی وشیرینی کورسی ودەسەڵاتەکانیان ،بەپلەی یەکەم لەڕێگەی هەرسێ ئامرازەکەوە ژیانێکی ئەفسوناوی بۆ خۆیان وماڵو منداڵیان بەرجەستەئەکەن، پاشانبەپلەی دووەم بۆ هاوکارو کەسە نزیکەکانیان،هاوڵاتی ئاسایی لەهیچ جۆرە هاوکێشەیەکی ئەم جۆرە سەرۆکانە جێگەی نابێتەوە.گرفتە دەرونیەکانی ئەم سەرۆکانە و گەیاندی هەواڵی نادروست لە کەسایەتیە سیاسیە نزیکەکانی دەوروبەری هۆکارێکە بۆ دروستکردنی دیکتاتۆرێکی لۆکاڵی وپاشان ناوچەیی
خاڵی سێیەم ؛
هاوڵاتی بەرژەوەندخوازەکانە لەپلەوپێگەی جیاوازداکاردەکەن بۆ پیرۆزکردنی کورسی سەرۆکەکان تاکو لەوڕێگەیەوە بەشێک لەشیرینیەکەیان بەردەم بکەوێت،بۆ نمونە کەسێک تەنها لەبەرئەوەی قسەزانە لەبەردەم چاوی کامێراکان ئەبێت بەڕاوێژکار،یەکێکیتر هیچ پلەیەکی ئەکادیمی سەربازی نییە وئەکرێت بەفەرماندە،یان کەسێک تەنها لەبەر ئەوەی قەڵەمەکەی لەخزمەتی سەرۆکدایە ئیتر ئەبێت بەشاعیر ونوسەر وڕۆژنامەنووس وشیکەرەوەی سیاسی وچاودێر ودەیان شتی تر.ئەگەر سەرۆک خۆی ئارەزووی لەم جۆرە کەسانە نەبێت کۆیان بکاتەوە لەچواردەوری و بەرگری لەتاوانەکانی بکەن ومێژوویەکی نادروستی بۆ بنوسن وخەریکی چەواشەکاری بن...ئیدی سەرۆک چۆن بتوانێت بەردەوام بێت لەخواردنی نیعمەتی کورسیەکەی،کەواتە ئەگەر سەرۆک خۆی لەهەموو کەس تامەزرۆی شیرینی کورسیەکەی نەبێت هەرگیز بەرژەوەندی خوازەکان ناتوانن بەخەونەنامرۆڤانەکانیان بگەن.
لە کۆتایدا هێندە دەپرسم کاری سەرۆک وسەرکردایەتی پارتەکان وسیاسەتمەدارن چییە جگەچەسپاندنی یاساو دادپەروەری و خزمەتکردنی هاوڵاتیان ؟؟؟ سەرۆکەکان جگە لەفەرمانبەرێکی ووڵات بۆ جێبەجێکردنی یاسا و چەسپاندنی دادوەری کۆمەڵایەتی چ ئەركێکی تریان لەسەرشانە،ئەوەی کە سبەینێ لەمێژوودا بۆتان ئەنوسرێت تەنها بەرهەمی کارەچەوتەکانتانە ئەگەر نا کارە باشەکان ئەگەر هەتانبێ ئەوە ئەرکی سەرشانی خۆتان جێبەجێکردوە وبەڵێنەکانتان بردۆتەسەر
سەۆکەکان باش بزانن ژیان بەبێ ئێوەش هەربەردەوام ئەبێت وبگرە خۆشتریش ئەبێت،دەوڵەتداری تەنها بەمرۆڤی دادپەروەر و بوێر بەڕێوەدەچێت نەک گەندەڵ وبێهەڵوێست.