نوێترین

recent

11/12/2015

ئەوانەی دەچنەوە سەر دینی زەردەشت پێشتریش مسوڵمان نەبون!


ڕەنج شێخانی
ماوەی چەند ڕۆژێكە چەند کرتەیەکی ڤیدیۆی بڵاو دەکرێتەوە کە بە حساب هەندێك کەسی مسوڵمانی کورد ، وازیان لە ئاینی پیرۆزی ئیسلام هێناو دەچنەوە سەر ئاینی ڕەسەنی کورد کە ئاینی زەردەشتی یە!

ئەوەی ئەم هەواڵە باوەڕ پێ دەکات لەو کەسانە داماوترە کەوا پێش دەشتەکی بونەوەشیان ، تەنها بە ناسنامە مسوڵمان بوون و لەجیاتی مسلم ، ملی مەتر بون!

وە دڵنیابن پێشتریش ئه‌وانه‌ به‌ناو موسڵمان بوون و ئێستاش ناموسڵمانی خۆیان به‌ ناوێكی نوێ وه‌ دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ نه‌ك پێشتر پیاوو ژنی سالح بووبن!


من بەپێچەوانەی ڕای ئەوکەسانەی کەوا بێتاقەتی خۆیان دەر دەبڕن ، بگرە بە ڕاشکاوانە خۆشحالی خۆم دەردەبڕم کەوا ئەم کەسە دووڕوو بێباوەڕانەی کە چەندین ساڵە باربون بەسەر ئیسلام و مسوڵمانان، لەکۆڵمان بونەوە بە یەکجاری!


ئەمانە هەر وەك ئەو چەپ و کۆمۆنیستانەی ڕابردوو وان کە هیچ دینێکیان نەبو وە باوەڕیشیان بە هیچ پەیامێکی ئاسمانی نی یە!، بێ لە پەیامی شەیتان و ئارەزوو پەرستان،کردیان بە هەڵا وتیان: کۆمەڵێک مسوڵمان دینی خۆیان گۆڕیوە بۆ یەزیدی و شەیتان پەرست!، لە کاتێکدا ئەوانە پێشتریش هەر شەیتانیان پەرستوەو شوێن ڕێچکەو ڕێبازی شەیتان کەوتون!


ئەوەی جێی داخە گۆڕینی ڕێڕەوی ڕاستەقینەی ئەهلی سوننەو جەماعەیە کە ئەمانەیان بەمسوڵمان ناساندوەو کردویانن بەبار بەسەر مسوڵمانانەوەو، ووشەی کافربون و لەدین هەڵگەڕانەوەیان سڕیوەتەوە لە بەرنامەو فتواکانیان دا،ئەوانیش بریتین لە بیری کۆمەڵە گومڕاکانی وەك(مورجیئە)و(موعتەزیلە)و(ڕافیزە)و هاو شێوەکانیانن کە بەناوی ئەهلی سوننەو جەماعە قسەدەکەن، حاشا ئەهلی سوننەو جەماعە تەبەڕایە لەو بیرە بودەڵ و گومڕایانە.


بۆیە تائێستاش وادەزانرێت هەرکەس بەدەم وتی مسوڵمانم و دەیان کوفری کردەوەو ئاشکراشی لێوە دەرکەوێت لای موفتی و بانگخوازو شوێن کەوتوانی ئەم کۆمەڵە گومڕا هەرزە بیرانە هەر بەمسوڵمانی عەیارە بیست و چوار حسابی بۆ دەکرێت و ، خەمی ئەوەیانە کاکی بێباوەڕ چوەتە سەر دینێکی بەتاڵی تر، کە پیرۆزترین شت لای ئەوان خۆرو ئاگرەو بەندایەتی بۆ کردنیانە و شەیتانیش لە پریشکی ئاگر دروست بوەو سەرجەم پەرستنەکان بۆ ئەو دەگەڕێتەوە، کەوابو خوارزاو پورزای یەزیدیانن!


هەروەك ئیبن عباس(خوایان لێ رازی بێت) سەبارەت بەدینی زەردەشت دەڵێت مەجوسیەکان، واتە فارسە ئاگر پەرستەکان(کەلێرەش دا کاکی سەرلێشێواوی کورد هەر توشی فاوڵ گرتن بوە کە بەدینی ڕەسەنی خۆی دەزانێت) دەڵێن" زەردەشت پێغەمبەرە!، ئەگەر پێغەمبەریش بوبێت ئەوە خەڵکی بانگهێشت کردووە بۆ بەندایەتی کردنی خوای گەورە بەتاك و تەنها بەڵام پاش مردنی شەیتان دینەکەی گۆڕویوە بۆ ئاگرپەرستی!


چاکترین شت بۆ مسوڵمان خوێندنەوەی لایەنی عەقیدەیە، بەتایبەتی پێناسەی ئیمان و کوفر بەبەڵگەکانی کیتاب و سوننە، بە تێگەشتنی زانایان وپیاوچاکانی پێشین تا بزانرێت بەکێ دەوترێت مسوڵمان و بەکێش دەوترێت بێباوەڕ!
Picsart-24-02-23-21-31-09-085