نوێترین

recent

13/10/2015

پارتی بڕیاریدا.. حكومەتی زۆرینە پێكدەهێنێت

وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، یەكێك لە پێشهاتەكانی پارتی دروستكردنی حكومەتی زۆرینەیە بەبێ‌ گۆڕان، دەشڵێت، ڕێككەوتنەكە كۆتایی پێهاتووە.

محەمەد عەلی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، ئیشەكانی پەرلەمان بەردەوام دەبن، بەڵام پێشتر ڕێككەوتنێك هەبووە لە پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەت لەگەڵ هەموو لایەنەكان، ئێستا ئەو ڕێككەوتنە لەگەڵ گۆڕان نەماوە و كۆتایی هاتووە.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئەگەر پەرلەمان دانیشتنەكانی بكات بە شێوازی دیكە دەبێت، نەك بە سەرۆكایەتی یوسف محەمەد.

باسی لەوەش كرد، ئێستا جێگری سەرۆكی پەرلەمان كارەكان بەڕێوە دەبات، یان ڕێككەوتنێكی دیكە دەكرێت و پۆستەكان بە شێوازێكی تر دابەش دەكرێن.

دەربارەی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە وتیشی: "ئەوە یەكێكە لە بژاردەكانی پارتی، چونكە ئەو ڕێككەوتنەكەی كە حكومەتی لەسەر پێكهات، ئێستا نەماوە، كە حكومەتی زۆرینەش پێكهات گۆڕان بەشداری تێدا ناكات".
بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنامەی ئاوێنە لە ژمارەی ئەمڕۆ سێشەمەیدا بڵاویكردووەتەوە، ئەگەری ئەوە بەهێزە كە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەت، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەشی بارزانی بكات و دواتر رایبسپێرێتەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ.

بەپێی لێدوانی ئەو سەرچاوەیەی ئاوێنە، حكومەتە نوێیەكەی كە بارزانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ڕادەسپێرێت تا كاتی هەڵبژاردنەو بێجگە لە بزوتنەوەی گۆڕان حزبە بچوكەكان و كەمە نەتەوایەتییەكان تیایدا بەشدارن، بەڵام تا ئێستا ڕای یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ یەكلانەبووەتەوە و بڕیارە ئەمڕۆسێ شەممە بڕیاربدەن.

هەر لەهەمان هەواڵدا ڕۆژنامەكە بڵاویكردووەتەوە كە زانیارییان پێگەیشتووە كە هەر يه‌ك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی و حزبی شیوعی و حزبی زەحمەتكێشان و كلدۆئاشور و حزبی سۆسیالیست و بەشداری ئەو حكومەتە نوێیە دەكەن، هەروەها گۆڕانكاری لە وەزارەتەكان و سەرۆكایەتی پەرلەماندا ڕوودەدات.

لەسەردابەشكردنی پۆستەكانی حكومەتە نوێیەكەش ڕۆژنامەكە بڵاویكردووەتەوە كە سەرۆكی حكومەت بۆ پارتی دەبێت و جێگرەكەی یۆ یەكێتی، هەروەها سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی و جێگرەكەی لە سێ ئەگەردایە یان بۆ كەسێكی بێ لایەن یان دەدرێت بە كۆمەڵ لە ئەگەری بەشداریكردندا یان دەدریت بە پارتی، سكرتێری پەرلەمانیش بۆ یەكگرتووی ئیسلامی یە.

هەروەها لە بارەی پۆستە وەزارییەكانەوە ڕۆژنامەكە بڵاویكردووەتەوە كە لە حكومەتە نوێیەكەدا تا كاتی هەڵبژاردن پۆستی وەزیری دارایی بۆ یەكێتی و كارەباش بۆ یەكگرتووە، وەزارەتی بارزگانی بۆ یەكێك لە كلدان و ئاشور دەبێت، هەروەها وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ پارتی یەو پێشمەرگە دەدرێت بە حزبی سۆسیالیست. هەروەها زەحەمەتكێشان و شیوعی یەكی وەزارەتێكیان پێ دەدرێت و بزوتنەوەی ئیسلامیش لەو حكومەتە بێ بەری كراوە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085