نوێترین

recent

13/10/2015

سۆسیالست:گۆڕان جگە لە شەڕ و ئاژاوە، هیچی دیكەی بۆ خەڵكی پێ نەبوو


ئەندامێكی سەركردایەتیی حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان بەڵێنی بە خەڵكی هەرێمی كوردستان دا كە چوار ساڵی داهاتوو، چوار ساڵی ئارامی دەبێت، بەڵام بە داخەوە جگە لە شەڕ و ئاژاوە هیچی دیكەی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان پێ نەبوو.


(موسڵیح رەجەب) ئەندامی سەركردایەتیی حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو كاتەی بزووتنەوەی گۆڕان هاتە ناو حكوومەتەوە، ئێمە هەموومان خۆشحاڵ بووین بەوەی كە ئەو بزووتنەوەیە ئیدی لە دەسەڵاتدا خزمەتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكات، بەپێی ئەو بەرنامەی كە ئەوان بانگەشەیان بۆ دەكرد، كە چوار ساڵی داهاتوو، چوار ساڵی ئارامی و پێشكەوتن دەبێت، چونكە ئەوەندە پەیمانیان بە خەڵكی هەرێمی كوردستان دا كە ناوچەكە دەكەنە شامی شەریف، بەڵام بەداخەوە لەو دوو ساڵەدا بە پێچەوانەی بەڵێنەكانی خۆیانەوە كاریان كرد، لە هیچ وڵاتێكی ئەم دونیایەدا نەبووە تۆ لەناو حكوومەت بیت و وەك ئۆپۆزسیۆن كار بكەیت، لە كاتی ئۆپۆزسیۆن هەرچی لە دەمیان دەهاتە دەرەوە دەیانگوت، پێش ئێستایش كە لە حكوومەت بوون هەمان شتیان دووبارە كردەوە".

(موسڵیح) دەشڵێت: "(نەوشیروان مستەفا) ئامانجی لە دامەزراندنی گۆڕان بۆ ئەوە بووە، كە هەرێمی كوردستان بەرەو ئاقارێكی نادیار ببات و هەرێمی كوردستان پارچە پارچە بكات، لە 17ـی شوباتیش ئەو خۆپیشاندانانەی دەكران گۆڕان هەر لەو كاتەدا هەوڵی دەدا سلێمانی لە هەرێمی كوردستان جیا بكاتەوە، گۆڕان جگە لە ئاژاوە و تێكدانی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هیچی دیكەی پێشكەش بە خەڵكی هەرێمی كوردستان نەكردووە، وەك دەبینین چۆن هەرزەكاران و هەڵسووڕاوانی خۆی هان دەدات بارەگای حزبەكان بسووتێنن و خەڵك بكوژن، بۆیە بە هیچ شێوەیەك جگە لە قسەكردن و ئاژاوە و توندوتیژی هیچی دیكەی  پێشكەش بە خەڵكی هەرێمی كوردستان و دەنگدەرانی خۆی نەكردووە، ئەو خۆپیشاندانەی گۆڕان كردوونی، گومانی تێدا نییە دەستی دەرەكییان لە پشتەوەیە".

گوتیشی: "هەرێمی كوردستان بە كۆمەڵێك قەیراندا تێپەڕ دەبێت، زیاتربوونی قەیرانەكانیش زیاتر باری هەرێمی كوردستان قورستر دەكات، هەرێمی كوردستان لە شەڕێكی سەختدایە لەگەڵ داعش، حكوومەتی عێراق بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستانی بڕیوە، زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار ئاوارە لە هەرێمی كوردستاندا هەن، ئەمڕۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم گۆڕانكاریی گەورەدایە، بۆیە نەدەبوو گۆڕان ئاژاوە و دووبەرەكی بخاتە ناو خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە، نەدەبوو بابەتی سەرۆكایەتیی هەرێم ئەوەندە گەورە كرابایە، گۆڕان لەگەڵ ئەوە بوو سلێمانی لە هەرێمی كوردستان جیا بكاتەوە و وڵاتێكی ناوچەكە پشتگیری لێ بكات".

ئاماژەیشی دا كە، "ئێمە وەك میللەتی كورد بە كۆمەڵێك  قۆناخی سەختدا ڕەت بووین، هیوادارم سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەوڵێكی جیددی بدات بۆ یەكخستنەوەی ناو ماڵی كورد، بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ ئەو گۆڕانكاریانەی لە ناوچەكەدا ڕوو دەدەن، ئێمەیش لەگەڵیاندا بچینە پێشەوە و بە هیوا و ئاواتەكانی خۆمان بگەین".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085