نوێترین

recent

13/10/2015

٨ زیندانیی کورد لە ورمێ ئێعدام کران + وێنە و ناوەکان

بەرپرسانی ڕێکخراوی زیندانەکان و ئیقداماتی ئەمنییەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ورمێ، ٨ هاووڵاتیی کوردیان لە سێدارە دا.
سەر لەبەیانیی دوێنێ دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی، لە حەوشەی زیندانی "دەریا" لە شاری ورمێ ٨ زیندانیی کورد ئێعدام کران.

ئەو ئێعدامانە دوای ڕاگواستنی شەوانەی زیندانیەکان بۆ ژووری تاکەکەسی ئەنجام دەدرێن.

هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لە ورمێ سەرەڕای پشتڕاست‏کردنەوەی هەواڵی ئێعدامەکان، ڕایگەیاند: دەزگا قەزاییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا ئەو هاووڵاتییانەیان بە کڕین و فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان تاوانبار کردبوو و حوکمی کۆتایی ئەو بڕیارەش لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست‏کراوەتەوە.
28799.jpg
شوناسی ٥ کەس لەو کەسانەی کە ئێعدام کراون و بە ئاژانسی کورپا گەیشتوون بریتین لە:

کامران ڕەشیدی کوڕی دینۆ
ڕۆستەم پەریزین کوڕی فارس
خەلیل عەبداڵی کوڕی کامیل
یەعقووب عەلیزادە کوڕی عەلی
جەهانگیر سەحرایی کوڕی یووسف

پێشتر کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ـ ژێنۆ، ڕایگەیاندبوو کە "بەشێکی بەرچاو لە قوربانیانی سیاسەتی ئێعدام لە ئێراندا، چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤن کە لەژێر ناوی "تۆمەتی کڕێن و فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە ئێعدام دەکرێن".
28800.jpg
هەروەها بە بۆنەی ١٠ی ئۆکتۆبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونە دژی سزای ئێعدام، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ئامارێکی بڵاو کردەوە کە بەپێی ئەو ئامارە لە ماوەی ئەمساڵدا ئاماری ئێعدام بەرز بووەتەوە و لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا لەوێنەی نەبووە.

ئەو ناوەندە داکۆکیکارەی مافی مرۆڤ، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ماوەی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی‌دا ئێعدام کراون بە ٨٠٠ کەس بەراورد کردووە.

زۆربەی بەرپرسانی قەزایی حکوومەتی ئێران چەندین جار دانیان بەوەدا هێناوە کە بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدام هیچ‏کات نەیتوانیوە پێش لە تاوانە پێوەندیدارەکان بە ماددە سڕکەرەکان بگرێت. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری ژمارەی ئێعدامەکان، پلەی یەکەمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دووهەمی لە ئاستی جیهاندا هەیە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085