
مەكتەبی سیاسی پارتی بەبۆنەی 69 ساڵی دامەزراندنییەوە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە جارێكی دیكە بە توندی وەڵامی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان دەداتەوە.
لهو بهیاننامهدا هاتووه” جێی داخە، سازان تەنیا لەسەر ئاستی وەرگرتنی پۆست و پلە و پایە جێبەجێ كرا، ھێزە ھاوبەشەكانی دیكە وەك پارتی شانیان نەدایە بەر بەرپرسیارییەكان و، لە زۆر ھەڵوێستدا، وەك ئۆپۆزسیۆن خۆیان نواند و وەك شەریكی راستەقینە ئەركەكانیان بە ئەستۆ نەگرت
دەقی بەیاننامەكە:
بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
بەبۆنەی (٦٩)ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان
رۆڵەكانی نەتەوەی كوردی دلێر
ھاووڵاتیانی ئازیزی كوردستان
ئەندام و لایەنگر و جەماوەری تێكۆشەری پارتیمان
شەست و نۆ ساڵ لەمەوبەر، ئەو دەمەی نەتەوەی كورد، كە چوارەمین گەورە نەتەوەی ناوچەكەیە، لە مافی دیاریكردنی چارەنووس بێبەش كرا و لە سەرینی بەزۆر سەپاندنی سنورە دەسكردەكانی سایكس بیكۆدا، كوردستان دابەش كرا و ھەوڵدرا بە ئاگر و ئاسن ئینسانی كورد تەسلیم بەو قەدەر و چارەنووسە شووم و تاریكە بكرێت، لە ناو ئەو نائومێدی و بێھیواییەدا، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك ئومێدبەخش و فریادرەسێك دامەزرا و ھاتە مەیدان، تا بە ھەموو دونیا بڵێت گەلی كوردستان ناچێتە بن باری ئەو غەدرە مێژوییە و بە دابەشی خاكەكەی و لكاندنی بە دەوڵەتە دەستكردەكان و بە بێبەشكردنی لە مافە نەتەوەیی و ئینسانییەكانی قایل نابێت. پارتی دروست بوو تا ئومێد و ھیوا و بڕوابەخۆبوون لە دڵی تاكی كوردستانیدا دوبارە بچێنێتەوە و پێشرەوایەتی خەباتی نەپساوەی شێلگیرانەی گەلەكەمان بكات تا بەدەستھێنانەوەی تێكڕای مافە زەوتكراوەكان و گەیشتن بە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی.
پارتی لە سەر رێبازی مستەفا بارزانیی دامەزرێنەر و سەركردە دووربین و شۆڕشگێڕەكەی، گرێی (خۆبەكەمگرتن)ـی لە ناخی ئینسانی كوردستانیدا رەواندەوە و، ھەر لە دەسپێكیشەوە بنەماكانی كوردایەتی و بزاڤی رزگاریخوازی كوردستانی بە جۆرێك داڕشت كە لەگەڵ ھەموو بەھاكانی عەدالەتخوازی و پرنسیپەكانی دیموكراتی و یەكسانی نێوان گەلان و باوەڕ و بەھا ئینسانییەكانی دوای جەنگی جیھانی بگونجێ، تا ھەرگیز بەھانە نەكەوێتە دەست داگیركەرانی كوردستان بە تۆمەتی تیرۆریستی و توندرۆیی و شەڕانگێزی، رەوایی بدەنە سەركوت و لەنێو بردنی ئەم گەلە و بزوتنەوە رزگاریخوازەكەی.
لەم پێودانگەوە، پارتی بە درێژایی كاروانی خەباتی سەرباری ھەوراز و نشێو، شكست و سەركەوتن، نەیھێشت كوردایەتی لە مانا ئینسانییە قووڵەكەی لابدا، تیرۆر و توندرۆیی حەرام كرد و بە رەغمی دڕندەیی دوژمنان، خەباتێكی پاك و بێگەردی مەشاند، رێی بە دەمارگیری نەتەوەیی نەدا و ھەر بۆیەش مەیدانی خەباتی بزاڤی رزگاریخوازیی بووە مەیدانی تێكۆشانی تێكرای كوردستانیان بە كورد و توركمان و كلدان سریان ئاشووری و ھەموو پێكھاتەكانەوە، رێی بە پەڕگیریی ئایینی و ئایینزایی نەدا و ھەر بۆیەش پارتی بووە چەتری كۆكەرەوەی ھەمووان بە جیاوازی ئایین و ئایینزا وە و، بووە قوتابخانەی ئاوێزانبوونی ئایین و نیشتمانپەروەری. پارتی ئەو باوەرەی لای گەلی كوردستان چەسپاند كە خۆی لە گەلانی دیكە بە كەمتر نەزانێ و بە مافی كەمتر لەوان قایل نەبێت، بەڵام ھەمیشە ھاوژیانی و ھاوكاری و بنیاتنانی بناغەكانی ھاوسێیەتی لەگەڵ گەلانی ناوچەكەدا مەبدەئێكی نەگۆڕی بوو .
بەم روانگا رەسەن و رۆشنەوە و پاڵپشت بە خەڵكی فیداكاری كوردستان، پارتی دەستی بە پێشڕەوایەتیی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان كرد و قۆناغ بە قۆناغ و بە خەباتێكی ئاوێتە لە تێكۆشانی سیاسی و جەماوەری و رێكخراوەیی و چەكداری و دیپلوماسی، توانی ئیعتراف بە وجودی نەتەوەیی كورد و سەرەتای مافەكانی بە دەست بێنێتەوە و، بناغەی گەیشتن بە تێكڕای مافەكان داڕێژێت. خۆڕاگریی پارتی سەرباری نسكۆ و پیلانگێڕی و دەستنەپارێزیی دوژمنان، رۆژ بەرۆژ دوژمنانی لەو باوەرە نزیك دەكردەوە كە مەحاڵە ئەم نەتەوەیە سەرنەوی بكات و دەست لە داواكانی ھەڵگرێت، ھاوكاتیش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رای گشتیی دونیاشی نزیكتر دەكردەوە لە باوەڕھێنان بە رەوایی دۆزی كورد و زەرورەتی چارەسەریی دیموكراتیانە بۆ ئەو دۆزە رەوایە.
ئەمڕۆ كە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دەكەینەوە، گەلەكەمان لە قۆناغی چنینەوەی بەری یەكجاری خەباتی سەدساڵەی خۆی نزیك بووەتەوە و سایكس پیكۆیش وەك میكانزمێكی فاشل كە جگە لە مەینەتی و نائارامی ھیچی بۆ ئەم ناوچەیە بەدەستنەھێنا، لە گیانەڵادایە و كوردستان و ناوچەكە لە ئاستانەی گۆڕانكاری مەزن و یەكلاكەرەوەدان.
چاوەڕوانكراویش بوو كە ھاوزەمان دوژمنان و ناحەزانیش دواتیری خۆیان بھاوێژن و دوایین ھەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ ئاستەنگكردنی گەیشتنی كورد بە دوائامانج. لە سەرینی ئەم راستییەشەوە كوردستان لە ئێستادا دووچاری جۆرەھا تەحەددی و قەیران و شەڕ و گێچەڵ كراوەتەوە، كە سەختترینیان شەڕی نانبڕین و ئاستەنگكردنی پرۆسەی تەنمییە و، وەرچەرخاندنی ئاڕاستەی پەلاماری دەوڵەتی تیرۆریستی داعش بوو بەرەو كوردستان و، داسەپاندنی شەڕێكی سەخت بە درێژایی سنوور بەسەر گەلەكەمان و پێشمەرگەی كوردستاندا.
حۆشبەختانە و بە ھیممەتی خەڵك و پێشمەرگەی نەبەز و قارەمان، كوردستان بە سیاسەتێكی ئارامگر و خۆڕاگرانەوە و پاڵپشت بە حیكمەت و دووربینیی سیاسی سەرۆك بارزانی و دامەزراوە نیشتمانییەكانی و ھێزە سیاسییەكانی، توانیمان سەركەوتوانە رووبەرووی ھەموو تەحەددی و ھەڕەشە و پیلانەكان ببیینەوە. گەلە خۆڕاگرەكەمان توانی بەرگەی نانبڕین و بودجە و موچەبڕین بگرێت. پێشمەرگەی دلێری كوردستان سەرباری گوشار و ئابڵوقە و كەمیی چەك و تفاق، توانی نەك ھەر ھەرێم بەڵكو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێمی كوردستانیش بە خوێن و قوربانیدان و نەبەردی و قارەمانێتییەكی كەم وێنە بپارێزێ، توانی ئەفسانەی داعش و پێشرەوییەكانی تێكبشكێنێ و وەك یەكەم ھێزی سەرزەمین، ئەو رێكخراوە دڕندە و شەڕانگێزە شكستخواردوو بكات و زۆربەی ھەرە زۆری ناوچە پەلاماردراوەكان ئازاد بكاتەوە. ھاوكات سەنگ و ھەوڵە دیپلوماسییەكانی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی كوردستان توانی فراوانترین پشتیوانیی سیاسی و سەربازیی نێودەوڵەتی بۆ دیفاع لە كوردستان دابین بكات. كورد و پێشمەرگە بەو بەرگری و نەبەردییە دلێرانەیە وەك ھێزی داكۆكی لە بەھا بەرزەكانی مرۆڤایەتی لە دژی وەحشیگەری و تاریكی پەرستی، ھێندەی دیكە ئیعتبار و پێگەی لای رای گشتیی جیھانی چووە پێش، بە تایبەت كە توانی نەك ھەر گەلی كوردستان، بەڵكو ملیۆنان ئاوارە و پەناھەندەی جەنگزەدە لە نەتەوە و ئایین و ئایینزا جیاجیاكان بپارێزێ. كوردستان توانی ئەو شەڕ و پەلامارە بە سەركەوتن و دەسكەوتی سیاسی و مەعنەویی گەورە بۆ خۆی وەرچەرخێنێ و، بۆ ھەموو دونیای بسەلمێنێ كە گەلێكین شایستە بە ژیانێكی سەربەخۆ و سەربەرزانە.
ھاووڵاتیانی ئازیزی كوردستان ..
ھەڤاڵان و جەماوەری پارتیمان ..
پارتی وەك حزبێكی بە ئەزموونی ئاییندەبین، بەر لەم پێشھاتانە، دەیزانی لە یەك كاتدا دەرفەتی مەزن و ھەڕەشە و مەترسیی گەورەش بەڕێوەن، دەشیزانی كە ھەم لەدەستنەچوونی دەرفەتەكان و ھەم رووبەرووبونەوەی ھەڕەشەكان، پێكەوەیی و بەشداری و ھاوكاریی ھەموو ھێزە سیاسییەكانی كوردستان دەخوازێ، ئەزموونی رابردوویش ھەر لە پێكھێنانی بەرەی كوردستانی لە ھەلومەرجێكی ھاوشێوەی ئیستادا كە دەرفەت و پێشھاتی یەكلاكەرەوە لە رۆژەڤدا بوو، داوتریش خەباتی پێكەوەیی و ھاوپەیمانیی پارتی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لایەنەكانی دیكەی بەشدار لە پرۆسەی سیاسیی كوردستان لەسەروبەندی داڕشتنەوەی ناسنامەی عێراقی نوێدا، ئەو وانەیەی بەرجەستە كرد كە لە ھەر چركەساتێكی مێژوویی یەكلاكەرەوەدا، گەر یەكسەنگەر و یەكھەڵوێست و ھاوخیتاب و پێكەوە بین، بەزاندنی ھەڕەشەكان و دەستەبەری دەستكەوت بۆ گەلەكەمان مسۆگەرە و، پێچەوانەكەشی لەدەستدانی دەرفەت و دەستكەوتە.
ھەر بۆیەش لە سەروبەندی پێكھێنانی كابینەی ئێستای حكوومەتدا، پارتیمان پێداگیری و پەرۆشی و نەرمی و ئارامگیرییەكی زۆری نواند تا لە جیاتی حكوومەتی زۆرینە و دابەشبوونی ھێزە سیاسییەكان بەسەر حوكمڕان و ئۆپۆزسیۆندا، زەمینەی حكوومەتی بنكەفراوان برەخسێ و لەم چەند ساڵەی لە پێشمانە، ھەم حوكمڕانی و ھەم بڕیاری سیاسیی چارەنووسساز بە رای ھەمووان و بە بەشداریی ھەمووان و بە سازان و تەوافوق بەڕێوە بچێت.
سازان بووە ئەو پرەنسیپە ھاوبەشەی كە ھەمووان لەسەری پێكھاتن و تێكڕای دامەزراوەكانی ھەرێم بەوپێیە دارێژران و ئەرك و بەرپرسیارییەكان دابەش كران، ئومێدیش وابوو كە ئەو حوكمڕانییە ھاوبەشە، ھاوسەنگەریی و ھاوخیتابییەكی قوول و تۆكمەی سیاسییش ھاوشانی بێت كە رووبەرووبونەوەی ھەڕەشەكان دەیخوازێ .
بەڵام جێی داخە، سازان تەنیا لەسەر ئاستی وەرگرتنی پۆست و پلە و پایە جێبەجێ كرا، ھێزە ھاوبەشەكانی دیكە وەك پارتی شانیان نەدایە بەر بەرپرسیارییەكان و، لە زۆر ھەڵوێستدا، وەك ئۆپۆزسیۆن خۆیان نواند و وەك شەریكی راستەقینە ئەركەكانیان بە ئەستۆ نەگرت .
دواجاریش لە ٢٣ـی حوزەیرانی رابردوودا ئەو بنەما و بەردی بناغە و پرەنسیپەی كە حوكمرانی و پرۆسەی سیاسیی كوردستانی لەسەر بینا كرابوو، پرەنسیپی سازان، كە ھەمووان لەسەری رێككەتبووین و، بەوپێیە دەبوا ھەموو یاسا و بڕیارە رەھەند نیشتمانییەكان بە كۆدەنگی و بە رەزامەندیی ھەمووان تێپەڕێن، خرایە بەر ھەرەشەی كۆدەتا و، ھێزگەلێك ویستیان لێی ھەڵگەڕێنەوە. مەبەستیش لەو گەلەكۆمەكێیە پەراوێزخستن و شكاندنی ئیرادەی پارتی و خۆسەپاندن بوو بەسەریدا، بێباك لەوەی بیركردنەوە لە پەراوێزخستن و دەرپەڕاندنی گەورەترین ھێزی سیاسیی كوردستان لە ھاوكێشەكە، چ نادیدەگرتنێكی بەرچاوتەنگانەی جەماوەر و لایەنگرانی فراوانی ئەو پارتەیە، چجای پێگە و مێژوو و خەبات و سەنگە نێوخۆیی و ئیقلیمی و جیھانییەكەی..!
ھاووڵاتیانی ئازیز ..
لایەنگرانی دڵسۆزی پارتی ..
ئێمە لەو باوەڕەداین، گەر بەدنیازی و كۆنەقین و گیانی كۆدەتاچێتی و قۆڵبادانی یەكدی لە ئارادا نەبوایە، بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی كوردستان و ھەستیاریی قۆناغ و ھەلومەرجەكە، پرسی سەرۆكایەتیی ھەرێم قابیلی چارەسەرێكی گونجاو و تەوافوقی بوو، چاوەڕوانیشمان وابوو كە لەو كاتەی میللەتەكەمان بە ھۆی ئابڵوقە و گوشار و مەینەتییەكانی جەنگ و نەداری و قەیرانە جۆراوجۆرەكانەوە لە تەنگژە و نارەحەتیدایە و، رۆڵە دلێرەكانمان لە بەرەكانی بەرگریدا گیان دەبەخشن و چاوەڕێی ھاندان و پشتیوانیی ئێمەن، ئەم بابەتە نەكرێتە تەنگژە و قەیرانێكی سەربار.. دەبوا لە جێی قەیرانخوڵقاندن، ھەموو پێكەوە لە خەمی كەمكردنەوەی مەینەتیەكانی سەرشانی گەلە خۆڕاگرەكەماندا بین. ئەرك و بەرپرسیاریی نیشتمانی و مێژوویی سەرشانمان ھەر ئەوەمان لێ دەخوازی.
كوردستانیانی ھێژا ..
ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرباری ھەموو قەیران و مەینەتییەكان، سەرباری ئەم ناكۆكی و ململانێ نێوخۆییە نابەجێ و ناموجەب و ناوەختەی كوردستانی پێوە سەرقاڵ كراوە، ئاسۆ روون دەبینین، دڵنیاین گەلەكەمان ئەم تەنگژە و گرفتانەش تێدەپەڕێنێ و، رەنج و خەبات و قوربانیدانی ئەم گەلە ھەرگیز بەفیڕۆ ناچێ و بە ئاواتە مەزنەكانمان دەگەین و رۆحی شەھیدانمان شاد دەكەین. سەرچاوەی ئەم دڵنیاییەشمان، خۆڕاگری گەلەكەمان و گیانبازیی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستانە.
لە یادی شازدەی ئابدا، بەڵێن و وەفاداری بۆ گیانی پاكی رابەر و دامەزرێنەری پارتیمان مستەفا بارزانیی نەمر و تێكڕای شەھیدانی پارتی و رێگای رزگاری كوردستان نوێ دەكەینەوە، كە درێژەپێدەر و پارێزەر و قوتابی بە ئەمەكی رێبازی بارزانی و پارتی بین.. بە خوێن ئەو دەستكەوت و سەركەوتن و بەھا بەرزانە بپارێزین كە ئەوان بە خوێن و خەبات و كۆڵنەدان بەدەستیان ھێنا.
سووربوونی خۆمان لە خەبات لە پێناوی بەدیھێنانی خواست و ئاواتەكانی گەلی كوردستان دووپات دەكەینەوە و، جەماوەری خۆڕاگری پارتیمان و خەڵكی بەشەرەفی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە پارتی بە پشتیوانیی میللەت جگە لە سەركەوتن ھیچ رێگەیەكی دیكەی لەپێش نییە. پارتی زۆر ھەوراز و نشێوی سەخت و دژواری بڕیوە و ھەموویشی ھەر بە سەركەوتویی و سەرفرازی تێپەڕاندووە..
سڵاوی گەرم و سوپاس و پێزانین بۆ تێكڕای ھەڤاڵان و كادیر و لایەنگران و جەماوەری پارتیمان، كە خۆنەویستانە و دڵسۆزانە لە خەبات و داكۆكی لە پارتەكەیان و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی بەردەوامن و، بە ئارامگرییەكی شۆڕشگێڕانەوە بەرگەی قەیران و كێشە جۆراوجۆرەكان و سەختییەكانی ژیان و گوزەران دەگرن.
سڵاو لە گیانی سەرجەم شەھیدانی كورد و كوردستان و درود و نەمری بۆ گیانی پاكی بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی ھەمیشە زیندوو . ..
سڵاو لە گیانی پاكی شەھیدانی پاراستنی كوردستان لە جەنگی چارەنووسسازی دژەتیرۆر و داعشدا، سڵاو و سەرنەویكردن بۆ خانەوادە سەربەرزەكانیان..
سڵاو لە خۆڕاگری و كۆڵنەدانی خوشك و برایانی ئێزدی، كە ساڵێك بەسەر كارەساتی شنگالدا تێپەڕیوە و ئازارەكانیان لە بیر ناكەین..
سڵاو لە پێشمەرگە نەبەز و دلێر و قارەمانەكانی كوردستان ..
سڵاو لە جەماوەری خۆڕاگر و پشتیوانی پێشمەرگەی كوردستان..
هەرشەكاوە بێت ئاڵای پیرۆزی كوردستان
مەكتەبی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
16ی ئابی 2015
from Wllat Net http://ift.tt/1TGsPzH
via IFTTT