نوێترین

recent

21/08/2015

پەیامێک لە عەلی بـاپــیـرەوە

ali bapir

دادگەریی بناغەی تەباییەو، ستەمکاریی ھۆکاری لێک جیاییە

لەم ڕۆژانەدا خەڵکی ھەرێمی کوردستان بە بژاردەی سیاسیی‌و سەرجەم توێژەکانەوە سەرگەرمی باس‌و خواسی پێکەوە گونجان‌و سازانن‌و، نیگەرانی ناتەبایی‌و لێک ترازانن، منیش بەپێویستم زانی لەوبارەوە چەند دێڕێکی کورت بنووسم، بەمەبەستی دانانی چەند نیشانەو قوچکە (معالم)ێک بۆ ڕووشنکردنەوەی ڕێگای ڕاستەقینەی پێکەوە گونجان‌و تەبایی‌و سازان:

یەک: تەبایی ڕاستەقینە لەنێو کۆمەڵگادا تەنیا لەسەر بناغەی دادگەریی (عدل) بنیات دەنرێ، ھەربۆیەش خوای کاربەجێ تێکڕای پێغەمبەرانی لە ئادەمەوە تا خاتەم “علیھم السلام” بۆ چەسپاندنی دادگەریی ناردوە: {ڵقَدْ أرْسَلْنَا بِالبَیِّنَاتِ وأنْزَلْنَا مَعَەُمُ الْکِتَابَ ۆالْمِیزَانَ لِێقُومَ النَّاسَ بِالْقِسْط…} الحدید -٢٥-.

دوو: لەماوەی (٢٤) ساڵی ڕابردوودا، ستەمی جۆراوجۆر لەھەموو بوارو ئاستەکاندا لە ھەرێمەکەماندا بەرجەستە بووەو، دەستڕۆیشتوو و بڕیار بەدەستان، ئیرادەیەکی جیددییان نەخستۆتە گەڕ بۆ چاکسازیی ڕیشەیی‌و، بەرجەستەکردنی فاکتەرەکانی چەسپاندنی دادگەریی‌و، نەھێشتنی پێچەوانەکەی کە ستەمکارییە، وەک: بەدامەزراوە کردنی کاروبارەکان‌و، سەروەرکردنی یاساو، مرۆڤبوون‌و ھاووڵاتیی بوون کردنە پێوەرو، نەھێشتنی ھەیمەنەی حیزب‌و گرووپ‌و کەس بەسەر حکوومەت‌و دام‌و دەزگاکانیدا، کە ماک‌و میکڕۆبی گەندەڵیی‌و قۆرخکاریی‌و… ھتدە.

ســێ: ھەڵبەتە ئەوەی کە بۆتە بپەرچ (مانع)یش لەڕێ‌ی چاکسازیی ڕیشەییدا، ئەو بەرژەوەندییە ستەمکارانەو ناشەرعییانەی ژمارەیەک لە بەرپرسان‌و، دەوروبەرە ھەلپەرستەکەیان بوون، چونکە {ڕاوچی خراپ لەئاوی لێڵدا ڕاودەکات} و {دز بازاڕی ئاڵۆزی دەوێ}.

چـوار: کەواتە ئەگەر دەمانەوێ چارەسەری ڕیشەیی کێشەو گرفتەکانمان بکەین، با کۆتایی بەحاڵەتی ستەمکاریی‌و قۆرخکاریی‌و گەندەڵیی بێنین‌و، دڵنیابین کە بەبێ دادگەریی مەحاڵە پێکەوە گونجان‌و تەبایی بەرقەراربێ، ئایا ھیچ دیوارێک بەبێ بناغە ڕادەوەستێ؟!

پـێـنـج: خوای کاربەجێ لەچەندان ئایەتدا ھەواڵی پێداوین کە بەھۆی ستەم‌و جیاکارییەوە کۆمەڵگاکان ھەرەس دێنن، بۆ وێنە خوا فەرموویەتی: {…ومَا کُنَّا مُهلِکِی الْقُرَی إِلاّ وأهلُەَ ظالِمُون} القصص -٥٩-، واتە: وەئێمە ئاوەدانییەکان نافەوتێنین، مەگەر خەڵکەکەیان ستەمکار بێ!

بۆیە ئەگەر دەمانەوێ ھەرێمەکەمان بەرەو ھەرەس‌وداڕمان نەچێ، با ھەرچی زووترە قۆڵی لـێ ھەڵکەین‌و، کۆتایی بەسەرجەم جۆرەکانی ستەم (ظلم) بێنین، ھەنگاوی یەکەمیش ئەوەیە کە بەرپرسە باڵاو دەستڕۆیشتووەکان، لەخۆیان‌و خزم‌و نیزیک‌و دەوروبەریانەوە دەست پێ بکەن‌و، چیدیکە قبووڵ نەکەن: کەسانی مشەخۆر لەپەنای ئەواندا سامانی حەڕام وەسەرێک بنێن‌و، سەرەنجام حکوومەت‌و وەزارەتەکانی ھەژارو لات بکەون‌و، کەسانێکیش بەپارەی حەڕام ببنە ملیارد لێر!!

شەش: بێگومان پێکەوە گونجان‌و پێکگەیشتن‌و ڕێککەوتنیش، بەبێ بۆ یەکدی دابەزین (تنازل) دەستەبەر نابێ‌و، دیارە دابەزین‌و خۆ نەوی کردنیش زیاتر لەوانە چاوەڕێ دەکرێ، کە زۆر ھەڵکشیون‌و چوونە سەرەوەو، پشکی زیاترو گەورەتریان لەلایە، ئەگەرنا کەسێک ھیچی نەبێ، ھیچ نابەخشێ (فاقد الشیء لایعطیە).

بەدڵنیاییش ئەو باجەی کە بۆ تەبایی‌و ڕێککەوتن دەیدەین‌و، ئەوەی کە بۆ پێک گەیشتن دەستبەرداری دەبین، زۆر کەمترە لەوەی کە بەھۆی ناتەباییەوە لەدەستمان دەچێ.

حەوتەم: لەکۆتاییدا ھیوادارم ھیچ کورسیی‌و پێگەوپایەیەک‌و، ھیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتیی‌و، ھیچ گرێ‌و گرفتێکی ڕابردوو، نەتوانێ بەسەر ھەوڵ‌و ھیممەتی دڵسۆزانی ئەم وڵات‌و خەڵکەدا زاڵ بێ‌و، سەرەنجام بتوانین لەسەر بناغەی دادگەرییەکی گشتگیر، تەبایی‌و یەکڕیزیی‌و یەکڕەنگییەکی مەحکەم‌و پتەو، لەھەرێمەکەماندا بێنینەدی، وەخەڵک‌و جەماوەرە بەدەست چەندان کێشەو قەیرانەوە گرفتارەکەمان، بەگشتیی‌و، پێشمەرگە فیداکارە وڵات‌و دین‌و ژین پارێزو خۆڕاگرەکانمان، بەتایبەت، دڵخۆش بکەین‌و لەسەرەوەی ھەمووکەسیشەوە، خوای کاربەجێ‌و دادگەر لەخۆمان ڕازی بکەین.
 
عــەلــی بــاپــیــر
٦/ زولقەعیدە ١٤٣٦ کـ
٢١/٨/٢٠١٥ ز
ھەولێر


from Wllat Net http://ift.tt/1Kaq8QU
via IFTTT
Picsart-24-02-23-21-31-09-085