
“پارتیو بارزانی” دوو ناوی ئەوەندە تێهەڵكێشن كە لێكجیاكردنەوەیان ئەستەمە، لەناو پارتیدا بەئەندازەیەك “بنەماڵە” لەپرۆسەی دیموكراسی بەهێزترە، كە 69 ساڵە ئەم پارتە لەلایەن باوكو كوڕێكەوە بەڕێوەدەبرێت.
سات محەمەد
پارتی دیموكراتی كوردستان یەكێكە لەدێرینترین پارتەكانی كوردستان، ئەم پارتە بەدرێژایی چواردە ساڵی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول، بەهێزترینو گەورەترین پارتی سەر شانۆی سیاسی كوردستان بو، بەدرێژایی 69 ساڵی رابردوش تەنها دو سەرۆكی بەخۆیەوە بینیوە، كە ئەوانیش بارزانی باوكو بارزانی كوڕن.
زۆرن ئەو سەرچاوە مێژویانەی كە پێداگری لەسەر ئەوە دەكەن بیرۆكەی دامەزراندنی پارتی، لەبنەڕەتدا بیرۆكەی كۆمەڵێك رۆشنبیری هەڵسوڕاوی سیاسی نیوەی یەكەمی سەدەی بیستەم بوە نەك مستەفا بارزانی، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم رۆشنبیرانە پێگەی كۆمەڵایەتییان بەهێز بكەن، مستەفا بارزانییان كردوە بەسەرۆكی پارتەكەیان.
ئەو سەرچاوانەش كەم نین كە ئاماژە بەوە دەكەن مستەفا بارزانی باوەڕێكی ئەوتۆی بەحزبایەتیو ئۆرگانو پرەنسیپە حیزبیەكان نەبوە، بەڵام ئەوە قەدەری رۆژگار بو كە دوای گەڕانەوەی بارزانیەكان لەسۆڤیەت لە1958و هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول لە1961دا، تۆكمەترینو بەهێزترین گروپی ناو شۆڕش بن.
لەو ساتەوەختەدا مستەفا بارزانیو بارزانیەكان، که لەیەكێتی سۆڤیەتو باشوری عێراقو ئێرانەوە گەڕابونەوە بۆ بارزان زیاتر لەهەمو خێڵ و گروپەكانی دیكە جێ پەنجەیان بەروداوەكانی نیوەی یەكەمی سەدەی بیستەمەوە دیاربو.
ئەمە جگە لەوەی كە مەلا مستەفا پیاوێكی كردەو تێكەڵ بەخەڵك بو، ئەزمونی ژیانو راكە راك ئەوی فێری راستییەك كرد بو، لەدنیای سیاسەتدا تەنها ئەوانە رێزیان بۆ دادەنرێت كە “بەهێزن”. لەمانۆڕ كردنو یاریكردن لەسەر چەند پەتێكو لهدروستكردنی بڕیاری سیاسی پارتیشدا، ركەبەری نەبو.
بەبێ رەچاوكردنی پەیڕەوی ناوخۆو بەبێ پرسو راوێژ لەگەڵ مەكتەبی سیاسی، رێككەوتنو ئاگربەستی لەگەڵ حكومەت دەكردو سكرتێرو ئەندامانی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتیشی بەكەیفی خۆی لادەبردو دەگۆڕی. تا کار گهیشت بهوهی لەئازاری 1975دا، كۆتایهاتنی شۆڕشی ئەیلولی راگەیاند.
مستەفا بارزانی، كە یانزە ساڵی ناوەڕاستی ژیانی لەیەكێتی سۆڤیەت بەسەربردبو، سێ ساڵی كۆتایی تهمهنی لەئەمەریكا گوزەراندو دوای چەند ساڵ تلانەوە بەدەست نەخۆشی شێرپەنجەوە لەئازاری 1979دا لەنەخۆشخانەیەكی واشنتۆندا سەرینایەوە.
دوای خۆی، بەهێزترین جێنشینەكانی بۆ سەرۆكایەتی پارتی “مەسعودو ئیدریس”ی كوڕی بون، بەسەرنجدان لەوەی كە دەمێك بو هەرەمی دروستكەرانی بڕیاری سیاسی لەنێو پارتیدا لەبەرژەوەندی ماڵی بارزانی یەكلایی كرابۆوە، سەرەنجام مەسعود بەسەرۆكی پارتی هەڵبژێردراو ئەم هەڵبژاردنەش بەر ناڕەزاییەكی ئەوتۆ نەكەوت.
مەسعود بارزانی كە بەمیرات دەستوپێوەندێكی زۆرو سەرۆكایەتی یەكێك لەپارتە گەورەو دێرینەكانی كوردستانی لەباوكیەوە بۆ بەجێماوه، بەدرێژایی 36 ساڵی رابردو پارتی لەچەندین تەنگەژەی گەورە دەرباز كردوەو تەنانەت لەپێناو قایمكردنی جێی پێی خۆیو حیزبەكەشیدا، سڵی لەهیچ جۆرە ریسک كردنێك نەكردوەتەوە، بەتایبەتی لەناوهڕاستی دەیەی 1990دا كە كوردستان كەوتە نێو ئاگری شەڕی ناوخۆوە.
مەسعود بارزانی لەڕێگەی رێكخستنی پەیوەندییەكانیەوە لەگەڵ تاڵەبانی، پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمی بۆ خۆی مسۆگەر كرد، لەڕێگەی پەیوەندیەكانیەوە لەگەڵ توركیاو وڵاتانی كەنداو پڕۆژە بازرگانیو ئابورییەكانی بەهێز كرد، لەڕێگەی پەیوەندیی بەستن لەگەڵ كۆمپانیا نەوتیەكانی ئەمەریكاو رۆژئاواوە دەستی لەدۆسیەی نەوتی هەرێم گیر كرد. لەڕێگەی مانەوەی زیاتر لە10 ساڵی هوشیار زێباری خاڵیەوە لەوەزارەتی دەرەوەی عێراقدا، نزیك بەتەواوی نوێنهرایهتییەكانی دەرەوەی كۆنتڕۆڵ كرد، لەڕێگەی مەسرور بارزانیەوە سەرپەرشتی دۆسیەی ئەمنی كرد.
ئیتر بارزانی كوڕ، وەك مەلا مستەفای باوكی لەماڵێكی هاكەزایی سەركەپكان یان گەڵاڵەو حاجی ئۆمەرانەوە سەركردایەتی پارتەكەیو هەرێمی كوردستان ناكات، بەڵكو لەیەكێك لەقەشەنگترین هاوینەهەوارەكانی كوردستانو لەچەند ڤێلایەكی رازاوەو پڕ لەتوحفەی گرانبەهاو بریقەو باقدا لەگەڵ خێزانو نزیكترین كەسوكاریدا ژیان بەسەر دەبات، ئهو وێڕای ئهوهی 36 ساڵه سهرۆکی پارتییه، ماوهی 10 ساڵیشه سهرۆکی ههرێمه، هێشتا خوازیارە بۆ ماوەی دو ساڵی داهاتوش سەرۆكی هەرێم بێت.
from Wllat Net http://ift.tt/1J9JSPE
via IFTTT