حکومەتی تورکیا ھێزو پێداویستی سەربازی زیاتر ڕەوانەی سنوری ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، پەیەدەش ھۆشداریدەدات و ئەمریکا تورکیا ئاگاداردەکاتەوە، حزبە نەتەوەپەرستەکەی تورکیاش کورد بەداعش ناودەبات.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەباکوری کوردستانەوە دەست کەوتووە، حکومەتی تورکیا ٢٢ فڕۆکەی شەڕکەری لەجۆری (F١٦) ڕەوانەی فڕۆکەخانەی سەربازی ئەماسیا کردووە.
ئەوە زانراوە، زیاتر لە١٥ ھەزار سەربازی تورکیا بەدرێژایی سنوری تورکیا لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا بڵاوەپێکردووەو ژمارەی تانک و کەرەستە سەربازیەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادکردووە بەتایبەت لەسنوری گرێ سپی.
لەلایەکی تریشەوە پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) بەیاننامەیەکی بڵاوکردۆتەوەو تێیدا وێڕای نیگەرانی لەھەڕەشەی ھێرشی سەربازی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ھاوکات ھۆشداری ئەوەشیداوە، لەھەر ئەگەرێکی لەوشێوەیەی تورکیا بەرنامەی بۆداناوە، ئەوا یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بەشێوەیەکی زۆر توند وەڵامدەدەنەوە.
لەبەیاننامەکەیدا کە وێنەیەکی وڵات كەوتوە، پەیەدە لەشەش خاڵدا تورکیای دڵنیاکردۆتەوە لەوەی بەھیچ شێوەیەک ڕۆژئاوا جگە لەدۆستایەتی، نابێتە مەترسی بۆسەری.
لەگرنگترین ئەو خاڵانەش کە پەیەدە ئاماژەی پێکردووە باس لەوەدەکات، پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) نایەوێت لەباکوری سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان) دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دابمەزرێنێت.
لەبەشێکی تریشیدا ھاتووە:”وتەکانی سەرۆک کۆماری تورکیاش سەبارەت بەدامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی لەڕۆژئاوای کوردستان درۆیە، ئەوەی کە بە ڕاستی بوونی ھەیە گەشەی کانتۆنە خۆبەڕێوەبەرەکانە”.
لەبەرامبەر کۆکردنەوەی ھێزو ئەگەری ھێرش بۆسەر سوریاو ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمریکا، تورکیا ھۆشیار دەکاتەوەو جۆن کیری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتوویەتی:”لەئێستادا کردنەوەی ناوچەیەکی ئارامی ئەمنی لەسوریا پێویست نییەو ھێزە ھاوپەیمانەکانی ناوچەش ھەنگاو بۆ دانانی ئەم ناوچە ئەمنییە ھەڵناگرن و ئەوەش کێشەی گەورەی بەدوادادێت”.
ھاوکات دەوڵەتی باخچەلی سەرۆکی مەھەپە لەکۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەی لەپەرلەمانی تورکیا پێیوابووە، “کورد لەڕۆژئاوای کوردستان لەئامادەکاریدایە بۆ ئەوەی ھێرشبکەنەسەر تورکیا، ئێمە ھیچ جیاوازییەک لەنێوان داعش و پەیەدە نابینین، بۆیە ھێرشکردنەسەریان پێویستە”.
from Wllat Net http://ift.tt/1HBVXlY
via IFTTT
