
بەپێی نوێترین زانیارییەكان حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتدایە، تا موچەی فەرمانبەران دابین بكات و بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت:” دابەش كردنی موچە پێش جەژن پەیوەستە بە فرۆشتنی نەوتەوە”.
بەپێی زانیارییەكانیش بڕی پارەی فرۆشراوی نەوت ناگات و بەوەش پێش جەژن، ئەگەری دابەش كردنی موچەی هەموو وەزارەتەكان لاواز دەبێت.
هیڤا حاجی میرخان، بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوە كرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەوڵ دەدات لە رێگەی فرۆشتنی نەوتەوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابین بكات، بەڵام مەرج نییە، پێش جەژن موچە دابەش بكرێت.
وتیشی:” لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە پێمڕاگەیەندرا، هەوڵ دەدرێت لە رێگەی فرۆشتنی نەوتەوە، موچەی فەرمانبەران دابین بكرێت، بەڵام باسی كاتی موچەی ئەم مانگەیان نەكرد”.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی كوردستان باسی لەوەش كرد، كڕیار بۆ كڕینی نەوتی هەرێمی كوردستان هەیە و لە ئێستاوە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدات، كە سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت و موچە دابین بكات.
هیڤا حاجی میرخان وتيشى:” باشتروایە هیچ لێدوانێك لەسەر چۆنیەتی فرۆشتنی نەوت و دابین كردنی موچە نەدرێت، بۆ ئەوەی بەغداد ئاگاداری چۆنیەتی فرۆشتنی نەوت و دابین كردنی پارە نەبێت”.
وڵات ئەوەی دەستكەوتووە كە، وەزارەتی دارایی و ئابوری چاوەڕوانی بڕێك پارە لە بەغداد دەكات، بەڵام ئەو بڕە پارەیە بەپێی فرۆشتنی نەوت دەبێت و بەشی موچە ناكات، بۆیە پێش جەژن ئەگەری دابەش كردنی موچە لاوازە، یان ڕەنگە بتوانرێت تەنها وەزارەتی پێشمەرگە دابەش بكرێت.
from Wllat Net http://ift.tt/1C8Cvez
via IFTTT