
دوای ئەوەی وا بڵاوکرایەوە پرسیاری تاقیکردنەوەکانی قۆناغی ٩ و ١٢ی بنەڕەتی فرۆشراوەو پۆلیسیش ڕوونکردنەوەیدا، بەڵام پەرلەمان ھاتۆتەسەرخەت و دەڵێت:”ھیچ کەسێک لەسەر ئەو حاڵەتە دەستگیرنەکراوە”.
د. شێرکۆ حەمە ئەمین ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەپەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، بەدواداچونیان کردووە بۆ ئەو ھەواڵانە، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی.
وتیشی:”لەسلێمانی و ھەولێر حاڵەتی قۆپیەکردن ھەبووە لەڕێگەی ڤایبەرو ئامێری بێتەل و بلوتوسەوە، دوێنیش لەسلێمانی ٢٠ کەس دەستگیرکراون”.
د. شێرکۆ ئەوەی ئاشکراتکرد، کەسێک کە سەرۆکایەتی باندێکی کردووە ھەر لەسلێمانی دەستگیرنەکراوەو زانیاریمان ھەیە پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێت، “لەھەولێریش ھەمان حاڵەت ھەیە، بەڵام تائێستا کەسیان دەستگیرنەکردووە”.
لەبارەی ئەوکەسانەی دەستگیرکراون وتی:”ئەوکەسانەی دەستگیرکراون لەقۆناغی دادگایکردندان و ئێمەش وەک لیژنەکە چاودێریی دەکەین و نوێنەری وەزارەتی پەروەردەش چاودێریی دەکات”.
سەبارەت بەفرۆشتنی پرسیارەکانیش د. شێرکۆ ئاماژەی بەوەدا، پرسیار فرۆشتن دەنگۆیەکە ساڵانە لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا باسدەکرێت، بۆ ئەوەش لەگەڵ وەزارەت و پەروەردەکان لەسەر خەتن بۆ بەدواداچون، “چونکە تائێستا وەزارەت دانی بەوەدا نەناوە کە پرسیاری تاقیکردنەوەکان فرۆشراون”.
ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشکرایکرد، لەسێ ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک کەسیان دەستگیرکردووە، کە کڕین و فرۆشتنیان بەپرسیاری تاقیکردنەوە گشتیەکانی ١٢ی ئامادەییەوە کردووە.
پەرلەمانتارەکەش باسی لەوەکرد، خوێندکار ھەیە پێیڕاگەیاندوون، پرسیار فرۆشراوەو ئەوانیش لەبەدواداچوندان تاوەکو بزانن دەگەن بەبەڵگەی تەواو بۆ ئەو حاڵەتە یان نا.
from Wllat Net http://ift.tt/1H8Noip
via IFTTT