
باڵی سەربازی پژاک لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئێران دەستی بە ناردنی هێزی دژە پژاک كردووە بە جلوبەرگی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی گەریلادان. پژاک رایدەگەیێنێ كە بە توندترین شێوە رووبەڕووی ئەو هێزانە دەبنەوە. لە بەرامبەردا هەردوو لایەنی حیزبی دیموکرات دەڵێن زانیارییان لەبەردەستدا نییە ئایا هەواڵەکە راستە یان نا.
فهرمانداری بڕیارگەی ناوهندی هێزهكانی پاراستنی رۆژههڵاتی كوردستان (یەرەکە) ، باڵی سەربازی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، لە لێدوانێکدا رایگەیاند ” كۆماری ئیسلامیی ئێران له بهردهوامی سیاسهتهكانی دووبهرهكی سازکردندا، دهستی به ناردنی تیمی بهكرێگیراوی دژه پژاك كردووە به جلوبهرگی پێشمهرگهی حیزبی دیموكرات، بۆ ئهو ناوچانەی كه له ژێر كۆنترۆڵی گهریلاكانمان دان”. فەرمانداری یەرەكە جەختدەكاتەوە کە ئەم كارە قبوڵ ناکەن و بە توندترین شێوە رووبەڕوویان دەبنەوە.
لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە ” ئەم تیمانەی دژە پژاک لە ناوچەکانی مەریوان، بانە، سەردەشت و مەهاباد لە جوڵەدان و بە ناساندنی خۆیان وەکو پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات، دەستیان بە پروپاگەندە دژی بزووتنەوەکەمان و باجگیری لە خەڵک و هەڕەشەکردن لە کەسایەتییە وڵاتپارێزەکان کردووە.”
بەڵام بەرپرسانی حیزبی دیموکرات کوردستانی ئێران(حدکا) و حیزبی دیموکرات کوردستان (حدک)، کە هێزیان لە ناوچە سنوورییەکانی کێلەشین و هەڵگۆرد لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رەتیدەکەنەوە کە زانیاری لەو شێوەیەیان پێگەیشتبێ.
یەرەکە – باڵی سەربازی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە درێژەی راگەیەندراوەکەیدا هەڕەشە لەو تیمانە دەکات و دەڵێت ” سەرەڕای راگەیاندنی ئەم مژارە بە گەلەکەمان لە هەبوونی ئەم پیلانە مەترسیدارە و وابەستەبوونی ئەم تیمانە بە کۆماری ئیسلامی ئێران، رادەگەیێنین و لە ئەگەری بینین ئەم گرووپانە، بە تووندترین شێوە رووبەڕوویان دەبینەوە. ”
حەسەن شەڕەفی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، لەو بارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت ” ئێمە تا ئێستا زانیاری لەو شێوەیەمان پێنەگەیشتووە، کە هێزەکانی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە جلوبەرگی پێشمەرگەوە جوڵەیان پێکرابێت، هەرچەندە پێداگرین لەسەر ئەوەی هەموو شتێک لە رژێمی ئێران بەدیدەکرێت “.
هەروەها مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتی حیزبی حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک)، هەر لەو پەیوەندییەدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت ” ئێمە هیچ زانیارییەکمان لەو بارەوە نییە “.
رۆژی شەممەش پژاک لە بەیاننامەیەکدا هەڕەشەی تووندی لە هەردوو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) کرد و بە گرێدراوی بارزانی و ئێران لەقەڵەمی دان. هەردوو حیزبیش رایانگەیاند کە ئامادەنین وەڵامی پژاک بدەنەوە.
دوای ئەوەی هێزێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران(حدکا) لە ناوچەی کێلەشین جێگیربوون، لەلایەن هێزەکانی پەکەکەوە گەمارۆدران و دواتر شەڕ لە نێوانیان دروستبوو، بەو هۆیەوە پێشمەرگەیەکی دیموکرات گیانی لەدەستدا. پەکەکە رایگەیاند، کە ئەو ناوچەیە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەوانەو قبوڵ ناکەن هێزی دیکە لەوێ هەبێت، بەڵام حدکا رەتیکردەوە کە ئەو ناوچەیە جێبهێڵێت.
دوای شەڕی کێلەشین، شەڕی راگەیاندن لە نێوان هەردوولا بەردەوامە، ئەو بەیاننامەیەی هێزهكانی پاراستنی رۆژههڵاتی كوردستان لە کاتێکدایە، کە پەکەکە و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە کۆبوونەوەو رایانگەیاند، کە شەڕی راگەیاندن لە نێوان هەردوولا رادەگیرێت.
from Wllat Net http://ift.tt/1CoeM4E
via IFTTT