نوێترین

recent

12/05/2015

لە نێوان مەسعود بارزانی و وەفیق سامەرائییدا

وەفیق سامەرائی یەکێک لە ئەفسەرە پلە بەرزەکانی سەدام بوو، لە ناوەراستی نەوەدەکاندا لە دەستی رژێم هەڵهات و روی کردە کوردستان و لە وێشەوە بەرەو دەرەوەی عێراق. ئەو خۆی بە یەکێک لە سەرکردەکانی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی سەدام دەزانی. هاوکات خۆی بە دۆستێکی نزیکی کورد دەزانی چونکە ئەوە کوردستان بوو کە باوەشی بۆ کردەوەو لە دەستی رژێم رزگاری کرد. وەفیق پاش روخانی رژێم بوو بە یەکێک لە راوێژکارە نزیکەکانی سەرۆک کۆماری عێراق مام جەلال. پاشان مالکی وەک بەشێک لە سیاسەتەکانی بۆ گەمارۆدان و لاوازکردنی بەرەی سوننەکان، ئەمیشی خستە لیستی داواکارانی دادگاوەو ناچار بە پەلە پرۆزێ عێراقی بەجێهێشت.
ماوەیەکە ئەم پیاوە، دوای ئەوەی بە گوێرەی هەندێک زانیاری کۆمەڵێکی زۆر بەڵگە لەسەر تاوانەکانی خراوەتە بەردەستی دادگاکانی ئەوروپا و ئوردن و ولاتانی تر، ئەمیش هاوچەشنی مشعان جبوری کە ئەویش بە هۆی کۆمەڵێک دۆسێی گەندەڵیەوە خۆی لەدەستی دادگاکان رزگار کرد، دەستی کردووە بە خۆ نزیک کردنەوە لە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق. پێش ئەویش مشعان لە رێگەی خۆ نزیککردنەوە لە مالکی هەموو دۆسیەکانی دادگاکان بە شەوێک لەسەری لابرا و بوو بە هاوڵاتیەکی دەستپاکی ولات و گەرێندرایەوە بۆ عێراق. لە پاداشتی ئەمە مشعان هیچ دەستپارێزی نە ئەکرد لە جنێو دان و سوکایەتی کردن بە کورد. ئەمە بو بە کلیلی پاکبونەوەی مشعان لای مالکی و دارودەستەکەی. ئەمیش لە پال پیا هەلدان بە مالکی و پشت کردن لە سونەکان و دژایەتی بێ پەردەو بێ رەوشتانەی کورد، توانی جێگەیەک بۆ خۆی لە عێراقی نوێدا بکاتەوە. هاوچەشنەکەی مشعان، واتە وەفیق سامەرائی، بەهەمان شێوە، بەڵام ئەمجار بۆ سەرۆکە نوێکەی بەغدا: حەیدەر عەبادی، سەرقاڵی خۆ شرین کردن و پیاهەڵدانە بە عەبادی و حەشدی شەعبی. ئەو نەک هیچ رەخنەیەکی لە رەفتارەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچە سوننە نشینەکان نییە، وەک موقتەدا سەدر و سیستانی و بەشێک لە سەرکردەکانی شیعەکان کە دەنگی نارەزایەتیان بەرز کردەوەو تەنانەت عەبادیش ناچاری هەڵوێست وەرگرتن بوو دژیان. کەچی ئەم پیاوە، بێپەروا، رۆژ نییە لە وتارەکانیدا پیاهەلدانێکی زەق و زەلیلانە بۆ عەبادی و حەشدی شەعبی” پاڵەوان” نەکات. ئەم پیاوە لە پەنا پشت کردن لە سوننەکان و هۆنینەوەی ستایشی ئاست نزم بۆ شیعەو حەشدی شیعی و عەبادی، سەرقاڵی کارێکی قیزەونی ترە کە خۆی لە دژایەتی کردنی کورد و پرسی سەربەخۆیی کوردستاندا دەبینێتەوە.
من ناو بەناو سەیرێکی نوسینەکانی ئەم پیاوە لە فەیس بوک ئەکەم، گوێ لە هەندێک چاوپێکەوتنی ئەگرم، رونە کە لێوانلێوە لە دژایەتی کردنی کورد و مافەکانی، رق و قین هەڵڕشتنە لەسەر هەرێم و بەرپرسانی و سیاسەتەکانی. ئەم پیاوە بەو حوکمەی سالانێک لە موخابەراتەکەی سەدام کاری کردوە، بۆیە دەزانێت چۆن لەو بوارانەدا کار بکات و پەیامە ژەهراویەکانی خۆی بگەیەنێت.
وەفیق لەسەر دوو تەوەوری سایکۆلۆجی کاردەکات( پیشەی خۆی لە موخابەرات): یەکەم راکێشانی هەستی هاوڵاتیانی عەرەبی عێراق بە تایبەت شیعەکان بۆ دژایەتی کردنی ویستی گەلی کورد لە رێگای وێنا کردنی کورد وەک تێکدەر و پیلانگێڕ بۆ یەکگرتویی عێراق و ئاوەدانی عێراق، کورد وەک لایەنێک کە قەت نایەوێت ئەم عێراقە لە ئارامیدا بژیت و بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵی دۆشین و هەڵلوشینی ئابوری عێراقدایە.
تەوەری دووەم هەولدانێتی بۆ هاوتاکردنی کورد و کاک مەسعود. ئەو کە قسە لەسەر پرسی کورد دەکات، زیرەکانە هەم هەول ئەدات راستەوخۆ قسە لەسەر کورد نەکات( کە هەموو جارێک لەمەدا سەرکەوتو نییە) وە هەم کار لەسەر لایەنە کوردیەکانی تر دەکات و ناو بەناو دەیەوێت ئەوە بگەیەنێت کە بەشی زۆری لایەنە سیاسیەکانی کورد بە تایبەت گۆڕان و یەکێتی دژ بە سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمن و بە تایبەتی تریش دژ بە هەڵوێستەکانی مەسعود بارزانین. ئەم پیاوە لە رێگەی هێرش کردنە سەر سەرۆکی هەرێم، دەیەوێت پرسی کورد و رۆڵی کورد لە عێراقدا هەم بە شەخسی بکات و هەمیش درزێک بخاتە نێو لایەنەکانی کوردستان.
وەفیق دەیەوێت لایەنگیرانی خۆی، کە رۆژانە بە هەزارانیان دەست خۆشی ئەو هەلوێستانەی لێدەکەن، رابهێنێت لە دژایەتی کردنی داخوازیە رەواکانی کورد و هەرێمی کوردستان لە عێراقدا. ئەمەشی هەنگاو بە هانگاو دەست پێ کرد. ئەو لە پەنای رەخنە گرتنی شەخسی لە بارزانی، دژ بە هەموو داواکاری و شتێکی پەیوەست بە کوردستان دەوەستێتەوە. بەردەوام رەخنەی توند ئاراستەی ویستی کورد لە فراوان کردنی ئازادی و دەسەلاتەکانی دەگرێت و وا وێنایان دەکات کە گەورەترین بەڵان بەسەر عیراقەوە. ئەم قسانەی وەفیق لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بە شەپۆلێک لە دەست خۆشی و پیاهەڵدان و هێرش کردنە سەر کورد و سەرکردەکانی کۆتایی دێت، کە ئەوەش بۆ خۆی نیشانەیەکە بۆ بونی شەپۆلێکی بەهێزی دوژمنکارانە لە نێو شەقامی عێراقیدا دژ بە کورد.
دوا هەنگاوی قێزەونی ئەم کۆنە موخابەراتەی سەدام و شایەرە نوێیەی بەردەرگای عەبادی، داواکردنی ئازاد کردن و لێبوردنی گشتییە لە سەر هەموو ئەو ئەفسەرانەی رژێم کە بە تاوانی ئەنفال و هەڵەبجەوە تۆمەتبار وەیا زیندانی کراون.
بەرامبەر ئەم هێرشە رۆژانەیەی وەفیق، نوسەران و رۆژنامەنوسانی کورد و کەناڵەکانی راگەیاندن و لایەنە سیاسیەکان بە تایبەت ئەوانەی وەفیق خۆی بە دۆستیان دەزانێت، بێدەنگی تەواویان کردوەو نقەیان لێوە نایەت.
زۆر پێویستە بە وەفیق و مەرجەعەکانی بوترێت کورد لە پرسی دەسەلاتەکان و مافەکانی لە عیراقدا یەک دەنگەو خاوەنی یەک گوتارە. هەنگاو نان بەرەو سەربەخۆیی زیاتر تا ئاستی جیابونەوە لە عێراق یەکێکە لە خەونە لە مێژینەکانی کورد هەر لە ساتەوەختی پێکهێنانی ئەم عێراقەوە تا ئێستا. گرنگە وەفیقەکان و رەفیقەکانی بزانن پرسی سەربەخۆیی کوردستان و مافەکانی هەرێم نەبەستراوەتەوە بە کەسێکی دیاریکراوەوە بەڵکو ئەوە کۆدەنگی کوردەکانە لەسەر مافەکانیان. کورت کردنەوەی داخوازیەکانی کورد لە کەسایەتی سەرۆکی هەرێم یا سەرۆکی پارتیدا، هەوڵێکی نەزۆکانەی ئەو ناحەزانەی کوردە کە گوایە ئەمە کێشەو ویستی میللەتێک نییە بەلکو گرێی تاکەکەسییە. ئەم گوتارە پێشتریش رژێمەکانی عێراق دژ بە داواکاریەکانی کورد و شۆڕشەکانی پیادەیان دەکرد.
تۆ بڵێی لەنێو ئەو شەپۆلە رەسمی و شەعبییە دوژمنکارانەو ناحەزانەیە بە کورد و کوردستان، چ هیوایەک مابێت بۆ مانەوە لە نێو عێراقێکدا کە پێ ناچێت هیچ گۆڕانێکی بەسەردا هاتبێت لە ئاست بون و ماف و داخوازی ڕەوای کورددا؟؟
عه‌دنان عوسمان
له‌ فه‌یسبوكی نوسه‌ره‌وه‌ وه‌رگیراوه‌

 



from Wllat Net http://ift.tt/1Hf3B52
via IFTTT
Picsart-24-02-23-21-31-09-085