نوێترین

recent

07/05/2015

عادل موراد ڕونكردنەوە دەدات

عادل موراد ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی و سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی لە ڕونکردنەوەیەکدا رایدەگەیەنێت، چەندین لاپەرە لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبوک بە ناوییەوە کراوەتەوە و بابەتی جۆراو جۆر بڵاو دەکەنەوە کە ئەو لاپەرانە دوور و نزیک ھیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نیە .
لە بەشێکی تری رونکردنەوەکەیدا عادل موراد دوپاتیدەکاتەوە، کە ھەر لێدوان و بۆچونێکی ھەبێت لەلاپەرەی خۆی لە فەیسبووک و سایتی فەرمی ئەنجومەنی ناوەندی بڵاوی دەکاتەوە، جگە لەوە ھەر ھەواڵ ولێدوان و نوسێنێک پەیوەندی بەوەوە نیە.
دەقی رونکردنەوەکەی عادل موراد:
ھاورێیان ماوەیەکە چەندین لاپەڕە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەناوی منەوە کراونەتەوە بابەتی جۆراو جۆر سەبارەت بە پرسە گرنگەکانی ھەرێم وعیراق بەناوی منەوە بڵاو دەکەنەوە ، لێرەوە بەگرنگی دەزانم بۆرای گشتی روون بکەمەوە کەئەو لاپەرانە دوور و نزیک ھیچ پەیوەندیەکی بەمنەوە نیە.
دوپاتیدەکەمەوە کە ھەر لێدوان و بۆچونێکم ھەبێت لە لاپەرەی خۆم لە فەیسبووک و سایتی فەرمی ئەنجومەنی ناوەندی بڵاوی دەکەمەوە، جگە لەوە ھەر ھەواڵ و لێدوانێک یاخود نوسێنێک پەیوەندی بەمنەوە نیە.
پێشتریش لەم بارەیەوە رونکردنەوەیەکم لە سایتی فەرمی ئەنجومەنی ناوەندی و لاپەرەکەم لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوکردەوە ،
* سەبارەت بە سەردانەکەی بەرێز سەرۆکی ھەرێم بۆ ئەمریکا ، ھیچ لێدوان یاخود نوسراوێکم بڵاو نەکردوەتەوە کە وەک ھەواڵ لەچەندین سایت بڵاو کراوەتەوە ،لەو بارەشەوە روونکردنەوەیەکم بڵاو کردوەتەوە .
* سەبارەت بەنوسراوێکی تر کەبەناوی منەوە بڵاو کراوەتەوە کە گوایە وتبێتم ” ئەگەر دەوڵەتی کوردی لەسەر دەستی پارتی دابمەزرێت ئامادە نیم لەژێر ئاسمانەکەیدا بژیم ” ئەو نوسراوە ھیچ پەیوەندی بەمنەوە نیە و تەعبیر لەبۆچونی من ناکات .
من کە لەتەمەنی ھەرزەکاریمەوە تێکۆشاوم بۆ رزگار کردنی کوردستان و بەدی ھێنانی مافە رەِواکانی میللەتەکەمان ، ھەمیشە بەئاواتی ئەوەم کە کوردستانێکی سەربەخۆ و ئازاد دابمەزرێت ، ھەر لەو رێگایەشدا خۆم و خانەوادەکەشم قوربانی زۆرمانداوە ، باوکم و دوو مامم لەو پێناوەدا بەخشیوە ، خۆشم ھەر لەسەرەتای دروست بوونی بزوتنەوەی رزگاری گەلی کوردستان لەخەباتی سیاسی بێوچان دانەبڕاوم ، ھەر ئەوەبوە مایەی ئەوەی کە رژێمی بەعسی لەناوچوو ناسنامەی عیراقی لەخۆم و خانەوادەکەم بسەنەوە کە ئەو کاتە سکرتێری قوتابیانی کوردستان بووم .
سەر بەرزم وەکو ئەندامێکی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی ھەتا ئێستا ھیچ دەستکەوتێکی شەخسی ئامانجم نەبوە و بەھیچ شێوەیەک بەرژەوەندی خۆم نەخستوەتە پێش بەرژەوەندی گەلەکەم.
سەرەرای ھێرشی ناڕەوایانەی ( نەیاران و بەناو دۆستانم ) ھەڵبەستنی بوختانی جۆراو جۆر و چەواشەکار لە دژم، ھەرگیز لە وتنی قسەی حەق دەست بەردار نابم ، تەنھا ئامانجیشم مورتاحکردنی ویژدانی خۆمە بەرامبەر بە خوای گەورە و بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدان و سەرجەم ھاوڵاتیانی کوردستان بۆ بەدیھێنانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی، بەڵێن دوپاتدەکەمەوە ھەتا دواین ھەناسەم لەسەنگەری خەباتدا دەبم بۆ بەدیھێنانی سەربەخۆیی کوردستان.
براتان
عادل موراد
٧ی ئایاری ٢٠١٥



from Wllat Net » Wllat Net http://ift.tt/1H23Dud
via IFTTT
Picsart-24-02-23-21-31-09-085