
سعوودیە یەكێكە لەوڵاتە دەوڵەمەندەكان لەڕووی نەوتەوە. بەڵام تایبەتەمەندییەكانی تەنیا پەیوەست نیە بە نەوتەوە. ئەمانەی خوارەوە چەند زانیارییەكی سەرنجڕاكێشن سەبارەت بەو وڵاتە:
– لەشاری ریازی پایتەختی ئەو وڵاتەدا بازاڕێكی گەورەی تایبەت بەحوشتر هەیە كە هەموو رۆژێك سەد حوشتری تێدا دەفرۆشرێت.
– هێزی كاری ئەم وڵاتە نزیكەی هەشت ملیۆن و 412 هەزار كەسن. لەسەدا هەشتای ئەم ژمارەیە واتە نزیكەی شەش ملیۆنیان خەڵكی بیانین. زۆربەی ئەمانەش لەكەرتی نەوت و كەرتە خزمەتگوزارییەكاندا كاردەكەن. بەڵام لەئێستادا ریازی پایتەخت شێلگیرانە لەپێناو كەم كردنەوەی بێكاریی هاوڵاتییە سعودییەكاندا كاردەكات.
– كێڵگەی نەوتی غەوار كە دەكەوێتە ئەم وڵاتەوە، گەورەترین كێڵگەی نەوتە لەجیهاندا. نەوتی ئەم كێڵگەیە بەشی پڕكردنی چوار ملیۆن و 770 هەزارو 879 حەوزی مەلەكردنی ئۆڵۆمپی دەكات. حەوزێكی مەلەكردنی ئۆڵۆمپی نزیكەی 660 هەزارو 254 گاڵۆن شلە دەگرێت.
– خەرجیی ساڵانەی سوپای ئەم وڵاتە لەكۆی داهاتی ناوخۆی ئەفغانستان زیاترە. لەساڵی 2013دا خەرجی سوپای سعودیە 67 ملیار دۆلار بووە. بەمەش لەڕووی زۆری خەرجییەوە بووەتە چوارەم سوپا لەجیهانداو لەدوای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاو چین و روسیاوە هاتووە. ئەمە لەكاتێكدایە كە كۆی داهاتی ناوخۆی ئەفغانستان 20 ملیارو 700 ملیۆن دۆلارە.
+ روبەری سعودیە شەش ئەوەندەی ئەڵمانیایە بەڵام زۆربەی روبەرەكەی بیابانە.
روبەڕی ئەم وڵاتە 830 هەزار میل دوجایە. 13هەمین گەورەترین وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان و دووەم گەورەترین وڵاتە لەجیهانی عەرەبداو راستەوخۆی دوای جەزائیر دێت.
بەڵام لەسەدا 95ی ئەم وڵاتە بیابان یان نیمچە بیابانەو تەنها لەسەدا 1.45ی خاكەكەی بەكەڵكی كشتوكاڵ دێت. روبەری ئەڵمانیا 137 هەزارو 847 میل ی چوارگۆشەیە.
+ سعودیە لەئێستادا لەقۆناغی دروستكردنی بەرزترین باڵەخانەیە لەجیهاندا كە درێژییەكەی كیلۆمەترێك دەبێت. ئەو باڵەخانەیە ناوی تاوەری شانشینەو لەساڵی 2018دا دەبێتە درێژترین باڵەخانە لەجیهاندا. چاوەڕواندەكرێت تێچوی تاوەری شانشین ملیارێك و 230 ملیۆن دۆلار بێت.
شایانی باسە چینیش پلانی بنیاتنانی باڵەخانەیەكی یەك كیلۆمەتریی داناوە.
– تەنیا وڵات لەجیهاندا كە رێ نادات ژنان ئۆتۆمبێل لێبخوڕن، ئەم وڵاتەیە. هەرچەندە حكومەتە كۆنەپارێزەكەی سعودیە بە هیچ نوسراوێك لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی لەلایەن ژنانەوە قەدەغە نەكردووە بەڵام لەبەرئەوەی مۆڵەتی رەسمیی لێخوڕینیان پێ نادرێت كەواتە بەپێی یاسا بۆیان نیە لێیبخوڕن.
– لەسەدا 54.4ی ژنانی ئەم وڵاتە بێكارن. بەڵام رێژەی بێكاری لەناو پیاواندا تەنها لەسەدا 20.8ە.
لەساڵی 2007 بیڵ گەیتس خاوەنی كۆمپانیای مایكرۆسۆف لەمیانەی سەكۆی جیهانیی ئابوریدا، رەخنەی لەبێكاریی ژنانی سعودیە گرت. لەكاتێكدا پرسیاری لێكرا ئایا دەكرێت سعودیە بە هاتنی ساڵی 2010 ببێتە وڵاتێكی خاوەن ئابوریی بەهێز، گەیتس لەوەڵامدا وتی: “ئەگەر تۆ بەتەواوەتی نیوەی بەهرەكانی وڵاتەكەت نەخەیتەكار ناتوانیت لە لوتكە نزیك ببیتەوە”.
– بەهۆی كەمی شمشێرەوانەوە لەوڵاتدا رەنگە ئەم وڵاتە لەسێدارەدان بەشێوازی سەربڕین، كۆتایی پێبهێنێت.
– لەسەدا 47ی دانیشتوانی سعودیە تەمەنیان لەخوار 24 ساڵەوەیه و زیاتر لەچارەكێكیشیان تەمەنیان لەخوار 14 ساڵەوەیە.
– كەرتی نەوتی ئەم وڵاتە لەسەدا 45ی كۆی داهاتی ناوخۆیی پێكدەهێنێت، كە لەكۆی داهاتی ناخۆیی هەر چوار وڵاتی عیراق و مەغریب و روانداو تۆنگا پێكەوە، زیاترە.
كۆی داهاتی ناوخۆیی ئەم وڵاتە 335 ملیارو 372 ملیۆن دۆلارە. لەكاتێكدا كۆی داهاتی ناوخۆیی عیراق 222 ملیارو 879 ملیۆن و هی مەغریب 104 ملیارو 400 ملیۆن و رواندا حەوت ملیارو 451 ملیۆن و تۆنگا 466 ملیۆن دۆلارە.
– خەرجیی كەرتی تەندروستیی ئەم وڵاتە چوار ئەوەندەو نیوی كۆی داهاتیی ناوخۆیی سیرالیۆنە.
خەرجی كەرتی تەندروستیی ئەم وڵاتە لەسەدا 3.7ی كۆی داهاتیی ناوخۆیی پێك دەهێنێت. لەكاتێكدا كۆی داهاتی ناوخۆیی سیرالیۆن چوار ملیارو 900 ملیۆن دۆلارە.
– روبەری سعودیە 14.5 ئەوەندە لە هی بەنگلادیش زیاترە بەڵام دانیشتوانی بەنگلادیش نزیكەی شەش ئەوەندەی دانیشتوانی سعودیە دەبێت. دانیشتوانی بەنگلادیش نزیكەی 166 ملیۆن و 281 هەزار كەسە، لەكاتێدا دانیشتوانی سعودیە تەنها 27 ملیۆن و 346 هەزارە.
– لەساڵی 2012 زیاتر لە سێ ملیۆن و 160 هەزار هاووڵاتیی سعودیە و موسڵمانی تری دەرەوەی ئەو وڵاتە بەمەبەستی حەج چونەتە مەككە. ئەمەش یەكسانە بەكۆی دانیشتوانی شارەكانی فۆینیكس و فیلادێلفیا پێكەوە. لەو ژمارە حاجییەش ملیۆنێك و 700 هەزاریان لەدەرەوەی سعودیەوە چوبون.
دانیشتوانی فۆینیكس ملیۆنێك و 513 هەزارو هی فیلادێلفیا ملیۆنێك و 553 هەزار كەسە.
لە ئینگلیزییەوە: والی عەلی
from Wllat Net http://ift.tt/1PE9KXH
via IFTTT