نوێترین

recent

07/11/2014

لایەنگرانی پەكەكە لەتوركیا دووهێندە زیادیانكردووە

ووڵات نێت |


 لایەنگرانی پارتە كوردییەكانی توركیا دوو هێندە زیادیان كردووە. ئاماژەشیان بەوە كردووە، كە پڕۆسەی چارەسەری لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا پێگەی پەكەكەی بەهێزكردووە.

لە كۆنفڕانسێكی ڕاوێژكاریدا، كە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) لە ئەنكەرە بە سەپەرشتی ئەحمەد داود ئۆغڵو ؛سەرۆك وەزیرانی توركیا؛ سازی كردبوو، پەرلەمانتارانی كوردی ناو ئەو پارتە ئاشكرایان كردووە: "ئەو پارتە كوردییانەی پاڵپشتی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بە سەرۆكایەتی عەبدوڵڵا ئۆجالان دەكەن و بە تایبەتیش پارتی گەلی دیموكراتی (هەدەپە) ڕێژەی لایەنگرانیان و توانای كۆنتڕۆڵ كردنی ئەو ناوچە كوردیانەیان دوو بەرامبەر زیادی كردووە".

پڕۆسەی ئاشتی سوودی بە پەكەكە گەیاندووە
ڕاشیانگەیاندووە: "ماوەی دوو ساڵە، كە پڕۆسەی چارەسەری دەستی پێكردووە، پەكەكە پێگە و لایەنگرانی دوو هێندە زیادی كردووە و ئەو پارتە كوردییانە ئەو پڕۆسەیەیان قۆستۆتەوە، كە لە نێوان پەكەكە و دەوڵەتی توركیا هەیە".

ئاماژەیان بۆ ئەوەش كردووە: "هەموو هاوڵاتیانی ئەو ناوچە كوردییانە چەكیان پێیە. نرخی چەك بە شێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو بەرزبۆتەوە، چونكە چەكێك كە بە 500 لیرە بووە، ئێستا بۆتە 2 هەزار و 500 لیرەی توركی".

پێشوازیی كوردی باكور توركیای ئیستیفزاز كردووە
ئو پەرلەمانتارە كوردانەی ناو ئاكەپە وتوشیانە: "تێپەڕبوونی پێشمەرگە بە ناو خاكی توركیا بۆ شاری كۆبانێ‌ و ئەنجامدانی ڕێپێوان لەلایەن پەكەكەوە بۆ پێشوازی لە پێشمەرگە، ڕای گشتی توركیای ئیستیفزاز كرد".

ڕۆژنامەی (میللیەت)ی توركی بڵاویكردۆتەوە: "ئەو پەرلەمانتارانە جەختیان لە سەر ئەوە كردۆتەوە، كە ئەوەی دەوترێت با تەنها لەناو خۆماندا بمێنێتەوە و دزە نەكاتە ناو ڕاگەیاندنەكان".

جەمیل بایك چەند نهێنیەك ئاشكرا دەكات
هاوكات جەمیل بایك ؛سەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان؛ و كەسی دووەمی پەكەكە لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی ئاسمانی (ستێرك)ی كوردی ڕایگەیاندووە: "بەرخودانی كۆبانێ‌ ڕەهەندی جیهانی و مرۆیی بەدەستهێناوە".

جەختیشی كردۆتەوە: "دەوڵەتی توركیا و ئاكەپە لە پشت شەڕی كۆبانێ-وەن".

توركیا چەند ئامانجێكی هەیە لە كەوتنی كۆبانێ‌
بایك ئاشكراشی كردووە: "توركیا چەند ئامانجێكی هەبوو لە شەڕی كۆبانێ‌، یەكەمیان بریتی بوو لە نەهێشتنی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوا، چونكە پێیان وایە سەركەوتنی ئەو ئەزموونە لە ڕۆژئاوا، ئەزمونەكە بۆ باكوری كوردستان-یش دەگوازرێتەوە".

وتیشی" :ئامانجی دووەمی ئەوەبوو، دەسەڵاتی خۆی لە عیراق و سوریا بڵاوبكاتەوە، چونكە سیاسەتەكانی توركیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شكستیان هێناوە، بۆیە ویستی هاوپەیمانی لەگەڵ داعش بكات و ئامانجی سێیەمیشی بریتی بوو لە دەركردنی كورد لە كۆبانێ‌ و نیشتەجێ كردنی لایەنگرە سوننەكانی داعش لە كۆبانێ‌".

سەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) جەختیشی كردۆتەوە: "شەڕی داعش لە دژی كۆبانێ‌ لە بنەڕەتدا شەڕی حكومەتی توركیایە و جەنگی پاكتاوی ڕەگەزی كوردە لەو ناوچەیە".

چوونی پێشمەرگە بە پێشنیاری بارزانی بووە
دەربارەی هەماهەنگی پێشمەرگە و پەكەكە و چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ‌ وتیشی: "چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ‌ و پێشنیاری كردنەوەی دەرەچەیەك بۆ چوونی ئەو هێزە لەلایەن مەسعود بارزانی ؛سەرۆكی هەرێمی كوردستان؛ەوە بووە، نەك وەك ئەوەی ئەردۆگان باسی دەكات، كە لەلایەن ئەوەوە بووبێت، چونكە بارزانی ئاشكرای كرد، كە ئەو پێشنیارەی داوەتە باراك ئۆباما ؛سەرۆكی ئەمریكا؛".

جەختیشی كردۆتەوە: "پەكەكە هیچ حەساسیەتێكی نییە لە چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ‌ و شەڕكردنیان شانبەشانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دژی چەكدارانی داعش".

ناردنی سوپای ئازاد بۆ خستنی كۆبانێ‌ بوو لە ناوخۆدا
بایك دەربارەی چوونی سوپای ئازاد بۆ كۆبانێ‌ وتی: "پێشنیاری توركیا بۆ ناردنی سوپای ئازادی سوریا بۆ كۆبانێ‌ بە ئامانجی خستنی كۆبانێ‌ بوو لە ناوخۆدا، چونكە هێرشی داعش لە دەرەوەی شارەكە شكستی هێنابوو".

وتیشی: "لە سەرەتاوە سوپای ئازاد لە ناو كۆبانێ‌ هەبوو، هاوكات لەگەڵ كورد شەڕیان دەكرد دژی داعش، بەڵام ئەو یەكەیەی سوپای سوریای ئازاد، كە ئەردۆگان دەیویست بیاننێرێت بۆ ئەو شارە ڕاستەوخۆ سەر بە فەرمانگەی شەڕی سوپای توركیا بوون و بە فەرمانی ئەوان دەجوڵانەوە".

سەرۆكی كەجەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە: "توركیا چەكداری لە ناو سوپای ئازادی سوریا و داعش هەیە، لە ڕێی ئەوانەوە داعش بەڕێوە دەبات هەروەك چۆن سوپای سوریای ئازاد بەڕێوەدەبات".

ماوەی نزیكەی 50 ڕۆژە لە هەر سێ‌ میحوەری ڕۆژهەڵات، باشور و ڕۆژئاوای كۆبانێ‌-وە، چەكدارانی داعش پەلاماری شارەكە دەدەن و بەهۆی خۆڕاگری شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە و دواتر هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانان داعش نەیتوانیوە كۆبانێ‌ كۆتنڕۆڵ بكات و زیانێكی زۆریشی بەركەوتووە.

لە 22ی 10ی 2014، پەرلەمانی كوردستان بە كۆی دەنگ بڕیاریدا پێشمەرگە بچێتە كۆبانێ‌ و پابەندكردنی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە ‌و لایەنە پەیوەندیدارەكان بە پێویستیی جێبەجێكردنی حوكمەكانی ئەو بڕیارە. 
Picsart-24-02-23-21-31-09-085