خەلیل عەبدوڵڵا
نزیكەی 27ساڵ لەمەوبەر، نەوشیروان مستەفا بەسەرۆكایەتیی وەفدێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشداری لەكۆنگرەی پارتی سۆشیالیستی فەرەنسادا لەپاریس كرد، لەپەراوێزی ئەو كۆنگرەیەدا گفتوگۆ سەبارەت بەئایندەی شەڕی درێژخایەنی ئێرانو عیراقو پرسی كورد كرا.
بەوتەی پەیامنێری رۆژنامەی لۆمۆند لەگفتوگۆكانی پەراوێزی كۆنگرەكەدا نەوشیروان مستەفا رای وابووە كەعیراق بۆ سێ قەوارەی سەربەخۆ دابەش بكرێو گەلی كوردیش دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێ.
ئەم هەواڵە بووە مانشێتی رۆژنامەكانی لۆمۆندو سەفیرو چەند رۆژنامەیەكی تر. سەرباری ئەوەی كە لەدوای دوو رۆژ لەبڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رونكردنەوەیەكی رەسمی بڵاوكردەوەو تیایدا ئەو هەواڵەی بەدرۆخستەوەو ئاماژەی بەوە كرد كە نەوشیروان مستەفا لێدوانی بۆ هیچ رۆژنامەیەك نەداوەو گفتوگۆكانی پەراوێزی كۆنگرەكەی پارتی سۆشیالیستی فەرەنسا شێوێنراوە.
ئەم هەواڵە بووە مانشێتی رۆژنامەكانی لۆمۆندو سەفیرو چەند رۆژنامەیەكی تر. سەرباری ئەوەی كە لەدوای دوو رۆژ لەبڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رونكردنەوەیەكی رەسمی بڵاوكردەوەو تیایدا ئەو هەواڵەی بەدرۆخستەوەو ئاماژەی بەوە كرد كە نەوشیروان مستەفا لێدوانی بۆ هیچ رۆژنامەیەك نەداوەو گفتوگۆكانی پەراوێزی كۆنگرەكەی پارتی سۆشیالیستی فەرەنسا شێوێنراوە.
لەوسەروبەندەدا عەبدولئەئیمە ئەلئەنباری وتارێكی بەناوونیشانی (بەڕێز نەوشیروان بەناوی كێوە قسە دەكات؟) لەرۆژنامەی (الغد الديمقراطي) بڵاو كردەوە.
ئەو وتارە كەبەزمانێكی زبر نوسرابوو، هێرشی توندی كردبووە سەر نەوشیروان مستەفاو بەهەوڵدان بۆ دابەشكردنی عیراق تۆمەتباری كردبوو.
سەرسەختانەش داكۆكی لەیەكپارچەیی عیراق كردبوو، دابەشبوونی عیراقی بەخەونی نەزۆك و خەونی چۆلەكە لەقەڵەم دابوو.
ئەو وتارە بووە مایەی تووڕەبوونی تاڵەبانی، هەر بۆیە لەگوندی یاخسەمەری ناوەندی سەركردایەتیی شۆڕشەوە، سەرباری ئەركە زۆرەكانی لەرابەرایەتیكردنی شۆڕشی نوێدا، نزیكەی شەش مانگی لەكاتی زێرینی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو وتارە تەرخانكرد، وەڵامەكە لەسەرەتای ساڵی 1988 لەدووتوێی كتێبێكی گەورەی 400 لاپەڕەیی بەناوی (اغد وديمقراطي وحرمان شعب حتي من حق الحلم؟) لەلایەن راگەیاندنی یەكێتیەوە چاپو بڵاوكرایەوە. لەم رۆژانەشدا چاپی دووەمی ئەو كتێبە لە لایەن ئەكادیمیای هۆشیارییەوە بڵاوكرایەوە.
ئەگەرچی ئەو كتێبەی تاڵەبانی وەڵامی وتارەكەی ئەلئەنباری بوو، بەرگرییەكی جوامێرانەش بوو لەنەوشیروان مستەفای هاوڕێی تێكۆشانی.
لەگەڵ ئەوەشدا كتێبەكە بەڵگەنامەیەكی مێژووییەو بەپشتبەستن بەدەیان سەرچاوەی زانستی تیشك دەخاتە سەر سەرەتاكانی دروستبوونی دەوڵەتی عیراق، كەچۆن بەریتانیا بەزۆرەملێو بەبێ خواستو رەزامەندی گەلی كوردستان خاكەكەی بەعیراقی عەرەبییەوە لكاندووە. هەروەها تیشكی خستۆتە سەرمافی چارەنووسو مافی دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی بەمافێكی رەوای گەلی كوردی لەقەڵەم داوە.
سەرباری ئەوەی ئەم كتێبە بەبەرگرینامەیەك لەخودی نەوشیروان مستەفاو یەكێتی دادەنرێ، واوەتر لەوەش بەرگری لەباوكی خوالێخۆشبووی نەوشیروان مستەفاش دەكات.
چونكە ئەلئەنباری لەوتارەكەیدا هێرشیش دەكاتە سەر باوكی نەوشیروان مستەفاو دەڵێ:(نەمن نەهیچ عیراقییەك نەمانبیستووە باوكی نەوشیروان مستەفا عیراقی لەیەكێكەوە بۆ بەمیرات بەجێمابێ، تابەئاگاداری ئەو یان خەڵكی تر دابەش بكرێت).
لەوەڵامی ئەوەدا تاڵەبانی دەڵێ:عەبدولئەئیمە ئەلئەنباری بەپێچەوانەی نەریتی ئایینیو مرۆڤایەتیو عیراقییە رەسەنەكانو تەنانەت سەرەتاكانی مەتریالیزمی دیالەكتیكی رێزی مردووەكان ناگرێو پەلاماری باوكی نەوشیروان مستەفا دەدات. تاڵەبانی دەڵێ كەس عیراقی بەمیرات بۆ خوالێخۆشبووی باوكی نەوشیروان مستەفا بەجێنەهێشتووە، چونكە قەوارەی عیراقی دروستكراوی كۆڵۆنیالیستی بەریتانیو یەكپارچەییە پیرۆزەكەی لای هەندێ كەس، كوردستانی جنوبی كردبووە پاشكۆیەكی زۆرەملێو بەدەوڵەتی عیراقی سەربەكۆلۆنیالیستی بەریتانیاوەی لكاندبوو.
تاڵەبانی لەدرێژەی بەرگرییەكەیدا دەڵێ: لەوكاتەدا باوكی خوالێخۆشبووی نەوشیروان مستەفا پشتیوانی ئەوحكومەتەی كوردستانی دەكرد كەشێخ مەحموودی نەمر رایگەیاندبوو و هەردوو حكومەتی عیراقو بەریتانیاش دانیان پێدا نابوو. واتە باوكی نەوشیروان مستەفا بەچاوی ئومێدەوە لەحكومەتەكەی شێخ مەحموودی روانیوەو دەوڵەتی عیراقی وەك دەوڵەتێكی داگیركەری كوردستانی خواروو ناسیوە.
لەگەڵ ئەوەی كە تاڵەبانی لەبەشێكی كتێبەكەیدا بەرگری لە نەوشیروان مستەفاو باوكی ئەكات. لەبەشەكانی دیكەی كتێبەكەیدا تاڵەبانی لەو هەلومەرجە دژوارەی شۆڕشدا بەرگرییەكی سەرسەختانەش لەمافی چارەنووسو مافی دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەكاتو بەمافێكی رەواو یاسایی لەقەڵەم ئەداتو لەوكاتەداو لە26 ساڵ لەمەوبەر لە گوندی یاخسەمەرەوە بەئایندەی كوردستانو سەركەوتنی شۆڕشە نوێكەی گەشبین بووە.
دوانەی مام جەلال و كاك نەوشیروان دوانەیەكی جێگەی سەرنج بوونو پەیوەندییەكان تەنها پەیوەندی نێوان سكرتێری گشتیو جێگرەكەی نەبوون، هەندێ كەسیش بەیەكەمی دوبارە ناوی بردوون، ئەوە بێجگەلەوەی پەیوەندییەكی درێژخایەنی هاوڕێیەتیو هاوخەباتیان هەبووە.
ئەوەتا مام جەلال لەكتێبەكەیدا بەو شێوەیە بەرگری لە نەوشیروان مستەفاو باوكی دەكات. نەوشیروان مستەفاش لەیاداشتەكانیدا دەڵێ ئەگەر فیشەكێك بۆ مام جەلال بهاتایە حەزم دەكرد بەر من بكەوێ، چونكە ئەمزانی چەند پێویستە بۆ كورد.
دوای زیاتر لەچل ساڵ هاوڕێیەتیو هاوخەباتی، سیاسەت زەفەری بەپەیوەندییەكانی نێوان ئەم دوو هاوڕێو هاوخەباتە بردو هەریەكەیان كەوتنە سەرهێڵێكی سیاسی، بەیەكتر گەیشتنەوەی سیاسی خۆیانو حزبەكانیان قورسە، بەڵام مەحاڵیش نییە!
