نوێترین

recent

04/11/2014

ناوی چوار ریانی (دابان - هەندرێن )لە سلێمانی گۆردرا بۆ (كۆبانێ)

ووڵات نێت |

بۆ بەرز ڕاگرتنی خەبات و خۆڕاگری کۆبانێ و بوونی ئەو شارە بەسمبولی بەرخۆدان و قارەمانێتی گەلی کورد لەسەر پێشنیاری ژمارەیەک ھاووڵاتی و کەسایەتی شاری سلێمانی، پارێزگاری سلێمانی ناوی پرۆژەی یەکتربڕی (دابان–ھەندرێن) دەگۆڕێ‌ت بۆ چواررێیانی کۆبانێ.

پرۆژەی چواررێیانی کۆبانێ یەکێکە لەپرۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی شاری سلێمانی لەبواری رێگەوباندا، پرۆژەکە دەکەوێتە سەر شەقامی بازنەی مەلیک مەحمود نزیک گۆڕەستانی شێخ ئەحمەدی ھندی.

ئەمڕۆ٤/١١، بەھرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی لەمیانەی بەسەرکردنەوەی پرۆژەکەدا، رایگەیاند: ئەم پرۆژەیە یەکێکە لەپرۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی سلێمانی و بەشایستەی ئەوەمان زانی ناوەکەی بگۆڕین بۆناوی کۆبانی، لەبەرامبەر ئەو خۆراگری و بەرخۆدانەی ئەو شارە قارەمانە نواندوویەتی بەرامبەر تیرۆریستان و لەئێستادا بووتە سمبولی بەرخۆدانی کوردان لەجیھاندا.

پرۆژەی چواررێیانی کۆبانێ بریتییە لەسێ ھێڵی( ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاس) و بەبڕی ١٩ ملیار و ٣٥٦ ملیۆن دینار لەسەر بودجەی گەشەپێدانی ھەرێمەکانی ٢٠١٣، لەلایەن ھەردوو کۆمپانیای بروسکی خۆماڵی و گونیشێڵی تورکییەوە جێبەجێ دەکرێت و پرۆژەکەش لە ٥ی ئایاری ٢٠١٤وە کارکردن تیایدا دەستی پێکردووە و ماوەی جێبەجێ کردنی پرۆژەکەش ٢ ساڵەو لەئێستادا ١٥%ی پرۆژەکە تەواو بووەو کارکردن تیایدا بەردەوامە.

بەپێی زانیارییەکان، بەھۆی قەیرانی دارایی ھەرێمەوە کۆمپانیاکانی جێبەجێ کار، پرۆژەکە بەشێوەی قەرز جێبەجێ دەکەن.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085