ووڵات نێت |


په‌پامنێری شپیگڵ ئۆنلاین زانیارییه‌كانی رۆژنامه‌ی نیۆیۆرك تایزمی ئه‌مریكی به بنه‌ما وه‌رده‌گرێت و سه‌باره‌ت به ئه‌بووبه‌كر به‌غدادی و به‌ندكراوانیتری گرتووخانه‌ی بوكای عێراق راپۆرتێك بڵاوده‌كاته‌وه.
له راپۆرته‌كه‌دا باس له یه‌كه‌مین دیداری نێوان جیهادییه‌كان و به‌عسیه‌كان له گرتووخانه‌ی بوكا ده‌كات و به پێی راپۆرته‌كه دواجار له یه‌كێتی نێوان ئه‌و دوو گرووپه‌دا گرووپی مه‌ترسیداری داعش له‌دایك بوو.
ئیبراهیم عه‌واد ئیبراهیم ئه‌لبه‌دری ته‌نیا ته‌مه‌نى 33 ساڵ بوو كه له ساڵی 2004 له‌لایه‌ن سوپای ئه‌مریكاوه له عێراق ده‌ستگیركرا، ده ساڵ دواتر ئیبراهیم عه‌واد به ئه‌بووبه‌كر به‌غدادی یان خه‌لیفه ئیبراهیم ناوبانگی ده‌ركرد و حكومه‌تی ئه‌مریكا له ئێستادا ده ملیۆن دۆلاری بۆ دۆزینه‌وه‌ی ناوبراو ده‌ستنیشانكردوه.
سه‌ربازه ئه‌مریكییه‌كان ناوبراویان هاوڕێ له‌گه‌ڵ چه‌ندین جیهادییه‌تر له شاری فه‌لوجه و له‌كاتی كۆبوونه‌وه له ماڵێكدا ده‌ستگیركرد، ئه‌بووبه‌كر به‌غدادی پاش ده‌ستگیركران بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ له گرتووخانه‌ی بوكا ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌بووبه‌كر به‌غدادی ته‌نیا سه‌ركرده‌ی ئێستای داعش نیه كه بۆ ماوه‌یه‌ك له گرتووخانه‌ی ئه‌مریكییه‌كان بووه.
زۆربه‌ی هه‌ره زۆری سه‌كرده‌كانی ئێستای داعش هاوڕێ له‌گه‌ڵ ئه‌بووبه‌كر به‌غداد له رابردوودا له زیندانی ئه‌مریكییه‌كاندا بوون.
گرتووخانه‌ی بوكا یه‌كێك له گه‌وره‌ترین گرتووخانه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق بوو، گرتووخانه‌كه له شاری ئومولقه‌سری هه‌ڵكه‌وتوو له 60 كیلۆمه‌تری باشووری به‌سره و له نزیك سنووری كوه‌یت بوو.
نزیكه‌ی 9 ئه‌ندامی ئێستای سه‌ركردایه‌تی داعش بۆ چه‌ندین ساڵ له‌و گرتووخانه‌یه‌دا ده‌ستبه‌سه‌ربوون و پێده‌چێت هه‌ر له‌وێش یه‌كتریان ناسیبێت.
به‌ندكراوانی دوێنێى بوكا، سه‌ركرده‌كانی ئه‌مڕۆی داعشن
ئه‌م ناوانه‌ی خواره‌وه به‌شێك له سه‌ركرده‌كانی ئێستای داعشن كه له‌سه‌رده‌مێكدا هاوڕێ له‌گه‌ڵ یه‌كتر له گرتووخانه‌ی بوكا بوون.
فازڵ ئه‌لحه‌یالی؛
ناوبراو له داعشدا به ئه‌بووموسلیم ئه‌لتوركمانی ناوبانگی ده‌ركردوه، ئه‌بووموسلم كه‌سی دووهه‌می گرنگی ناو رێكخراوه‌كه‌یه و جێگری ئه‌بووبه‌كر به‌غدادی سه‌رۆكی داعشه.
ناوبراو له سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا ئه‌فسه‌ری ده‌زگای هه‌واڵگری و زانیاری سوپای عێراق بووه.
ئه‌بووموحه‌مه‌د ئه‌لسویداوی؛
ئه‌لسویداوی له ریزی جیهادییه‌كان به ئه‌بوو ئیمان عێراقی ناوبانگی ده‌ركردوه، ناوبراو ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازی داعشه، (ئه‌نجوومه‌نی ئاماژه‌پێكراو پلانداڕێژه‌ری په‌لاماره سه‌ربازییه‌كانی داعش له ناوچه‌كه‌یه).
ئه‌بوو ئیمان له سه‌رده‌می رژێمی به‌عس پله‌داری ده‌زگای زانیاری هێزی ئاسمانی عێراق بووه.
عه‌دنان ئیسماعیل نه‌جم؛
له ریزه‌كانی داعش به ئه‌بوو عه‌بدولره‌حمان ئه‌لبیلاوی ناوبانگی ده‌ركردوه و ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازی داعشه.
عه‌دنان ئیسماعیل له سه‌رده‌می سه‌دام حوسێن‌دا ئه‌ندامی پله‌به‌رزی حزبی به‌عسی عێراق بووه، وه حوزه‌یرانى 2014 له پارێزگای ئه‌نبار كوژرا.
سه‌میر عه‌بد موحه‌مه‌د ئه‌لچلیفاوی؛
سه‌میر عه‌بد له ناو داعشدا به حاجی به‌كر ناسراوه، ناوبراو ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازی داعش بووه و به‌ڵام ئه‌مساڵ له یه‌كێك له شه‌ڕه‌كانی داعش له سوریا كوژرا.
عه‌بدولواحید خه‌زیر ئه‌حمه‌د؛
عه‌بدولواحید له ناو داعش به ئه‌بوو لۆ ناویده‌هێنرێت و یه‌كێك له كه‌سه سه‌ره‌كییه‌كانی داعشه.
ناوبراو به‌رپرسی ئه‌منی داعشه و ناوبراو له چوارچێوه‌ی روبه‌روبونه‌وه له‌دژی هه‌وڵه‌كانی لایه‌نه‌كانی به‌رامبه‌ر له‌دژی داعش كار ده‌كات و به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌منی ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی داعشی پێسپێردراوه.
عه‌بدووڵڵا ئه‌حمه‌د ئه‌لمه‌شهه‌دانی؛
عه‌بدووڵڵا ئه‌حمه‌د به ئه‌بوو قاسم ناوبانگی هه‌یه و به‌رپرسی كاروباری چه‌كداره بیانیه‌كانی ناو داعشه.
ناوبراو به‌رپرسی سه‌ره‌كی له ئاماده‌كردنی كه‌سانی خۆكوژ بۆ په‌لاماره خۆكوژییه‌كانه.
فارس ریاز ئه‌لنه‌عیمی؛
فارس له‌ناو داعشدا به ئه‌بووشه‌یما ناسراوه، ناوبراو به‌رپرسی ئه‌نباره‌كانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی داعشه.
عه‌بدوولره‌حمان ئه‌لفاری؛
ناوبراو به ئه‌بوو سوجه ناوبانگی ده‌ركردوه، ئه‌بوو سوجه كاروباری په‌یوه‌ندیدار به كوژراوه‌كانی داعش و بنه‌ماڵه‌كانیان راده‌په‌ڕێنێت.
داعش به‌ڵێنی به چه‌كدارانی گرووپه‌كه‌ی داوه كه له ئه‌گه‌ری كوژران پشتگیری دارایی بنه‌ماڵه‌كانیان ده‌كات.
یه‌كێتی و یه‌كگرتنی مه‌ترسیداری به‌عسی - ئیسلامی
گرتووخانه‌ی بوكا له كاتی درووستكران واته له ساڵی 2004 بۆ 5 هه‌زار زیندانی درووست كرا، له ساڵی 2007 واته له كاتی گه‌رمه‌ی شه‌ڕی چه‌كداره ئیسلامیه‌كان له‌دژی ئه‌مریكا، گرتووخانه‌كه 24 هه‌زار به‌ندكراوی تێدا نیشته‌جێكرا.
به‌رپرسانی گرتووخانه‌كه بۆ به‌گرتن به دروستبوونی كێشه و ئاڵۆزی له زیندانه‌كه‌دا به‌ندكراوانیان له‌یه‌كتر جیاكرده‌وه، به‌ڵام ئه‌م جیاكردنه‌وه‌یه مه‌ترسیه‌كیتری درووست كرد.
\له به‌شی به‌ندكراوه سوننه‌كاندا، جیهادییه‌كان بوونه هاوژوری ئه‌ندامانی حزبی به‌عسی عێراق، له تێڕوانینی سه‌ره‌تادا ئه‌م دوو گرووپه هاوشێوه‌ی یه‌ك نین، به‌ڵام هه‌ردوو گرووپ به بارودۆخی نوێی سیاسی عێراق رازی نه‌بوون و دژی ئه‌مریكا و حكومه‌تی نوێی عێراق بوون.
به‌عسیه‌كان ئاواتی دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتێكی عه‌ره‌بی نه‌ته‌وه‌ییان هه‌بوو و ئیسلامیه‌كانیش له هه‌وڵی دامه‌زراندنی خه‌لافه‌تێكی ئیسلامی، به‌ڵام هه‌ردوو گرووپه‌كه بڕوایان به تووندڕه‌وی و دڕنده‌یی له چالاكیدا هه‌بوو.
له‌م ژووره‌ی گرتووخانه‌ی بوكا به‌ندكراوانی سه‌ر به حزبی به‌عس و جیهادییه ئیسلامییه‌كان یه‌كیان گرت، به‌عسیه‌كان له‌م رێگه‌یه‌دا سه‌رجه‌می توانا سه‌ربازی و رێكخراوه‌ییه‌كانی خۆیان خسته خزمه‌ت ئیسلامیه‌كان و ئیسلامیه‌كانیش ئه‌زموونه‌كانی خۆیان له شه‌ڕ و ته‌قاندنه‌وه.
به‌مشێوه گرتووخانه‌ی بوكا بووه جێژوانی ئیسلامیه‌كان و به‌عسیه‌كان له عێراق و دواتر دڕنده‌یی داعش له هه‌ناوی ئه‌م یه‌كگرتنه‌دا سه‌ری هه‌ڵدا.
