

دوای تەواو بوونی كۆبونەوەكەی لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆكوەزیرانی توركیا سازیكرد، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و رێككەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغدای كرد.
بارزانی وتی، لەگەڵ بەغدا رێككەوتووین رۆژانە 150 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك بە بۆری نەوتی كوردستان- توركیا لەژێر چاودێری كۆمپانیای سۆمۆ هەناردەبكرێت، لە بەرامبەریشدا بەغدا دوو سولفە هەرجارە و 500 ملیۆن دۆلار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت .
لە كۆنگرەكەدا مەسعود بارزانی رایگەیاند، ئێمەو توركیا زۆر لەیەكەوە نزیكین.
سەرەتا داودئۆغڵو سەرەخۆشی لە قوربانییانی تەقینەوەكەی هەولێر كرد ، دواتر وتی، "خۆشحاڵم لە هەولێر دووبارە دۆستەكانم دەبینمەوە، هەروەها ئێمە هەموو كاتێك لەگەڵ براكانمان بووین و ئەمەم بە بەڕێز بارزانی گوتووە".
لەبارەی هۆكاری هاتنی هاكان فیدان، سەرۆكی دەزگای میت، بۆ هەولێر ، داود ئۆغلۆ وتی: لەبەرئەوەی قسە لەسەر پرسە ئەمنی و هەواڵگرییەكان دەكرێت، زۆر ئاساییە ئەگەر هاكان فیدان بێتە هەولێر .