
ووڵات نێت |
قۆناغی نوێی پێشڕەوییەكانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەقۆناغی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای شنگال دادەنرێت ئەمەش لەدوای ئەوە دێت كە پێشمەرگە توانیوییەتی سنووری ناحیەی زوممار كۆنتڕۆڵبكاتەوە.

لەسەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵ چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بەداعش شاری موسڵیان كۆنتڕۆڵكرد دوای بەدوای ئەوە هێرشیانكردنە سنوری قەزای شنگال لەرۆژانی 3ی مانگی ئاب قەزای شنگالیان كۆنتڕۆڵكرد.
قەزای شنگال بۆ سێ مانگ دەڕوا لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كۆنتڕۆڵكراوە، كوردیش گرتنەوەی قەزاكەیان بەلاوە گرنگە لەو رەوەوەی ئێزدییەكان لەلایەن چەكدارانی داعشەوە رووبەڕووی "جینۆساید" بوونەتەوە.
هەر ئەوەش وایكردووە، لەسەرەتای مانگی 10ی ئەمساڵ كاتێك هێزەكانی پێشمەرگە هێرشیان بۆسەر سنووری بەعشیقەو رەبیعە چڕكردەوە، مەسعود بارزانی راستەوخۆ سەرپەرشتی بەرەكانی شەڕی پێشمەرگەی كرد.
لەدوای كۆنتڕۆڵكردنی سنووری رەبیعەو دەوروبەری 25ی ئەم مانگە هێزەكانی پێشمەرگە توانیان ناحیەی زوممارو نزیكەی 15 گوند لەو سنوورە لەچەكدارانی داعش پاكبكەنەوەو چەكدارانیان ناچار بەپاشەكشە كرد.
دوای ئەوەی داعش توانییان قەزای شنگالو دەوروبەری كۆنتڕۆڵبكەن، بەو هۆیەوەش دەیان هەزار هاووڵاتی ئێزدی ئاوارەبوونو ژمارەیەكی زۆریشیان دەستبەسەركران بەتایبەتی ژنانو كچان، لەوكاتەدا حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەو رووداوەی بە "كارەساتو جینۆساید" لەقەڵەمدا.
دوای پاشەكشەپێكردنی داعش لەزوممار شەڕ نزیكبووەتەوە لەشنگالو لەنوێترین پێكدانانی هێزەكانی پێشمەرگەو داعش كە رۆژانی رابردوو رویدا لەناوچەی سوممە لەباشووری شنگال، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا داعشیان كردووەتەوە ئامانج لەهەمان ناوچەو زیانیان پێگەیاندوون.
لەو بارەوە عەلی عەونی بەرپرسی لقی شێخانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندووە "كۆنتڕۆڵكردنەوەی شنگال پێوستەو دەبێت ئەو كارەش بكرێت، چونكە سەركردایەتی كوردو حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریانداوە دەبێت بەهەرشێوەیەك بێت شنگال كۆنتڕۆڵبكریتەوە".
عەونی پێیوایە كۆنتڕۆڵكردنەوەی شنگال ئاسان نییە، بەڵام وەك ئەو دەڵێت: سەركردایەتی كورد بریاریداوە، نابێت رابوەستین ناوچەكە كۆنتڕۆڵبكرێتەوە ئاسانە، یان ئاسان نییە ئەمە كارێكی پێوستەو دەبێت ئەنجامبدرێت".
لای خۆشییەوە مەحما خەلیل پەرلەمانتاری ئێزدی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: لەدوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی زوممارو دەوروبەری ئێستا مەعنەویاتی خەڵكی شنگال بەرزبووەتەوە بەوەی كە پێیانوایە كۆنتڕۆڵكردنی شنگال نزیكبووەتەوە، چونكە پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە بەردەوامەو چەكدارانی داعش بەرەو شكان دەڕۆن".
لەئێستا ژمارەیەك هێزی پێشمەرگەو خەڵكی ناوچەكە لەسنووری چیای شنگال چەكیان هەڵگرتووە، پەیتا پەیتا فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان هێرش دەكەنە سەر چەكدارانی داعش لەسنوورەكە ئەوەش وایكردووە، داعش نەیتوانیوە چیای شنگال كۆنتڕۆڵبكات.
مەحما خەلیل زانیاری لەبارەی سنووری پێشمەرگە لەگەڵ قەزای شنگال دەخاتەڕوو و دەڵێت: هێزی پێشمەرگە لەدوای كۆنتڕۆڵكردنی ناحیەی زوممارو ژمارەیەك گوند لەئێستا نێوانی سنووری شنگال پێشمەرگە نزیكەی حەڤدە كیلۆمەترێك دەبێت بێگومان ئەمەش دڵخۆشكەرە كە گرتنەوەی شنگال نزیكبووەتەوە.
هەر لەبارەی هێرشی پێشمەرگە بۆ سەرداعش، لەدوایین لێدوانی لەبارەی شەڕی نێوان چەكدارانی داعشو پێشمەرگە مەسعود بارزانی لەدیدارێكی لەگەڵ نوێنەری وڵاتانی هاوپەیمان لەشەڕی دژی داعش راگەیاند "داعش توانای ڕووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی پێشمەرگەی نەماوە، لەقۆناغی ئێستا پشتیان بەخۆكوژو دانانی تەقەمەنی مینو بۆمبی چێندراو بەستووە".