
دوای ئەوەی لەدانیشتنی ئەمرۆی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا بەزۆرینەی دەنگ بڕیاردرا چەند نوێنەرێكی رێكخراوەكان ئامادەی دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بن، KNN هەوڵ دەدات هاوڵاتیانی سلێمانی چەواشە بكات.
كەناڵی ئاسمانی KNN لەژێرنوسی هەواڵە بەپەلەكانیدا ئاماژە بەوە دەكات یەكێتی و خزمەت رێگەیان نەدا نوێنەری رێكخراوەكان ئامادەی دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بن، ئەم هەواڵەش چەواشەكارییە و دوورە لەروماڵكردنێكی پیشەییانەی رووداوەكان.
ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەزۆرینەی دەنگ و بە 17 دەنگ بریاریاندا نوێنەری رێكخراوەكان بتوانن ئامادەی دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا ببن، كەسەرجەمی فراكسیۆنەكان بەفراكسیۆنی پارتی و یەكێتی و هاوپەیمانی نیشتمانی و حزمەتیش دەنگیان بەم پێشنیارەداوە لەپێناو قەرەباڵغ نەبوونی هۆڵەكە.
لەبەرامبەریشدا پێشنیاری دووەم تەنها 11 دەنگی هێناوە كەتەنها لیستی گۆڕان دەنگی پێداوە كەئامادەبوونی سەرجەم رێكخراوەكانە، بەڵام ئەم پێشنیارە لەلایەن هیچ كام لەفراكسیۆنەكانی تری ئەنجومەنەكەوە بۆ پاراستنی ئارامی و هێمنی هۆڵەكە بەگونجاو نەزانرا و دەنگی پێ نەدرا.
لەكاتێكدا سەرجەم فراكسیۆنەكان ئامادەبونی سەرجەم رێكخراوەكانیان لەدانیشتنەكە رەت كردەوە، بەڵام كەناڵی ئاسمانی KNN بەشێوەیەكی ناپیشەیانە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە دەكات و دەنوسێت "یەكێتی و خزمەت رێگەیان نەدا نوێنەری هەموو رێكخراوەكان ئامادەبن"، یان دەنوسێت "فراكسیۆنەكانی یەكێتی و خزمەت پاساو بۆ ئامادەنەبوونی رێكخراوەكان دەهێننەوە"، لەكاتێكدا سەرجەمی فراكسیۆنەكان بەفراكسیۆنی پارتی هاوپەیمانە نوێیەكەی گۆرانیشەوە دەنگیدا ئامادەبوونی تەنها چەند نوێنەرێكی رێكخراوەكان، بەڵام ئەو كەناڵە خاتری هاوپەیمانەكانی دەگرێت و هەواڵەكە بەجۆرێك رادەگەیەنێت كەبەشێكی راستیەكان دەشارێتەوە.
هاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی خزمەت لەكۆبوونەوەكەدا بەراشكاوانە رایگەیاند لەگەڵ ئەوەدان رێكخراوەكان ئامادەبن بەڵام بۆ دروست نەبوونی قەرەباڵغی دەنگیاندا بەپێشنیاری ئامادەبوونی چەند نوێنەرێكی ئەو رێكخراوانە.