

وولات نێت/
نوری مالیکی جێگری سەرۆک کۆماری عیراق لە پارێزگای کەربەلا لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو،چەند پارێزگایەک لەئێستادا بەتەواوەتی لەلایەن دانیشتوانەکەیەوە چۆڵکراوەو بوونەتە سەربازگەی داعش.
وتیشی: لە ئێستادا چەکدارەکانی داعش سوود لەبڕیاری ڕاگرتنی بۆردومانەکان وەردەگرن و ڕێزەکانی خۆی ڕێکدەخاتەوە، چونکە ئەو شارانە تەنھا چەکدارەکانی داعشی تێدایەو ھاوڵاتیانی مەدەنی تێدا نەماوە.
لەبەرامبەردا حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراق، وەڵامی ڕەخنەکانی نوری مالیکی دایەوەو ڕایگەیاند: ڕاگرتنی بۆردومانکردنی ئەو شارانە بەو ئامانجەیە کە ڕێگە بەدانیشتوانەکەی بدرێت لەدژی چەکدارەکانی داعشدا بجەنگن و ئەو چەکدارانە لەشارەکانی خۆیان دەربکەن.
عەبادی باسی لەوەشکرد، چەندین وڵاتی دۆستی عیراق ئامادەیی خۆیان پێشانداوە بۆ ناردنی ھێزی سەربازی بۆ عیراق بەمەبەستی ڕووبەڕوبوونەوەی چەکدارەکانی داعش، بەڵام عیراق ئەو داواکارییانەی ڕەتکردۆتەوە.
چەند رۆژێک پێش ئێستا لەسەر داواکاری نوێنەرانی پێکھاتەی سوننە لە حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، حەیدەر عەبادی بڕیاریدا تا کاتێکی نادیار بۆردومانکردنی ئەو شارە سوننەنشینانەی کە ئێستا لەلایەن داعشەوە داگیرکراوە، ڕابگرێت.