
ووڵات نێت |
هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لەسنووری ناحیەی قەرەتەپە پیشڕەویان كردووە بۆ نزیك دەریاچەی حەمرین و چەند ناوچەیەكی ستراتیژی لەدەست چەكدارانی داعش دەردەهێنن.
محمد عومەر ئەفسەری هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری قەرەتەپە بە ئاژانسی (ئانادۆڵو)ی راگەیاند", لە ناوچەی بایزە كە سنووری جوگرافیای دەكەوێتە نێوان هەردوو ناحیەی قەرەتەپە و جەلەولا هێزەكانی پێشمەرگە پێشڕەوییان كردووە و بە تەواوی لە دەریاچەی حەمرین نزیك بونەتەوە.
محمد عومەر هەروەها گوتیشی ": چەند ناوچەیەكی ستراتیژی دیكەی وەك دەشتایی تبج و بایزە و دەیان گوندی سنووری ناحیەی قەرەتەپە لە دەست چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە (داعش) كۆنترۆڵكراون .
ئەو ئەفسەرەی پێشمەرگە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە چەكدارانی داعش توانای شەڕی رووبەروویان لەگەڵ پێشمەرگە نەماوە و لە ئێستادا چەكی دەستیان بۆمبی چێنراوە و دەیانەوێ لەو رێگەیەوە زیان بە هێزەكانی پێشمەرگە بگەینن.
لە ماوەی رابردوودا ناحیەكانی قەرەتەپە و جەلەولا، مەیدانی شەرێكی گەرم بووە، لەنێوان چەكدارانی داعش و هێزەكانی پێشمەرگە، بەڵام بەهۆی بۆردوومانی سەختی بنكە و موڵگەكانیان لە ئێستادا چەكدارانی داعش لە سنوری پارێزگای دیالە رۆژ بە رۆژ لاوازتردەبن و ئەو ناوچانەی كە كۆنترۆڵیان كردووە لەدەستی دەدەن.