نوێترین

recent

12/09/2014

جەفەنگ لەگەڵ کەناڵە ئاسمانیەکاندا

ساڵح میراودەلی..
‌کوردستان تیڤی.
‌ئەوەی ئێستا کوردستان تیڤی دەیکات کۆریای باکور لە کاتی گواستنەوەی هەواڵەکانی مۆندیالی ئەمساڵدا پێینەکراوە، خوا ڕەحمی پێمانکردووە میدیای دیکە هەیە دەنا بە قورعانی عەزیم واماندەزانی شەڕی چەتەکانی داعش پارتی وئەقرەباتی سەرۆک نەبێت کەس نایکات.
یاری ماراسۆن وەرزشێکی جیهانیە و جەماوەریشی زۆرە، وەک بیستوومە دەڵێن لەو مەنتیقانەی مەملەکەتی زەرد، گەورەترین ماراسۆنی مێژوویی ئەنجامدراوە، بەڵام ئەو کاتەی کوردستان تیڤی خەریکی خۆئامادەکردن بووە بۆ گواستنەوەی ڕاستەوخۆ، کارەبا بڕاوە، جەماعەتیش دەڵێن خەتای وەزیری کارەبا بووە، چونکە ئەو ڕۆژە پێش نانخواردنی قاوەڵتی لەبیری چووە بیسمیلایی بکات(لێکدانەوەی موحەلیلێک).
کەی ئێن ئێن.
دەڵێن بەهۆی پەسەندکردن و تێپەڕاندنی یاسای بڕینی بودجەی حزبەکان، تۆپخانەکەش پەکی کەوتووە پارەیان نیە بیدەنە باڕوت و ترەقە و قاوان و ئەدەواتی دیکەی چەلەحانێ و دەڵێن هەر ئەو دەردی بێ پارەییەش وای لە سەرۆکی تۆپخانەکە کردوە، سەری خۆی هەڵگرێ و کەس نەزانێ لەکوێیە.
هەندێکی دیکەش دەڵێن، لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، بەهۆی شیڕە شیڕی زۆرەوە، ژێکانی قوڕگیان لەبەرێک هەڵوەشاون، جەنابی سەرۆکیش بە ڕەحمی خۆی لەخەستەخانەیەکی سەری ڕەش ئەرکی نەشتەرگەری قوڕگی بۆ گرتوونە ئەستۆ، مخابن لەو ڕۆژەوەی بردویاننە ژووری عەمەلیات، دەنگ و ڕەنگیان نەماوە، دەڵێن بەنجی عامیان بۆ کردوون و پێناچێت بەنجەکەشیان خاو ببێتەوە، کەواتە دەبێ دوعای بەخێریان بۆ بکەین.
ڕوشاو، بمبورن ڕوداووووووووووووووووو.
یەکەمی بێ رکابەرە، دە تەواوی بکەن، دڵمان تەقی لەوەتەی هەن هەر وادەڵێن، ئاخر دەپێمان بڵێن لەچیدا یەکەمی بێ رکابەرن، لە ڕاستگۆییدا! دوور لە رووی ئەوان، لە بێلایەنیدا! ئەوەیان هەرنابێت، لە قەومیبووندا، باسی شتی وا هەرنەکەی دەنا تانکەرێک نەوتت پێدادەکەن و دەتسوتێنن، خوا نەیبڕێ قفڵ و کلیلی بۆریەکانی نەوت لای خۆیانە،ئەوەیان لەدەست دێت، لە خێراییدا، ئەوەیان تەواوە،خێرایی، لە دەستەمۆکردنی دووسەری بێ بیر ،بۆش بیر، لە بڵاوکردنەوەی درۆ و بوختان، خێرایی لە خزمەتگوزاریەکانی بۆ ئەو شوێنەی پارەی نەوتەکەی لێهەڵگیراوە.
کوردسات.
هەرجارەی دێتە سەر تاڵەبانی، هەواڵێک یان باسێکی تەندروستی و میوانەکانی دەکات لەکاتی سەردانی کردنیدا، دەڵێی وێنەی کابرایەکی بە بارمتە گیراو پیشاندەدات، چۆن دەزانم ئەو خوایە بە هەقە، ئەوهاش دەزانم، ئەگەر تاڵەبانی هۆشی وەک جاران بوایە ئەوەی لێ قبوڵ نەدەکردن.
ماڵتان ئاوا بێت بۆ کەمپینەکانتان، بەڵام ئەو کەمپینەی دواییتان نا ! ئاخر نا بۆچی، کاتێک دەتوانن بڵێن نا بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن و نەهێڵن ئەو شتە ڕوو بدات، بەڵام خوشکە ئێزدیەکانمان، پێش (نا) کەی ئێوە نرخی کڕین و فرۆشتنیان لە هەموو جێیەکدا بڵاوکرایەوە، ئەوەیە دەڵێن پاشی بارانان کەپەک.


Picsart-24-02-23-21-31-09-085