
ووڵات نێت/
لەوەڵامی بەرپرسێکی پارتی کە رایگەیاندبوو دەنگ بە کاندیدی گۆڕان دەدەن بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی، لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتی دەڵێت: ھەڵوێستی پارتی بۆ دەنگدان بە گۆڕان لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا ھەڵوێستێکی سیاسییە.
بروسک نوری شاوەیس ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی رایگەیاندبوو: ئەگەر پرۆسەی دیاریکردنی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بکەوێتە دەنگدانەوە، ئەوان بەڵێنیان داوە دەنگ بە گۆڕان بدەن.
ناوبراو ھۆکاری ئەو بڕیارەیانی گەڕاندەوە بۆ ئەو مامەڵەیەی یەکێتی کە لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ پارتی کردوویانە لە ئیدارەی سلێمانی و بە ھاوڵاتیی پلە دوویش ھەژمار نەکراون.
لەوەڵامدا لەتیف شێخ عومەر لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، رایگەیاند: ھەڵوێستی پارتی بۆ دەنگدان بەکاندیدی گۆڕان لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا ھەڵوێستێکی سیاسییەو ھیچ پەیوەندییەکی بەو شتانەوە نییە کە پاساوی بۆ دەھێننەوە.
ئەو بەرپرسەی یەکێتی راشیگەیاند: بەداخێکی زۆرەوە ئەو ھەستە لای برادەرانی پارتی دروستبووە وەکو بروسک نوری شاوەیس وتویەتی کە ئێمە وەک یەکێتی خوانەخواستوە ئەندام و لایەنگرانی پارتی لە سلێمانی وەکو ھاوڵاتی پلە یەک ئەژمار نەکردبێت، بۆیە ئەگەر ھەر کەموکورتییەک ھەبووبێت ئامادەین چارەسەری بکەین.
لەتیف شێخ عومەر ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی لە ھەولێر و دھۆک و ناوچانەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی پارتی، توشی کێشەی زۆر دەبن، وتی: بە بڕوای ئێمە لایەنگرانی پارتی لە سلێمانی زۆر بە کەمی توشی کێشە بوون.
سەبارەت بە رۆڵی لایەنە ئیسلامییەکانیش، لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە سلێمانی، ستایشی رۆڵی ھەریەک لە یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی کردو رایگەیاند، ئەوان نایانەوێت بەھۆی ھەڵوێستێکی ئەوانەوە لایەک ئەم ململانێیە یەکلابکاتەوە، ئەمەش لەبەرژەوەندی خەڵکی سلێمانییە.