
ووڵات نێت/
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت بۆ دانانی نوێنەرەکانی یەکێتی لەپۆستەکانی کابینەی ھەشتی حکومەتی ھەرێم مەکتەبی سیاسی کۆدەبێتەوە و بڕیاری لەسەر دەدات.
عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەلێدوانێکی تایبەتدا ڕایگەیاند:بۆ دانانی نوێنەرەکانی یەکێتی لەو پۆستە حکومیانەی کابینەی ھەشتدا کەتاوەکو ئێستا کەسی بۆ دانەنراوە، دەبێت لەکۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا بڕیاری لەسەر بدرێت و دواتر لەکۆبوەماندا لەگەڵ مەکتەبی سیاسی پارتی گفتوگۆی لەبارەوە بکەین، لەسەر پشکی یەکێتی و پڕکردنەوەی پۆستەکان لەکابینەکەدا.
لەبارەی ھۆکاری کۆنەبونەوەیان، لەگەڵ مەکتەبی سیاسی پارتی لەسەر ئەو پرسە، لەدوای پێکھێنانی کابینەی ھەشت، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وتی: پەیوەندی بەپێشھاتوو و ڕووداوەکانەوە ھەیە لەوانە شەڕی داعش و پێکھێنانی حکومەتی تازەی عیراق و بارودۆخی ناوخۆی یەکێتیش.
ئاماژەی بەوەشدا لەئایندەیەکی نزیکدا مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆدەبێتەوە و تیایدا ئەو پرسانە یەکلایدەکاتەوە کە پێویستیان بەبڕیاری ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ھەیە.
ماوەی چەند مانگێکە کابینەی ھەشتی حکومەتی ھەرێم پێکھاتووە و تاوەکو ئێستا زۆربەی پۆستەکانی وەک بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکان کە لەنێوان پارتە سیاسییەکاندا دابەشکراوە، بەکەسی دیکە پڕنەکراوەتەوە، لەنێویاندا چەند پۆستێک بەر یەکێتی کەوتووە و تائێستا نوێنەرەکانی بۆ ئەو یەکلاینەکردۆتەوە.