نوێترین

recent

10/09/2014

پێشنیارێكی نوێ بۆ نرخی بەنزین دەكرێت كە لەبەرژەوەندی هاوڵاتیانە!

ووڵات نێت |

سیروان محەمەد، سەرۆكی ژوری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی رەخنە لە نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی بەشداربوی پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگرێت‌و پێیوایە هێندەی موزایەدەی سیاسی بە قەیرانی بەنزینەوە دەكەن ئەوەندە هەوڵی جدی بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە نادەن.
سیروان محەمەد رایدەگەیەنێت كە دەبێت حكومەت‌و پەرلەمان تەواوكەری یەكتربن ،چونكە ئەو قەیرانە پەیوەندی بە ئابوری هەرێمەوە هەیەو ناكرێت بۆ موزایەدەی سیاسی بەكار بهێنرێت.
وتیشی  "بەشێك لە نوێنەری لایەنە سیاسیە بەشداربوەكانی نێو پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان هێندەی موزایەدەی سیاسی بەسەر قەیرانی بەنزینەوەدەكەن ،ئەوەندە هەوڵێكی ئابورییانەیان نەداوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ قەیرانەكە".
ناوبراو باس لەوەش دەكات كە حكومەت‌و پەرلەمان بۆچارەسەركردنی قەیرانی بەنزین دەبوو راوێژیان بە ژورە بازرگانییەكانی هەرێم و ئابوریناسان بكردایە،"چونكە ئەو قەیرانە پەیوەندی بە لایەنی ئابورییەوە هەیەو نابێت موزایەدە بە ئابوری هەرێمەوە بكرێت.
سیروان محەمەد ئاماژەی بەوەشدا چەندین وەبەرهێنەر هەیە كە داواكارییان پێشكەشكردوە بۆ دروستكردنی پاڵاوتگەی ستانداردی جیهانی، بەڵام تاوەكو ئێستا لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە وەڵامیان نەدراوەتەوە.
 سەرۆكی ژوری بازرگانی سلێمانی پێشنیار بۆ حكومەت و پەرلەمانی كوردستان دەكات كە دەتوانرێت لە بڕی ئەم بڕیارەی ئێستای حكومەت كە نرخی بەنزین كراوە بە 900 دینار، مانگانە بڕێكی دیاری كراو بەنزین بە نرخی 400 دینار بدرێت بە شۆفێران‌و ئەگەر هەر شۆفێرێكیش لەمانگەكەدا لەو بڕە بەنزینە زیاتری پێویست بوو، بەنرخی بازرگانی بیكڕێت.
ئەو پێوایە ئەم شێوازە بۆ چارەسەرەكردنی قەیرانەكە زانستیانەیەو خزمەت بە ئابوری هەرێم دەكات .
هەفتەی رابردوو بەبڕیارێكی پێشوەختی حكومەتی هەرێمی كوردستان نرخی لیترێك بەنزین لە 800 دینارەوە كرا بە 900 دینار‌و بەو هۆیەشەوە ناڕەزایی‌و خۆپیشاندان لەچەند شارێك‌و قەزاو ناحیەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەڕێوەچوو. 
Picsart-24-02-23-21-31-09-085