نوێترین

recent

14/09/2014

سلێمانی: باڵاخانەیەکی بازرگانی بە نایاسایی دروستدەکرێت

ووڵات نێت/


لەشاری سلێمانی بەناوی کردنەوەی باخچەو پارکی ئۆتۆمبێل بۆ ھۆڵێکی پرسەو بۆنەکان، باڵاخانەیەکی بازرگانی دروستدەکرێت، ھاوڵاتیانی ناوچەکەش دەڵێن" شارەوانی ھاوکاری ئەو کەسە دەکات لەبەر ئەوەی پلەی سەربازیی ھەیە.
لە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی، ھاوڵاتییەک کە بەرپرسیارێتی سەربازی ھەیە، مۆڵەتی دروستکردنی ھۆڵێکی پرسەو بۆنەکانی پێدەدرێت و دواتر بە بیانووی دروستکردنی پارکێکی وەستانی ئۆتۆمبیل لەسەر پارچەیەک زەوی کە دەکەوێتە تەنیشت ھۆڵەکە، باڵاخانەیەکی لەسەر دروستدەکات.
ھاووڵاتییەکی دانیشتوی گەڕەکی بەکرەجۆ کە داوایکرد ناوەکەی ئاشکرا نەکرێت، لەڕێگەی نامەیەکه‌وه‌ ئاڕاستەی بەرپرسانی شارەوانی سلێمانی کردووەو تێیدا داوا دەکات چیتر بەرپرسانی حزبی و سەربازی لە سنوری بەکرەجۆ زەوی داگیر نەکەن ومافی گشتی بۆ خۆیان قۆرغ نەکەن.
لەوبارەیەوە یوسف یاسین سەرۆکی شارەوانی سلێمانی ڕایگەیاند: پێشتر ئەو کەسە موڵەتی دروستکردنی ھۆڵێکی پرسەو بۆنەکانی لەسەرۆکایەتی شارەوانی وەرگرتووە، بەڵام دواتر زەوییەک کە دەکەوێتە تەنیشت ئەو ھۆڵە، لەلایەن شارەوانییەوەو لەسەر داوای خۆی دیاریکرا بۆ پارکی ئۆتۆمبێل، بەبێ ئەوەی لە ناوەڕۆکی داواکارییەکە ھیچ داواکارییەکی ھەبێت لەسەر چۆنێتی دروستکردنی پارکی ئۆتۆمبێلەکە.
وتیشی: شارەوانی بەکرەجۆ بەنوسراوێک ئاگاداری کردووینەتەوە کە ناوبراو لەئێستادا بە پایە سەرقاڵی دروستکردنی باڵەخانەیەکە، کە بەپێی زانیارییەکان دروستکردنی ئەو بینایە بۆ باڵەخانەی بازرگانی ئامادەکراوە.
عومەر عەینایەت سەرۆکی لیژنەی شارەوانی لەپەڕلەمانی کوردستان، سەبارەت بەو زیادەڕەوییە وتی: لەلایەن دانیشتوانی بەکرەجۆوە لەدیاردەیەکی زیادەڕەوەی ئاگادارکراینەوە و دوای کۆکردنەوەی زانیاری لەو بارەیەوە، بریکاری وەزیری شارەوانی و شارەوانی بەکرەجۆمان ئاگادارکردەوە کە ڕێگری لەوکارە بکرێت.
راشیگەیاند: دیاردەی داگیرکردنی زەوی لەلایەن بەرپرسانی حزبی و حکومی بەردەوامەو بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەڕلەمان یەکەم یاداشتی لیژنەکەمان لەسەر ئەو کارە پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەڕلەمان دەکەین، کە دیارترینیان ئەو زیادەڕەوییەیە کە لە بەکرەجۆ کراوە.

gellerytitle
Picsart-24-02-23-21-31-09-085