نوێترین

recent

14/09/2014

داواده‌کرێت دەسەڵاتی پەرلەمانتاران زیاتر بکرێت

ووڵات نێت/

بەمەبەستی باشتر بەڕێوەچوونی کارەکانیان، پەرلەمانی کوردستان لیژنەیەک بۆ ھەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ پێکدەھێنێت و پەرلەمانتارێکیش ڕایدەگەینێت: دەبێت دەسەڵاتەکان دیاری بکرێت.
ماوەی چەند ساڵێکە داوا دەکرێت پەڕیەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، کە ماوەی ٢٢ ساڵە کاری پێدەکرێت، ھەمواربکرێتەوە، لەئێستاشدا پەرلەمان سەرگەرمی ھەموارکردنەوەی ئەو بڕگانەی پەیڕەوەکەیە کە لەگەڵ سروشتی کاری ئێستای پەرلەماندا ناگونجێت.
تەلار لەتیف ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی یەکێتی لە لێدوانێکدا  رایگەیاند: پێش دەستبەکاربوونی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ھەوڵێک بۆ ھەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ لە ئارادابوو، بەڵام ئێستا لیژنەی ھەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ بەفەرمی دەستی بەکارەکانی کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ھەفتەی ڕابردوو سەرۆک و جێگر و بڕیاردەری لیژنەی ھەموارکردنەوەی پەرلەمان ھەڵبژێردران و تائێستاش نزیکەی (٢٥) مادە لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ھەموارکرداوەتەوە و پێشبینیش دەکرێت لەماوەیەکی کەمدا تەواوی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ھەمواربکرێتەوە.
دەربارەی سوودەکانی ھەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ئەو پەرلەمانتارە وتی: لەدوای ھەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، پەرلەمانتاران دەسەڵاتی زیاتریان دەبێت و دەتوانن بە باشی کاری چاودێری بەسەر دامودەزگاکانی حکومەتدا جێبەجێ بکەن.
ئاشکراشیکرد، لەھەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا، پێناسەی لیژنەکان دیاری دەکرێت و ھەروەھا لیژنە نوێیەکانیش کە لەپەیڕەوی ناخۆدا بوونیان نییە، باسیان لێوەدەکرێت و پێناسەی تایبەت بەخۆیان دەبێت.
پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان کە لە ساڵی ١٩٩٢ دەرچووەو تائێستاش گۆڕانکاری بەسەردا نەھاتووە، بەوتەی پەرلەمانتاران، رێگری لەبەردەم کارەکانیان دروستدەکات و ھەموارکردنەوەشی لە بەرژەوەندی کاری پەرلەمانتارییە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085