
ووڵات نێت |
لە پەیامێكیدا كە بە بۆنەی 53-یەمین ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولە بڵاویكردۆتەوە، مەسعود بارزانی ڕایدەگەیەنێت، "جێگەی شانازییە ئێستا یەكڕیزی و یەكدەنگییەكی تەواو لەنێو هێزە سیاسییەكانی كوردستاندا هەیە و پشت بە خودا و ئیرادەی گەل و هێزی پێشمەرگە، قۆناخی شەڕی دژی هێزە تاریكبین و شەڕانگێزەكان بە سەركەوتوویی تێدەپەڕێنین."

بارزانی بە گەلی كوردستان ڕادەگەیەنێت: كە هیچ ڕووداو و كارەساتێك نابێتە هۆی ئەوەی گەلی كوردستان لە داوا ڕەواكان و مافە نەتەوەییەكانی پاشەكشە بكات.
دەقی پەیامی مەسعود بارزانی بە بۆنەی پەنجاوسێ ساڵەی شۆڕشی ئەیلوول
بە ناوی خودای مەزن و دلۆڤان
لە كاتێكدا یادی پەنجاوسێ ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەكەینەوە كە گەلەكەمان لە شەڕێكی چارەنووسسازدایە و پێشمەرگە قارەكانمان بە نوێنەرایەتیی هەموو جیهانی ئازاد لەدژی تیرۆریستان دەجەنگن و گەلی كوردستان بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادات تیرۆر و داگیركاری بەسەر ئیرادەیدا سەربكەوێت. بڕوابەخۆبوون و ڕەتكردنەوەی زوڵم و داگیركاری هەوێنی سەرەكیی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو و بەها و كولتووری ئەم شۆڕشەیە وای كرد لە قۆناخەكانی دیكەی شۆڕشدا گەلی كوردستان لە خەبات و كۆڵنەدانی بەردەوام بێت و دەستكەوت و سەركەوتنی مەزنیش تۆمار بكات. ئێمە ئێستایش دەبێ بە هەمان گیانی بڕوابەخۆبوون و لەپێناو (كوردستان یان نەمان)ـدا لە دژی شەڕانگێزی و تیرۆریست و داگیركاری بجەنگین و هەموو بستە خاكێكی كوردستانیان لێ پاك بكەینەوە.
لە شۆڕشی ئەیلوولدا گەلی كورد پشتی بە ئیرادە و توانا و بڕواكانی بەست و بە بەشداریی هەموو چینوتوێژەكان و بە یەكڕیزی توانی ناسنامە و بوونی خۆی بپارێزێت و ئیرادەی دوژمنان بۆ نەهێشتنی كورد تێك بشكێنێت. لەم یادە پیرۆزەدا پێویستە هەموومان بۆ بەها و ئامانجەكانی گەورەترین شۆڕشی كوردستان كە شۆڕشی ئەیلوولی 1961ـە بگەڕێینەوە و بیكەینە چرای ئەو قۆناغەی ئێستا تێیدا دەژیین. لە شۆڕشی ئەیلوولدا گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی توانی بنەماكانی پێكەوەژیان بكاتە سەرمەشقی ژیانی سیاسیی خۆی و ئەو جەنگەی ئێستا لە دژی تیرۆر دەیكات بۆ پاراستنی ئەو بەها و پڕەنسیپە ئازادیخواز و ئاشتیانەیە كە لە شۆڕشی ئەیلوول بەردی بناخەی بۆ دانرا.
جێگەی شانازییە ئێستا یەكڕیزی و یەكدەنگییەكی تەواو لەنێو هێزە سیاسییەكانی كوردستاندا هەیە و پشت بە خودا و ئیرادەی گەل و هێزی پێشمەرگە، قۆناغی شەڕی دژی هێزە تاریكبین و شەڕانگێزەكان بە سەركەوتوویی تێدەپەڕێنین. لەم یادە پیرۆزەدا بە پێویستی دەزانم كە بە گەلی سەربەرزی كوردستان ڕابگەیێنم كە هیچ ڕووداو و كارەساتێك نابێتە هۆی ئەوەی گەلی كوردستان لە داوا ڕەواكان و مافە نەتەوەییەكانی پاشەكشە بكات. پەلاماری تیرۆریستان و ئەو كارەسات و ناخۆشییەی بەسەر كوردانی ئێزدی و خوشك و برا مەسیحییەكان و گەلی كوردستاندا هات ڕەوایەتیی زیاتری مافە نەتەوەییەكانمان پێشان دەدات و پێویستە هەموومان مكوڕتر و پێداگیرتر بین لە یەكڕیزیی نێوانمان و مسۆگەركردنی هەموو ئەو مافانەی گەلی كوردستان دەیان ساڵە لە پێناویدا خەبات دەكات. ڕووداوەكانی ئەم دواییە و پەلاماری تیرۆریستانی دڕندە و دوژمنانی ئازادی دەبێ زیاتر هانامان بدات كە هەموومان پێكەوە پەرژینێكی پۆڵایین بۆ گەلەكەمان دروست بكەین كە كوردستان لە ئاگری ڕق و كینەی ناحەزانی بپارێزرێت.
هەر لەم یادە پیرۆزەدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی ئەو شەهیدە سەربەرزانە دەنێرین كە لە شەڕی دژی تیرۆریستان گیانی خۆیان فیدای كەرامەت و شكۆی گەلەكەیان كردووە و سەرەخۆشی لە خانەوادەكانیان دەكەم. سوپاسی خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم كە شەو و ڕۆژ چاونەترسانە بەرگری لە خاكی وڵاتەكەیان دەكەن.
بژی كوردستان
نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
10ـی 9ـی 2014