نوێترین

recent

18/08/2014

داعش هه‌ره‌شه‌ ده‌كات : هه‌ركه‌س به‌ده‌ستی كچ و ژنه‌ گه‌ریلا بكوژرێت به‌شه‌هید هه‌ژمار ناكرێت

وولات نێت |

تائێستا بارودۆخی ئەمنی قەزای شنگال وەک خۆی ماوەتەوە، بەرپرسێکی یەکیتیش دەڵێت، لەئێستادا داعش ھەڕەشەکانی بۆسەر گەریلاکانی پەکەکە دەستپێکردووە.
خەیری شنگالی جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی نەینەوای یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند، لەئێستادا زۆربەی چەکدارانی داعش کە لە ناوەندی قەزاکە ماونەتەوە، ترسێکی زۆریان لەگەریلاکانی پەکەکە ھەیە، بەھۆیەشەوە ھەڕەشەیان لەو گەریلایانەی سنوری شنگال و دەوروبەری کردووە.
وتیشی" ھەڕەشەکردن بۆسەر گەریلاکانی پەکەکە لەلایەن داعشەوە بەردەوامە، چونکە داعش ترسێکی زۆری لەگەریلاکان ھەیە، لەبەرئەوەی گەریلاکان ڕاستەوخۆ ھێرش دەکەنە سەر چەکدارانی داعش و بەردەوام چالاکی دەکەن دژ بەچەکدارانی داعش.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لەئەمیرەکانی داعش بەھێزی تیرۆرستانی وتووە ھەرکەسێک بەدەستی  ژن و کچانی  گەریلاکان بکوژرێت ئەوا بەشەھید ئەژمار ناکرێت و جێگەی دۆزەخە، وتەی ئەو ئەمیرەش وای کردووە داعشەکان ترسێکی زۆریان لەگەریلا ژنەکانیش ھەبێت".
وتیشی" بارودۆخی ئەمنی شنگال وەک خۆی ماوەتەوە بەھەزارن ئاوەرە لەشنگال جێگیربوون و چیاکەیان بەجێنەھێشتووە، ھیچ پێشکەوتنێکیش لەئارادا نییە، ئێمەش لەچاوەڕوانی سەرھەڵدانی گۆڕانکاری نوێداین، ئەو کەسانەش کەڕفێنراون لەلایەن چەکدارانی داعشەوە باس لەوەدەکرێت بەشێکیان ئازاد کراون، بەڵام ئێمە لەسەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو ئەوەمان بۆ پشت ڕاستنەکراوەتەوە".
خەیری شنگالی جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی نەینەوای یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئەوەشی ئاشکراکرد، دوێنێ پەیوەندی بەکچێکی ڕفێندراوی ئێزیدیەکانەوە کردووە لەگیارە، لەپەیوەندیەکەدا ئەو کچە ڕایگەیاندووە، ئەوان نزیکەی (١٨٥) ڕفێنراون، چەکدارانی داعش پێیان وتوون دەتان بەین بۆ شنگال و بەمەبەستی ئازاد کردنتان.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085