

بەرپرسێكی كورد ڕایدەگەیەنێت: ئومێدەوارین گۆڕینی كەسەكان ببێتە هۆی گۆڕینی سیاسەت و كاری حكومەت.
د. محەمەد ئیحسان ؛سەرۆكی دەستەی ناوچە دابڕاوەكانی كوردستان؛ بە (تۆڕی میدیایی خەڵك) ی ڕاگەیاندوه" ئومێدەوارین گۆڕینی كەسەكان ببێتە هۆی گۆڕینی سیاسەت و سیستمی حكومەت و بۆچوونەكانیان لە نێوان هەرێم و بەغداد، بۆ ئەوەی عەبادی سەركەوتوو بێت لە كارەكانی و چارەسەركردنی كێشەكان".
د. محەمەد ئیحسان، كە بۆ ماوەیەكی زۆر بەرپرسی نوسینگەی بەغدادی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە، وتیشی:" ئەگەر عەبادی بۆچوونی جیاوازی نەبێ و كێشەكان چارەسەر نەكات، ئەوا سیاسەتەكانی مالكی دووبارە دەبێتەوە و كێشەكان زیاتر قوڵ دەبنەوە و بەردەوام دەبن هەم دژی خۆیان هەم دژی هەرێمی كوردستان، بۆیە هیوای ئەوە دەخوازین كەوا شتێك لە هەڵەكانی پێشوو فێربووبین و كێشەكان چارەسەر بكرێن.
ئەوەشی خستە ڕوو، "ئێمە ئێستا لەو جێگاوە دەست پێ دەكەین كەوا لێی وەستاوین، وەك ماددەی 140 نەوەك بگەڕێینەوە بۆ خاڵی سفر، تەنها خۆمان ئامادە دەكەین بۆ ڕاپرسی و بە دڵنیاییەوە لە ناوچەكانی ماددەی 140 كورد ناگەڕێتەوە دواوە".